گەشتە ئاسمانییەکانى سلێمانى و تورکیا؛ نرخى بلیت و ڤیزا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؟

#فڕۆکەخانەى سلێمانى#تورکیا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆژى سێی مانگى داهاتوو فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵەوە دەگاتە سلێمانى و هەمان رۆژ دەگەڕێتەوە ئیستەنبوڵ، ئەوەش دەبێتە یەکەم گەشت لەدواى زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنى گەشتەکان.
Primary Asset

مانگى داهاتوو گەشتى ئاسمانى نێوان سلێمانى و تورکیا دەستپێدەکاتەوە

سبەى-هانا مەحمود

نرخى بلیتى گەشتى ئاسمانى نێوان تورکیا و سلێمانى لەنێوان 300-350 دۆلاردا دەبێت، لەگەڵ دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان لەسەرەتاى مانگى داهاتوودا و نرخى ڤیزاش لەنێوان 115-215 دۆلاردایە.

هێڵى فڕۆکەوانى تورکیا سێی مانگى داهاتووى بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەى سلێمانى دیاریکرد، ئەوەش دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە بڕیارى هەڵگرتنى قەدەغەى سەر گەشتەکانى فڕۆکەخانەکە.

بەپێی خشتەى گەشتەکانى هێڵەکە، رۆژى سێی مانگى داهاتوو فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵەوە دەگاتە سلێمانى و هەمان رۆژ دەگەڕێتەوە ئیستەنبوڵ، ئەوەش دەبێتە یەکەم گەشت لەدواى زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنى گەشتەکان.

نرخى بلیت

عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانى بە "سبەى" راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی گەشتکردندا نین و هاوڵاتییان کەمتر گەشت دەکەن ئەمەش دەبێتەوە هۆی ئەوەی نرخی بلیتی گەشتکردن تا رادەیەک وەک خۆی بمێنیتەوە و بۆ هەر بلیتێک نرخەکەی لەدوای دەست پێکردنەوەی گەشتەکان لە نێوان 300 بۆ 350 دۆلاردا دەبێت.

پێشبینشیکرد ئەو نرخە تا مانگی 3ی ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت و لەدوای ئەوەوە نرخەکان بەرزبنەوە، بەهۆى زیادبوونی خواستی هاوڵاتیان بۆ گەشتکردن و هاتنى وەرزى گەشت و گۆرانکاری لە نرخی کەل و پەل و هۆتێلەکان.

لەگەڵ دیاریکردنى وادەى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان، کۆمپانیاکان دەستیانکردووە بە رێکارەکانى فرۆشتنى بلیتى گەشتەکانى تورکیا، کە بڕیارە لەسەرەتادا هەفتانە پێنج گەشت ئەنجام بدرێت و دواتر بکرێتە رۆژانە.

سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای گرین جێت تراڤڵ بە سبەى راگەیاند، لە دوێنیوە هاوڵاتیان پەیوەندیان پێوە دەکەن و دڵخۆشن بەوەی دوبارە گەشتەکان دەست پێدەکەنەوەو داوای بلیت دەکەن و نرخی بلیتیش 300 دۆلارە و لەدواى سەرى ساڵەوە چاوەڕواندەکرێت نرخەکان بەرزبنەوە.

وەرگرتنى ڤیزا

ناوەندى وەرگرتنى ڤیزاى تورکیا لە سلێمانى لە هۆتێل تایتانیکە لەسەر شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود و نرخەکەى لەنێوان 115-215 دۆلاردایە.

"سبەى" پەیوەندى بە ناوەندى وەرگرتنى ڤیزاى تورکیاوە کرد لە سلێمانى و تەنها ئەوەندەیان وت کە ڤیزا بەپێی رێوشوێنەکان دەدرێت بەهەر کەسێک کە دیاریکراوە.

نرخى ڤیزاى ئاسایی بۆ هەر کەسێک 115 دۆلارە و VIP بە 215 دۆلارە، ئەوەش بەپێی بەشى تایبەت بە رێنمایی وەرگرتنى ڤیزاى تورکیا پێگەى فەرمى بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتى سلێمانى.

سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانى دەڵێت، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ بەرەو سەرەوەیە لەگەڵ منداڵانى خوار 15 ساڵ ڤیزایان ناوێت.

توركیا لە نیسانی 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە، بەتۆمەتی بوونی چالاكی پەكەكە لە سنوری پارێزگاكە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی خۆجێی سلێمانی بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.

بەهۆی داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، فڕۆكەخانەكە زیانێكی زۆری بەركەوتووە و گەشتەكانیشی بەشێوەی مانگانە بەرێژەی 40% كەمبووەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی