
سبەى
سەهۆڵەکانی جەمسەری باشوری گۆی زەوی بە خێرایی دەتوێنەوە، لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی هێندەی ئێستا گەرمبوونی جیهان هەڕەشەی بۆ سەر ژینگە و ژیان دروست نەکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا رووبارێکی گەورەی سەهۆڵبەندان لە دوو مانگدا لە 50%ى تواوەتەوە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری Nature Geoscience بڵاوکراوەتەوە، باسی لە دەرئەنجامی کارەساتبار کردووە و ئامارێکی مەترسیداری خستووەتەڕوو، ئەویش ئەوەیە کە رووبارێکی گەورەی سەهۆڵبەندان لە جەمسەری باشوری گۆی زەوی کە بە ئەنتارکتیکا ناسراوە، لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا لە 50% بچووکبووەتەوە، واتە نیوەی قەبارەی سەهۆڵەکانی لەدەستداوە.
رووبارەکە ناوی هیکتۆریایە و بە قەبارەی شاری فیلادلیفیای ئەمەریکایە. ئەم ناوچەیە یەکێکە لە ناوچە زۆر کاریگەرەکان بە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی. بەو پێیەی تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا و بەدیاریکراوی لە نێوان مانگەکانی نۆڤەمبەر و دیسەمبەری ساڵی 2022دا، هەشت کیلۆمەتر پاشەکشەی کردووە.
تێد سکامبۆس زانای باڵای توێژینەوە لە سەنتەری زانست و چاودێریکردنی زەوی لە زانکۆی کۆلۆرادۆی ئەمەریکی دەڵێت: رێژەی سەهۆڵە تواوەکانی رووباری هیکتۆریا چاوەڕوان نەکراو و مەترسیدارە. ئەو زانا ژینگەییە داتایەکی سەرسوڕهێنەری ئاشکراکردووە و وتوویەتی ئەنتارکتیکا هێندە سەهۆڵی تێدایە، کە دەتوانێت ئاستی دەریای جیهانی بە نزیکەی 58 مەتر بەرزبکاتەوە.
هاوکات نائۆمی ئۆشوات کە ئەویش زانایەکی زانکۆی کۆلۆرادۆیە و بەشداری لە توێژینەوەکەدا کردووە رایگەیاند: تێبینی ئەوەی کردووە، کە رووباری هیکتۆریا لە ماوەی زۆر کورتدا بڕێکی زۆر سەهۆڵی لەدەستداوە و گۆڕانێکی چاوەڕوان نەکراو لەو ناوچەیەدا روویداوە.
دەشڵێت تواندنەوەی خێرایی سەهۆڵەکانی رووباری هیکتۆریا و ناوچەکانی دیکەی زەوی، بەدڵنیاییەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەیە، کە مرۆڤ تاوانباری سەرەکییە لە روودانیدا.
هەروەها رۆب لارتەر زانای جیۆفیزیای دەریایی لە دامەزراوەی جەمسەری باشووری بەریتانیا بڕوای وایە، دۆزینەوە نوێیەکان تێگەیشتنمان بەرز دەکەنەوە لەوەی، کە بۆچی سەهۆڵبەندانەکان هێندە خێرا لە ئەنتارکتیکا دەتوێنەوە.
