بەدخۆراکی کاتی منداڵی؛ جۆرێکی نوێی نەخۆشی شەکرە راگەیەندرا

#نەخۆشی شەکرە
4 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • جۆری پێنجەمی شەکرە جیاوازە لە جۆرە ناسراوەکانی دیکە. بەجۆرێک لە جۆری یەکەمدا سیستمی بەرگری هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی لە پەنکریاسدا ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن. لە جۆری دووەمدا جەستە وەڵامی باشی ئەنسۆلین ناداتەوە، یان پەنکریاس بەشی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت. بەڵام جۆری پێنجەم، بەهۆکاری تێکچوونی پەنکریاس لە ئەنجامی بەدخۆراکی درێژخایەن لە منداڵیدا دروستدەبێت، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین.
Primary Asset

سبەى

جۆرێکی نوێی نەخۆشی شەکرە راگەیەندرا، کە بە جۆری پێنجەمی شەکرە پۆلێن کراوە و هۆکارەکەشی پەیوەندی بە بەدخۆراکی کاتی منداڵییەوە هەیە. لەئێستاشدا لە نێوان 20 بۆ 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا، هەڵگری ئەو جۆرەی نەخۆشی شەکرەن، کە زۆرینەیان لە ئاسیا و ئەفریقادان.

بەپێی پێگەی live science، دەستنیشانکردنی ئەم جۆرەی نەخۆشی شەکرە نوێ نییە و مێژووەکەی  بۆ زیاتر لە 70 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدرا. تا ئەمساڵ لە میانی کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕانی نەخۆشی شەکرە لە هیندستان بە فەرمی پۆلێن کرا.

جۆری پێنجەمی شەکرە جیاوازە لە جۆرە ناسراوەکانی دیکە. بەجۆرێک لە جۆری یەکەمدا سیستمی بەرگری هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی لە پەنکریاسدا ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن. لە جۆری دووەمدا جەستە وەڵامی باشی ئەنسۆلین ناداتەوە، یان پەنکریاس بەشی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت. بەڵام جۆری پێنجەم، بەهۆکاری تێکچوونی پەنکریاس لە ئەنجامی بەدخۆراکی درێژخایەن لە منداڵیدا دروستدەبێت، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین.

رایچڵ راینرت پزیشک لە زانکۆی میشیگان روونی دەکاتەوە، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری پێنجیان هەیە، زۆرجار کێشیان کەمە و پێشینەی بەدخۆراکی زوویان هەیە. بەهۆی ئەوەشی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینیان تێکدەچێت، دەبێت بە وریاییەوە چارەسەر بکرێن، چونکە بەکارهێنانی بڕێکی زۆر ئەنسۆلین لەگەڵ خۆراکی کەمدا، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی مەترسیدار، بەتایبەتی لە وڵاتانی کەمداهاتدا.

هاوکات لە رۆژنامەی The Lancet Diabetes & Endocrinology بڵاوکراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە نزیکەی 900 گەنج لە کامێرون و ئۆگەندا و ئەفریقای باشوور، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، کە دوو لەسەر سێی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، نیشانەی جۆری یەکەمی شەکرەیان نییە و هێشتا بڕێکی کەم لە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنن. تایبەتمەندییەک، کە لەگەڵ جۆری یەکەم یان جۆری دووەمی شەکرەدا ناگونجێت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ جۆرێکی نوێی دیاریکراوی نەخۆشییەکە.

ئەم جۆرە لە نەخۆشی شەکرە بۆ یەکەمجار لە ساڵانی 1950دا ئاماژەی پێکراوە، کاتێک فیلیپ جۆنز پزیشکی بەریتانی باسی حاڵەتە هاوشێوەکانی لە جامایکا کرد و ناوی لێنا شەکرەی جۆری J، بەڵام دواتر لەبیرکرا.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پۆلێنکردنی نەخۆشییەکە زۆر گرنگە بۆ باشترکردنی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن. چیتارانجان یاگنیک پزیشک سەبارەت بە نەخۆشییەکە رایگەیاندووە، دانپێدانانی فەرمی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی بودجە و پاڵپشتی توێژینەوەکان لەسەر هۆکارەکان و میکانیزمەکانی و شێوازەکانی چارەسەرکردنی، بۆئەوەی ئەم جۆرە نەخۆشییەی شەکرە لەنێو جۆرە باوەکانی دیکەدا جارێکی دیکە لەبیرنەکرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی