راپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی سبەی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری دەکات

2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

سبەی

بەپێی راپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ژمارەی پێشبینیکراوی کورسی پارتە کوردییەکان، پێشبینی ژمارەی کورسی و دەنگی پارتە سیاسییە بەشدارەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکانیانی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانی دیاریکردووە.

هێشتا پارتی و یەکێتی دەنگی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە دەبن، بەڵام چانسی هێزەکانی دەروەی پارتی و یەکێتی، لەناو دەنگی شاراوە و خۆڵەمێشیدا بەرزە؛ بەتایبەت دوابەدوای ئەم ڕووداوانەی سلێمانی و کوردستان بە گشتی؛ خەڵکی ناڕازی، یان دەره‌وەی دوو پارتی دەسەڵاتدار، بە ئاسانی دەنگەکان و ئینتیمای خۆیان ئاشکرا ناکەن. ئەوەش بەپێی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی.

 ڕاپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لەبارەی بۆچوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کەرکوک، نەینەوا و سنوری ماددەی 140 ده‌رباره‌ی سێ پرسی سەرەکی: کاریگەریی قەیرانی ئابووری و مووچە لەسەر دەنگدان، ئاستی متمانە بە پرۆسەی سیاسی و پارتەکان، هەروەها هۆکارەکانی پشت بڕیاری دەنگدەران.

دەرەنجامە سەرەکییەکانی راپرسییەکە ده‌ریده‌خه‌ن، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە دۆخی ئابووری، به‌ڵام پارتە دەسەڵاتدارەکان هێشتا بنکەیەکی جەماوەریی فراوان و بەهێزیان هەیە.

ئامانجی سەرەکی راپرسییەکە بۆ زانینی کاریگەریی لێکەوتە ئابوورییەکان (قەیرانی دارایی و مووچە) لەسەر ئاستی بەشداری و شێوازی دەنگدانی هاوڵاتیان. ئاستی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەکان، چ دەسەڵاتدار و چ ئۆپۆزسیۆن. هۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کاریگەر لەسەر بڕیاری دەنگدەر، بەتایبەت ڕۆڵی خێڵ و عەشیرەت.

راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لە رێکەوتی 1/9/2025 تا 2/10/2025 لەلایەن تیمێکی پێنج کەسییەوە ئەنجامدراوە. سەرجەم بەشداربووانی ڕاپرسییه‌كه‌ کورد بوون و لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژێردرابوون، کە 229 کەسیان لە ناوچە جێناکۆکەکان بوون.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، 11%ـی بەشداربووان هێشتا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، یان دەریان نەکردووە؛ كه‌ زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی و پاشان هەولێر دێت.

کاریگەریی مووچە و قەیرانی ئابوری لەسەر هەڵبژاردن

دەرەنجامێکی دیکە دەری دەخات، گرفتی مووچە و قەیرانی ئابووری کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر بیرکردنەوەی دەنگدەران هەیە و وەک گرنگترین پرس لەلایەن زۆرینەی بەشداربووانەوە دەستنیشان کراوە. کێشەی مووچە وەک گرنگترین بابەت و کاریگەرترین هۆکار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەستنیشانکراوە، 35.7%ی بەشداربووان ئەمەیان وەک کاریگەرترین هۆكار دەبینن. 74.6%ـی بەشداربووان به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، کە ئەمە نیشاندەری ئاستێکی بەرزی بەشداری چاوەڕوانکراوە.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لە دۆخی ئابووری، پارتە دەسەڵاتدارەکان هێشتا خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی فراوانن. ئاستێکی به‌رز لە بێمتمانەیی بەرامبەر بە پرۆسەی هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەکان (بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن) لەنێو هاوڵاتیاندا بوونی هەیە.

کورسی و دەنگی لایەنەکان

بەپێی دەرەنجامەکانی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێژه‌ی 41.6% له‌پێشه‌وه‌ی لیسته‌كانی تر دێت، بەڵام ڕێژەیەکی بەرزی نادڵنیایی (25.4%) ده‌بینرێت، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەبێت. هه‌روه‌ك لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پلەی دووەم دێت بە ڕێژەی 31%.

وەک لە داتا گشتییەکاندا ئاماژەی پێکرا، دۆخی ئابووری و پرسی مووچە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. زۆرینەی هاوڵاتیان ئەم پرسە بە هۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ هەڵسەنگاندنی حکومەت و بڕیاردان لەسەر دەنگدان.

چانسی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی

چانسی هێزەکانی دەروەی پارتی و یەکێتی، لەناو دەنگی شاراوە و خۆڵەمێشیدا بەرزە؛ بەتایبەت دوابەدوای ئەم ڕووداوانەی سلێمانی و کوردستان بە گشتی؛ خەڵکی ناڕازی، یان دەره‌وەی دوو پارتی دەسەڵاتدار، بە ئاسانی دەنگەکان و ئینتیمای خۆیان ئاشکرا ناکەن! 

بەشێک لە دەنگدەران لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە دەنگ دەدەن، لە کاتێکدا بەشێکی تر لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی ماددی، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندان. ئەمە ئەو تێزە پشتڕاست دەکاتەوە، کە سیاسەت لە هەرێمی کوردستان تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە نێوان قەناعەتی سیاسی و پەیوەندییە باوه‌كان.

دەرئەنجام

ڕاپرسییەکە وێنەیەکی فرەڕەهەند و ئاڵۆزی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئاشوبی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەخاتەڕوو. لەلایەک، قەیرانی ئابووری و پرسی مووچە بوونەتە چەقی نیگەرانییەکانی خەڵک و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە، پارتە دەسەڵاتدارەکان بەهۆی کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و بەکارهێنانی هاوپشتی و تۆڕی کۆمەڵایەتی، هێشتا توانای کۆکردنەوەی دەنگیان هەیە.

بێمتمانەیی بەشێک لە هاوڵاتیان بە پرۆسەکە و کێشەی نەبوونی کارتی دەنگدان لەلایەن ڕێژەیەکی زۆره‌وه‌، دوو ئاڵنگاریی سەرەکین، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر ڕێژە و شەرعیەتی هەڵبژاردنەکە دابنێن. 

لەکۆتاییدا، داتاكان دەریدەخەن، کە دەنگدەری کورد لە نێوان "نیگەرانی لە بژێوی ژیانی و دڵسۆزی بۆ لایەنە سیاسییەکان و کاریگەریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا" بڕیار دەدات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی