
سبەی
لە هەنگاوێکدا بە ئاراستەی کەمبوونەوەی پشت بەستن بە نەوت لە پیشەسازی پلاستیکدا، زانایانی روسیا پەرەیان بە پلاستیکێک داوە، کە لە رووەک بەرهەم دەهێنرێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە زوو شیدەبێتەوە، بە پێچەوانەی بەرهەمە پلاستیکییەکانی ئێستا، کە زیاتر لە 100 ساڵیان پێویستە بۆ شیبوونەوە.
لە گۆڤارێکی زانستیدا بەناوی "پۆلیمەر و ژینگە" بڵاوکراوەتەوە، زانا کیمیاییەکانی روسیا پلاستیکێکی نوێیان دروستکردووە، کە زوو تێکەڵی سروشت دەبێتەوە، واتە زوو شیدەبنەوە، لە کاتێکدا کەرەستە پلاستیکییەکانی ئێستا بە گشتی، لە پۆلیمەرە وەرگیراوەکانی نەوت دروست دەکرێن و شیبوونەوەیان زیاتر لە 100 ساڵ دەخایەنێت.
کەمبوونەوەی سەرچاوە سرووشتییەکانی زەویی، لە سەدەی داهاتوودا مرۆڤایەتی رووبەڕووی مەترسی کەمیی، یان تەنانەت تەواوبوونی ئەو کەرەستە خاوانە دەکاتەوە، کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای بنەڕەتی. بەڵام زانا روسییەکان لە کاتێکی گونجاودا، پلاستیکە نوێیەکەیان بەرهەم هێناوە، کە لە دار و پاشماوەی کشتوکاڵی ریسایکلین کراو دروست دەکرێت.
بۆگدان کارلینسکی، کە بەشداری لە دۆزینەوە نوێیەکەدا کردووە دەڵێت، پلاستیکە نوێیەکە پێویستی بە پەرەپێدانی زیاتر هەیە. سەبارەت بە گرنگی دۆزینەوەکەش دەڵێت هاوشێوەی وزەی نوێبووەوە وەکو وزەی خۆر، مرۆڤایەتی پێویستی بە کەرەستی نوێبوەوەیە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەکان لە سروشتدا کەمدەبنەوە.
کارەکە، واتە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە رووەک. لە تاقیگەیەکی کیمیایی سەر بەزانکۆیەکی حکومی روسیا ئەنجامدراوە، کە لە ساڵی 2022دا بەمەبەستی تاقیکردنەوە زانستییەکان دامەزراوە. توێژینەوەکەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ئەو وڵاتە پشتگیری دارایی کراوە.
