
سبەی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، مشتومڕەكانی سەبارەت بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق یەكلایی كردەوە، رایدەگەیەنێت كڕینی كارتی دەنگدان لەسەردەمی پەنجەمۆردا بێمانایە.
بەوتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەستەمە، لەكاتێكدا چاودێری و لایەنی تەكنیكی لەم هەڵبژاردنەدا زۆر پێشكەوتووە.
لەوبارەیەوە، عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیا عێراقیەكانی راگەیاندووە:"رێوشوێنە تەكنیكی و هونەرییەكان كە ئێستا پشتیان پێ دەبەسترێت، وادەكات ئەستەم بێت یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە بكرێت، یاخود بەشێوەی نایاسایی كاریگەری بخرێتەسەر، وەكو كڕینی كارتی دەنگدان".
ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتیشی "سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق لەم خولانەی دواییدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش متمانەی گشتیی زیاتر دەكات و شەفافیەتیش دەستەبەر دەكات".
بەوتەی عیماد جەمیل "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە زنجیرەیەك قۆناغی تەكنیكی و چاودێری چڕدا تێدەپەڕێت، لە دەنگدانەوە دەستپێدەكات، دواتر جیاكردنەوە و ژماردنی ئەلكترۆنی و دەستیی، دواتر دەگاتە وردبینی لە داتاكان، دواتریش ناردنی لە رێگەی تۆڕێكی پارێزراوەوە كە بەتەواوەتی داخراوە".
جەمیل جەختیشدەكاتەوە "رێوشوێنە چەسپێنراوەكان رێگری دەكات لە تێپەڕبوونی هیچ پەڕەیەكی دەنگدان كە ناتەبا بێت، جگە لەوەی ناكرێت كارتێكی دەنگدان بەكاربهێنرێت كە هاوتا نەبێت لەگەڵ پەنجەمۆری بایۆمەتری دەنگدەر و داتا تۆماركراوەكان".
"هەوڵەكانی كڕینی كارتی دەنگدان رەفتارێكی بێمانا و بێسوودە، چونكە كارتی دەنگدان بەتەنها ناتوانرێت بەبێ پەنجەمۆری بایۆمەتری دەنگدەر دەنگی پێبدرێت، جگە لەوەی پرۆسەی جیاكردنەوە و وردبینی دەستیی دەنگەكان لەژێر چاودێری چڕدایە لەلایەن نوێنەرانی حزبەكان و چاودێرانی ناوخۆیی و بیانییەوە، ئەمەش وادەكات هەر یاریكردنێك بە دەنگەكان ئەستەم بێت". عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق.
بەوتەی عیماد جەمیل، "كۆمسیۆن بە وردی چاودێری هەر گومانێك دەكات كە پەیوەست بێت بە بانگەشەكردن بۆ كڕینی كارتی دەنگدان و بازرگانیكردن پێوەی، ئەو كردارە وەكو تاوانی هەڵبژاردن سەیر دەكرێت و لەڕووی یاساییەوە سزای هەیە".
وتەكانی ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن لەكاتێكدایە، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر بووە كە رۆژی 11-11-2025 ئەنجام دەدرێت و چەند رۆژێكی ماوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی هەواڵەكان سەبارەت بە كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە لە بەشێك لە ناوچەكانی عێراق.
