
لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید
سبەى
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دوورخستنەوەى نزیکەى 850 کاندیدى لە کێبڕکێی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند، پێش کەمتر لە هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسییدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامارى کۆتایی کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن حەوت هەزار و 744 کاندیدە و 848 کاندید دووخراونەتەوە.
کاندیدى هاوپەیمانێتییەکان زۆرترین ژمارەى کاندیدەکان پێکدەهێنن کە زیاتر لە 4 هەزار کاندیدە، پاشان حزبەکان بە زیاتر لە 3 هەزار کاندید، تاکەکەسى 75 کاندید، کە 22 کەسیان کێبڕکێی کورسییە گشتییەکان دەکەن، ئەوانەى تریش کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاکان دەکەن.
هەروەها کاندیدى پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 19 کاندیدى مەسیحى، 14 سابیئەى مەندائی، 7 کاندیدى ئێزیدى، 4 کاندیدى شەبەک، 9 کاندیدى فەیلى.
لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، پاشان نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە.
چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لیستێکی نوێی ئەو کاندیدانە ئاشکرابکات کە لە هەڵبژاردنەکان دوردەخرێنەوە، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار.
بەوتەى سەرچاوەکە کە بۆ میدیا عێراقییەکان قسەیکردووە "ئەو لیستە، کە بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە، ناوی هەندێک کاندید لە لیستە گەورەکان لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا بازرگان و خاوەنکار، هەروەها چەند کەسایەتییەکی سیاسی ناسراو".
سەرچاوەکە پشتڕاستی کردەوە "هۆکارەکانی بێبەشکردنی ئەو کاندیدانەی کە بڕیارە ناویان ڕابگەیەنرێت بەهۆى سەرپێچیکردنی مەرجی ڕەفتاری باش و ساختەکردنی بەڵگەنامەی پەروەردەیی و هۆکاری دیکەوەیە".
دەنگەکانیان هەژمار ناکرێت
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەختدەکاتەوە دەنگى کاندیدە دوورخراوەکان بۆ لیستەکان هەژمار ناکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەیەکى تایبەتمەندى راسپاردووە کە رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى 30ى تشرینى یەکەم بە "سبەى" راگەیاند، ئەو کاندیدانەى لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوورخراونەتەوە بەهیچ شێوەیەک دەنگەکانیان هەژمار ناکرێت، دەنگەکە بۆ لیستەکەش ناگەڕێتەوە و هەژمار ناکرێت.
وتیشى فەرمانگەی پڕۆسەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی راسپێردراوە بۆ ئەژمارنەکردنی ئەو دەنگانەی کە ئەو کاندیدانە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستی دەهێنن.
ئامارەکانى کۆمسیۆن دەریدەخەن، زۆرترین کاندید بەهۆى گرتنەوەى رێوشوێنەکانى تایبەت بە لێپرسینەوە و دادوەرى کە تایبەتن بە ریشەکێشکردنى بەعس دوورخراونەتەوە، ئەوانەى دیکە بە تۆمەتى جۆراوجۆرى وەک تاوانکاریی، ساختەکردنى بڕوانامە و بەڵگەنامە و نەبوونى کەسایەتى باش دوورخراونەتەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشکراوە بەسەر 18 بازنەدا و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە، بۆ دابەشکردنی دەنگەکان بۆ کورسی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراوی 1.7 پەیڕەو دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سیستمەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023 پەیڕەوکرا.
