یەكێتی نایەتەپێش بۆ رێككەوتن؛ شاندی دانوستانكاری پارتی ئەو پۆستانە ئاشكرادەكات كە ئامادەبووە بە یەكێتی بدات

#پارتی#یەکێتی#حکومەت#پەرلەمان#هەرێمی کوردستان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێك لەبارەی دانوستانەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاودەكاتەوە، كە تایبەت بوون بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت، پارتی دەڵێت "یەكێتی نایەتەپێش بۆ رێككەوتن" و ئەو پۆستانەش ئاشكرادەكات كە ئامادەبووە بە یەكێتی بدات.
  • دوای زیاتر لە ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و زیاتر لە 20 كۆبوونەوە، پارتی و یەكێتی نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت  و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
Primary Asset

سبەی

شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێك لەبارەی دانوستانەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاودەكاتەوە، كە تایبەت بوون بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت، پارتی دەڵێت "یەكێتی نایەتەپێش بۆ رێككەوتن" و ئەو پۆستانەش ئاشكرادەكات كە ئامادەبووە بە یەكێتی بدات.

دوای زیاتر لە ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و زیاتر لە 20 كۆبوونەوە، پارتی و یەكێتی نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت  و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

 "سەرۆك بارزانی بە پەرۆشیەكی زۆرەوە پشتیوانی لە گفتوگۆكان كرد"

شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە  كە تێیدا هاتووە:"لە تەواوی ماوەی دانوستانەكاندا پارتی بە نەفەسێكی درێژ و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و هەستیاریی ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خستەگەڕ و هەموو نەرمیەكی نیشاندا، لەم پێناوەشدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە پەرۆشیەكی زۆرەوە پشتیوانی لە هەنگاوەكانی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان كرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكی نیشاندا بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی پتەو و زەمانەتی جێبەجێكردنی".

وەك راگەیەندراوەكەی پارتی ئاماژەی پێداوە "لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكاندا دەركەوت كە یەكێتی نایەتە پێش بۆ رێككەوتن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نیە و پارتی ئەوە بە پەسەند نازانێت".

لە دەقی راگەیاندراوەكەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە:" ‎سەڕەرای دروست كردنی كۆسپ و تەگەرەی زۆر لە بەردەم  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئامانج لێی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن یان لاوازكردنی پارتی بوو، بەڵام پارتی بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەكی كارای لە هەڵبژاردنێكی سەركەوتوودا كرد كە براوەی یەكەم تیایدا هەرێمی كوردستان بوو، جارێكی تریش پارتی متمانەیەكی بەهێزی گەلی كوردستانی بەدەست هێنا".

"دوای پەسەندكردنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتی لە ڕوانگەی كاری پێكەوەیی و لە پێناو تازەكردنەوەی شەرعیەتی یاسایی بۆ دامەزراوەكانی هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی كوردستان، هەروەكو بەڵێن درا كە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەكان لە سەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی كراوەبێت، شاندەكەمان دەستی بە سەردانی سەرجەم لایەنەكان كە كورسیان بەدەستهێناوە كرد". شاندی دانوستانكاری پارتی وا دەڵێت.

دەشڵێت "لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆكان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە بەڕێزەكانی دیكە كە كورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێك لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت". 

لە ڕێكەوتی 30/11/2024 لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆبوونەوە لە نێوان شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیەندراوەكەی پارتی" لە میانەی چەندین دانیشتن بڕیار درا كە كاربكرێت لە سەر  ئامادەكردنی دیدگایەكی هاوبەشی بۆ قۆناغی داهاتووی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان كە مەبەست لێی پتەوكردنی كاری دامەزراوەیی و هاوبەشییی بێت لە ئەرك و دەسەڵاتەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاونیشتمانیان بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێككەوتن كرا لەسەر چەندین تەوەری گرنگ لە بوارە جیاجیاكانی (سیاسی، یاسایی، كارگێری، خزمەتگوزاری، دارایی و ئابووری و، سەربازی و ئەمنی)".

لە راگەیەندراوەكەی شاندی دانوستانكاری پارتیدا هاتووە:"‎دوای ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر دیدگای هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان كرد بە گفتوگۆ كردن لەسەر شێوازی بەشداری هەردوولا لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەمای خستنەڕوو كە بریتی بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و، رەچاوكردنی پێگەی هەردوولا و واقیعی هەرێمی كوردستان".

ئەو پۆستانەی پارتی ئامادەیە بە یەكێتی بدات

وەك راگەیەندراوەكەی پارتی ئاماژەی پێداوە "‎لەگەڵ ئەوەی پارتی بە جیاوازییەكی زۆرەوە هێزی یەكەم بووە لەڕووی كورسی و دەنگەوە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی، بە نەفەسێكی درێژ و بە دەست كراوەیی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ئەو پەڕی نەرمیمان نیشاندا و  زۆر زیاتر لە شایستەی دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی ئامادەی رێككەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەكێتی، هەم لە دیدگای هاوبەش و هەم لە بەشداری بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێككەوتنی نیشاندا بە شێوەیەك كە:

بەشدارییەكی هاوسەنگ لە سەرۆكایەتیەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بكرێت بە جۆرێك كە (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بن) هەروەها لە كۆی ٢٢ وەزیری حكومەتی هەرێم كە كابینە پێك دەهێنن، پێشنیاری پارتی وا بووە كە پێكهاتەكان بە ٢ وەزیر بەشداری كابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بن كە تیایدا وەزارەتی گرنگی بواری (سەربازی، ئابووری و داراییی و، خزمەتگوزاری) تێدایە، هەروەها بەشداریەكی كارا و كاریگەر لە بواری ئەمنی و پۆستەكانی تریش لە دەستەكان و فەرمانگەكان".

"‎لەتەواوی ماوەی دانوستانەكاندا پارتی بە نەفەسێكی درێژ و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و هەستیاریی ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خستەگەڕ و هەموو نەرمیەكی نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە پەرۆشیەكی زۆرەوە پشتیوانی لە هەنگاوەكانی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان كرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكی نیشاندا بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی پتەو و زەمانەتی جێبەجێكردنی،‎لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكاندا دەركەوت كە یەكێتی نایەتە پێش بۆ رێككەوتن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نیە و پارتی ئەوە بە پەسەند نازانێت".

لە كۆتایی راگەیەندراوی شاندی دانوستانكاری پارتیدا هاتووە:"لێرەدا دەمانەوێ دووپاتی ئەوە بكەینەوە كە پارتی هەمیشە بڕوای بە كاری پێكەوەیی هەبووە و هەیەتی و جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران و خەڵكی كوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێك بە هەبوونی هیچ هۆكارێكی نالۆژیكی ببێتە ڕێگر لە بەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی كوردستان و دەنگدەرانی پارتی دڵنیا دەكەینەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و پارێزگاری لە پێگەی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاكانی، بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان و هیچ ڕێگریەك نابێتە كۆسپ لەبەردەم خزمەتكردنی زیاتری هەرێم و دابینكردنی ئایندەیەكی گەش و داهاتوویەكی ڕووناكتر بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان".

"یەكێك دەبێتە سوار ئەوەی دیكەش پیادە"

راگەیەندراوەكەی پارتی لەكاتێكدایە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوو هەفتە لەمەوبەر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هێشتا لەگەڵ پارتی رێكنەكەوتوون لەسەر شەراكەت و بەرنامەی كابینەی نوێ و كاراكردنەوەی پەرلەمان.

وتیشی "كاتێك پەرلەمان كارا كرایەوە، دەبێت پەرلەمان سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێت و ئەویش دواتر گەورەترین فراكسیۆن رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو كاتە لەنێوان پارتی و یەكێتی یەكێك دەبێتە سوار ئەوەی دیكەش پیادە، یەكێتی ئەوە قبوڵ ناكات وەك پیادە رابكات بەدوای پڕۆسەكەدا، دەبێت یەكەمجار بگەینە رێككەوتن".

سەعدی پیرە دوایین مۆڵەتی پارتی بۆ یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە بانگەشەی هەڵبژاردن ناوبرد و جەختیكردەوە، یەكێتی سورە لەسەر داواكارییەكانی و شەراكەت، "هەر كابینەیەك شەراكەتی تێدا نەبێت ئێمەی تێدا نابین".

بەپێی زانیارییەكانی “سبەی”، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ وەك یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكانی دانوستانەكان ماوەتەوە، یەكێتی جەخت لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكاتەوە و پارتیش ئامادە نییە دەستبەرداریی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی پێشنیازێكی جێگرەوەی پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەجیاتی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام پارتی رەزامەندی نەداوە.

بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دا كە پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت

سەرەتای مانگی رابردوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا دڵنیاییدا كە پێكهێنانی حكومەت هەر دوادەكەوێت تا ئەو كاتەی قەناعەت نەكات بە پۆستەكان و رێككەوتنی نێوان لایەنەكان لەو بارەیەوە كە ئەم حكومەتە جیاواز دەبێت لە حكومەتەكانی پێشوو.

قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دوای زیاتر لە هەفتەیەك بوو، لە كۆبوونەوەی لوتكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دواتر كۆبوونەوەی باڵای هەردوو حزبیشی بەدوادا هات، بۆ تاوتوێكردنی پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت. بەبێ ئەوەی كۆبوونەوەكان هیچ ئەنجامێكیان هەبێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی