ژنان دەخاتە پێگەیەکی یاسایی کەمتر لە پیاوان؛ داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسیی جەعفەری دەکرێت

#ژن#عێراق#یاسای باری کەسیی#جەعفەریی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، یاسای نوێی باری کەسێتی جەعفەری، کە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە، جیاکاری لە دژی ژنان دەکات لە بەرژەوەندی پیاوان لە بابەتی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی منداڵ.
  • رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی یاسای باری کەسێتی تایبەت بە شیعە لە عێراق دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا رەنگە کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان هەبێت و بیانخاتە پێگەیەکی یاسایی کەمتر لە پیاوان.
Primary Asset

ژنێکی ناڕازیی

سبەی

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی یاسای باری کەسیی تایبەت بە شیعە لە عێراق دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا رەنگە کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان هەبێت و بیانخاتە پێگەیەکی یاسایی کەمتر لە پیاوان.

بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، یاسای نوێی باری کەسیی جەعفەری، کە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە، جیاکاری لە دژی ژنان دەکات لە بەرژەوەندی پیاوان لە بابەتی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی منداڵ.

سارە سەنبەر، توێژەری عێراق لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "یاسای نوێی باری کەسیی، جیاکارییە لە دژی ژنان، بە شێوەیەکی یاسایی دەیانکات بە هاووڵاتیی پلە دوو، هەروەها مافی بڕیاردان لە ژنان و کچان وەردەگرێتەوە و بە پیاوانی دەبەخشێت".

روونیشی کردەوە، یاساکە چەند بڕگەیەکی تێدایە، کە مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن. بۆ نموونە:

- رێگەدان بە مێرد بۆ گۆڕینی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ یاسای جەعفەری لەبری یاسای باری کەسیی ساڵی 1959، بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری هاوسەرەکەی.

- رێگەدان بە مێرد بۆ جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، بەبێ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە، یان رەزامەندی لێوەربگرێت.

- گواستنەوەی سەرپەرشتیکردنی منداڵ بۆ باوک لە دوای تەمەنی 7 ساڵی، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی منداڵ.

دادوەرێک لە بەغداد بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاندووە، یاساکە پێچەوانەی زۆرێک لە بڕگە یاساییەکانی سیستمی دادوەری عێراقە و دەشڵێت، "زۆربەی یاساکان لە چوارچێوەی چەمکی هاووڵاتیبووندایە، لەکاتێکدا یاسای باری کەسێتی جەعفەری دان بەم شتەدا نانێت".

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بۆی دەرکەوتووە کە "یاساکە، ماف بە عێراقییەکان دەدات لەسەر بنەمای ئایینەکەیان نەک رەگەزنامەکەیان". دادوەرەکە روونیکردەوە "بەپێی یاسای باری کەسی، ژن موڵکی هاوسەرەکەی بە میرات وەردەگرێت، لەکاتێکدا یاسای جەعفەری ژنەکان لە میرات بێبەش دەکات". بەپێی بڕگەکانی، ژنانی شیعە لە یاسای جەعفەری میراتیان بەرناکەوێت، لە کاتێکدا ژنانی سوننە میرات وەردەگرن، ئەمەش نایەکسانی لەبەردەم یاسادا دروستدەکات.

هەمان دادوەر ئاماژەی بەوەداوە "یاساکە لە 337 ماددە پێکهاتووە، کە زۆربەیان تەرخانکراون بۆ هەڵاواردن لە دژی ژنان و کچان، ئەمەش دەیانخاتە پێگەیەکی نزمترەوە، هەروەها بە روونی پیاوسالارییە و لایەنگری بەرەو باڵادەستی پیاوانە".

نادیە مەحمود، یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی فێمینیستی ئەمان، بە هیومان رایتس وۆچی وتووە "وەک رێکخراوەکانی ژنان دژایەتی تەواوی یاساکە دەکەین و داواکارین پەرلەمان هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەم یاسایە رەنگدانەوەی تێڕوانینی لایەنە ئیسلامییەکانە سەبارەت بە مافەکانی ژنان". 

سەنبەر تێبینی ئەوەی کرد "ئەو کێشانەی کە یاسای باری کەسیی جەعفەری دروستی کردووە، تەنیا پرسی ژنان نین، بەڵکو پرسی عێراقن، ئەگەر یاساکەش هەڵنەوەشێتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، کە بۆ ساڵان و نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2015، وەزارەتی داد بڵاوکردنەوەی بڕگەکانی یاسای تایبەت بە بابەتی باری کەسیی بە گوێرەی تەریقەتی شیعەی جەعفەری راگەیاند، کە بە فەرمی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاساکە لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، کە دەبێتە پاشکۆی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2025، کە یاسای باری کەسیی ژمارە (188)ی ساڵی 1959ی هەموارکردووەتەوە، و زیاتر لە شەش دەیەیە لە سەرانسەری عێراقدا کاری پێدەکرێت.

پەسەندکردنی یاساکە، لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە رەتکردنەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بە پاشەکشەکردنی لە مافەکانی ژنان دەزانن. جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەم یاسایە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و منداڵان تێکدەدات، هەروەها هۆشدارییان دا لە کاردانەوەی راستەوخۆی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگەی عێراق.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی