
عەباس عەراقچی
سبەی
وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا دەربری،هاوكات دووپاتیشیكردەوە متمانەكردن بە ئەمەریكا لە ئێستادا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەكانی پێشوو كەم بووەتەوە، دەشڵێت "دانوستان دەبێت قازانجی هاوبەشی بۆ هەر دوو وڵات بەدوادا بێت".
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی بەشداری لە كۆبوونەوەیەكدا رایگەیاند:"ئێران ئامادەیە بۆ دانوستانی یەكسان و شەرەفمەندانە لەگەڵ ئەمەریكا، بەڵام ئەزموونی باشی لە دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نییە". ئاماژەی بەوەشكرد، دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا دەبێت "قازانجی هاوبەش بە تاران و واشنتۆن بگەیەنێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە ئەزمونی نەرێنی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا راشیگەیاند كە لە سەردەمی ئیدارەی ئیبراهیم رەئیسیدا "لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا رێككەوتنێك كرا بۆ ئازادكردنی چەند ئەمەریكییەكی زیندانیكراو لە ئێران لە بەرامبەر ئازادكردنی نزیكەی حەوت ملیار دۆلار پارەی بلۆككراوی وڵاتەكەی، بەڵام لە ئەنجامدا سەرەتا پارەكە لە كۆریاوە گواسترایەوە بۆ قەتەر و حەوت ملیاریان كرا بە شەش ملیار دۆلار، ئێمە زیندانییەكانمان ئازاد كرد، بەڵام پارەكە جارێكی دیكە بلۆك كرایەوە".
عەراقچی لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا دووپاتیكردەوە " ئێران هەمووكات گرنگی زیاتری بە دانوستان داوە مەگەر ئەو كاتەی دانوستان تێچووەكەی لە جەنگ زیاتر بێت".
لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، سێ رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێسی ئەمەریكی رایگەیاند، ئێران بەدوای رێككەوتندایە لەگەڵ ئەمەریكا.
پێشتر سەركردەكانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، داوای دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا و دەستپێكردنەوەی چاودێریكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانیان كردبوو.
هەر لەو پەیوەندییەدا عەراقچی لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بەوەی ئایا كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازە لە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمیدا بمێنێتەوە، وتی: "بڕیاری ئێمە ئەوەیە كە لەم پەیماننامەیەدا بین و پابەند بین پێیەوە، چونكە هێشتا فەتوای رێبەری ئێرانمان لەبەردەستە كە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی قەدەغە كردووە".
ئەوەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداریدا لەوەی ئێران دەبێت "بە جددی" هاوكارییەكانی لەگەڵ پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باشتر بكات بۆ ئەوەی گرژییەكانی تاران و وڵاتانی رۆژئاوایی پەرەنەستێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە پرۆسەی بڕیاردان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەكەی وتی:"بڕیاردان لە ئێران لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەدرێت و وەزارەتی دەرەوەش جێبەجێكاری ئەو بڕیارانەیە".
عەباس عەراقچی جەختیشی لەوە كردەوە "رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دواجار بەڕێوەبەرایەتی سەرەكی سەرجەم بڕیارەكان لە وڵاتەكەدا دەكات".
بەپێی یاسایەك لە ژێر ناونیشانی "مەرجی حكومەتی ئێران بۆ راگرتنی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" كە رۆژێك دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەكە پەسەندكرا، پێویستە حكومەتی ئێران بۆ هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، مۆڵەت لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وەربگرێت.
