سبەی
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاوی کردەوە، هێزێکی کۆماندۆی سەر بە هەسەدە، بە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوو شانەی داعشیان لە دێرەزوور هەڵوەشاندوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە پرۆسەی یەکەمدا بە بەشداری و هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شانەیەکی داعشیان لە گوندی بریهەی ناوچەی بەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دیرەزوور کردووەتە ئامانج و توانیویانە ئەندامێکی داعش دەستگیربکەن. کە دەستی هەبووە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە و هاوڵاتیان لە ناوچەکە.
لە پڕۆسەکەدا، دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی تەقینەوەدا گیراوە.
پڕۆسەی دووەم لە گوندی سوبحەی ناوچە بەسیرە بووە، هێزەکانی کۆماندۆی سەر بە هەسەدە شانەیەکی دیکەی گروپی داعشیان لەناوبردووە و دوو ئەندامی گروپەکەیان دەستگیرکردووە.
لەکاتی دەستگیرکردنی ئەندامەکانی داعش دانیان بەوەداوە ناوە کە ژمارەیەک چالاکییان دژی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوڵاتیان ئەنجامداوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کرەوە، بە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوام دەبن لەسەر وشککردنی ریشەی داعش لە ناوچەکە و رێگەیان پێنادەن هیچ چالاکییەکی تێکدەرانە ئەنجام بدەن کە ببێتە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.