
سبەى-هانا مەحمود
تا ئێستا زیاتر لە 70 هەزار دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان کارتى نوێی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، کە زۆرترینیان لە سنورى پارێزگاى هەولێرن، دهۆکیش لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق لەدابەشکردنى کارتەکان لە پلەى یەکەمدایە.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە دەست “سبەى” کەوتووە، تا ئێستا لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر لە 57%ى کارتە نوێیەکانى دەنگدان دابەشکراون.
بەپێی ئامارەکان، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 27ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 382 هەزار و 821 کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت.
ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک لەکۆى 91 هەزار و 782 کارت، تەنها 12 هەزار و 729 کارت ماوە کە دابەشبکرێت، بەو پێیەش رێژەى دابەشکردنى کارت گەیشتووەتە 79.3 کە بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و عێراق.
هەروەها لە پارێزگاى هەولێر لەکۆى 162 هەزار و 230 کارت، 33 هەزار و 362 کارت هێشتا دابەشنەکراوە، هەروەها لە سلێمانى لەکۆى 134 هەزار و 824 کارت، 28 هەزار و 963 کارت هێشتا دابەشنەکراوە.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن بە "سبەى" راگەیاند، دابەشکردنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بەردەوام دەبێت تەنانەت لە رۆژى دەنگدانیشدا.
وتیشى، کۆمسیۆن چارەسەرى دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەرى کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر، ئەوەش لە رێگەى پەیوەستکردنى کامێرا بە ئامێرى پشتڕاستکردنەوەى ئەلیکترۆنى، کە وێنەى سەر کارتى بایۆمەترى دەنگدەرەکە هاوتا دەکات لەسەر زانیارییەکانى دەنگدەرەکە کە لە ئامێرەکەدا تۆمارکراون.
وتەبێژى کۆمسیۆن جەختیکردەوە، ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەیە زۆرترین دەنگدەر بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح شارەزاى هەڵبژاردن بە “سبەى” راگەیاند، هەر دەنگدەرێک بیەوێت دەنگ بدات دەبێت کارتی دەنگدانی بایۆمەتری درێژمەودای پێ بێت، بۆیە پێویستە دەنگدەران و ئەو کەسانەی کارتەکانیان لە کۆمسیۆنە یاخود لە قۆناغی گەرانەوەدایە سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان توشی هیچ گرفتێک نەبن و بتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
وتیشى "ئەوەندەی تێبینیمان کردووە هاوڵاتییەکی باش هەڵگری کارتی بایۆمەترین و رێژەیەکی کەمیش ماوە کە کارتەکانیان وەربگرنەوە و بۆیە گرنگە هاوڵاتییان سەردانی ناوەندەکانی بایۆمەتری بکەن بۆ ئەوەی کارتەکانیان وەربگرنەوە".
سەبارەت بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەڵشۆ عەبدولفەتاح باسی لەوە کرد ئەگەرچی ئەم بانگەشەیەش وەک بانگەشەکانى رابردوو پیشێلکاری تێدا کراوە بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو هێمنتر بووە.
