
سبەى
هەنار یەکێکە لە میوە بەتامەکانى وەرزی پایز و سودێکی ناوازەی بۆ تەندروستی هەیە. دژە ئۆکسێنەر و ڤیتامین و کانزاکان بۆ جەستە دابین دەکات، کە پاڵپشتیی تەندروستی دڵ و تەندروستی پێست و یادەوەری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەندێ کەس خۆیان لە خواردنى بەدوور بگرن.
پێگەی تەندروستی Verywell Health لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، چەند سوودێکی هەناریان خستووەتەڕوو.
سوودە تەندروستییەکانی هەنار
پاراستنی دڵ
هەنار یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات، لە رێگەی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ و هەوکردن. لەگەڵ ئەوەشدا
هەنار پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی بەکتریا سودبەخشەکانی ریخۆڵە دەکات، کە پێویستن بۆ هەرسکردن و لە هەندێک نەخۆشی هەرس دورتدەخاتەوە.
تەندروستی پێست
توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە، هەنار لە چرچبوون و تێکچوونی پێست، تەنانەت شێرپەنجەی پێست دەتپارێزێت، ئەویش بەهۆی زیادکردنی بەرگری پێست بەرامبەر تیشکی سەروو بنەوشەیی.
باشترکردنی بیرەوەری
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ماددەکانی هەنار فشار لە سەر مێشک کەم دەکەنەوە، ئەمەش لە نەخۆشی زەهایمەر دەتپارێزێت و پاڵپشتیی هەردوو بیرەوەری کورتخایەن و درێژخایەن دەکات.
پاراستن لە شێرپەنجە
هەنار دژە هەوکردنە و گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی گرێ شێرپەنجەییەکان خاو دەکاتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هەندێک لە شێرپەنجەکاندا.توێژەران لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن لە سەر رۆڵی پێکهاتەکانی هەنار لە خۆپاراستن و چارەسەری شێرپەنجەدا.
کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان
بەهۆی تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەر و دژە هەوکردن، هەنار ئاوسانی جومگەکان و ئازار کەمدەکاتەوە و لە پووکانەوەی ئێسک دەتپارێزێت.
کەی پێویستە خۆت لە هەنار بەدوور بگرێت؟
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی، هەنار رەنگە کاریگەری لاوەکی بۆ هەندێک کەس دروست بکات. ئەو کەسانەی دەرمانی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ، رێکخستنی لێدانی دڵ، یان دەرمانی پەستانی خوێن دەخۆن، پێویستە خۆیان لە هەنار بەدوور بگرن، چونکە ئەم میوەیە لەوانەیە کارلێک لەگەڵ دەرمانەکاندا بکات، بۆیە بۆ خواردنی پێویستە راوێژ بە پزیشک بکەیت.
بەهۆی ئەوەشی رێژەیەکی زۆر شەکری تێدایە، نەخۆشانی شەکرە پێویستە بە وریایی و بە راوێژی پزیشکی هەنار بخۆن. یان ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە، وەکو سکچوون دەبێت خۆیان لە هەنار بەدوربگرن.
