ترەمپ بۆ حەماس: دێین و دەتانكوژین؛ كۆبوونەوەیەك لە قاهیرە سەبارەت بە داهاتووی غەززە بەڕێوەدەچێت

#ترەمپ#حەماس#غەززە#فەڵەستین#میسر#قاهیرە
12 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا هۆشداری بە حەماس دەدات، "لە ئەگەری بەردەوامبوون لە كوشتنی خەڵك لە غەززە دەبێت چاوەڕێی هێرشی دووبارەی سوپای ئیسرائیل بكەن بۆ سەریان". لە چوارچێوەی دوایین گۆرانكارییەكانیش سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە قاهیرە بە بەشداری لایەنە فەڵەستینییەكان بۆ دیاریكردنی بەڕێوەبردنی غەززە لە داهاتوودا بەڕێوەبچێت
  • هەر سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە، ماڵپەڕی عەرەبییە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە: لە كۆبوونەوەی داهاتووی فەلەستینییەكان لە قاهیرە باس لە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دەكرێت.
Primary Asset

ترەمپ

سبەی

سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا هۆشداری بە حەماس دەدات، "لە ئەگەری بەردەوامبوون لە كوشتنی خەڵك لە غەززە دەبێت چاوەڕێی هێرشی دووبارەی سوپای ئیسرائیل بكەن بۆ سەریان". لە چوارچێوەی دوایین گۆرانكارییەكانیش سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە قاهیرە بە بەشداری لایەنە فەڵەستینییەكان بۆ دیاریكردنی بەڕێوەبردنی غەززە لە داهاتوودا بەڕێوەبچێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە  پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاویكردەوە: "ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە كوشتنی خەڵك لە غەززە كە بەشێك نەبووە لە ڕێككەوتنەكە،  هیچ بژاردەیەكی ترمان نابێت جگە لەوەی بچینە ناو غەزەوە  و بیانكوژین".

هۆشدارییەكەی ترەمپ دوای ئەوە هات، كە میدیاكانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤێدیۆیەكیان بڵاوكردەوە "گوایە ئەندامانی حەماس لە غەززە ژمارەیەك هاوڵاتی لە سێدارە دەدەن".

لە هەمان كاتدا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی ئاگربەستەوە، حەماس شەپۆلێكی لەسێدارەدانی دەستپێكردووە و لانیكەم ٣٢ كەسی لە غەززە كوشتووە. 

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكراونەتەوە، پیاوانی دەمامكدار دەردەكەون كە پێدەچێت لە ئەندامانی حەماس بن و حەوت كەس لەسەر شەقامێك ڕیز دەكەن و تەقەیان لێدەكەن و دەیانكوژن.

ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی حەماس و ئیدارەدانی غەززە دەكات لەلایەن لیژنەیەكی فەلەستینی لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.

هەر سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە، ماڵپەڕی عەرەبییە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە: لە كۆبوونەوەی داهاتووی فەلەستینییەكان لە قاهیرە باس لە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دەكرێت.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا قاهیرە میوانداری كۆبوونەوەیەكی فراوانی فەلەستینی دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئاگربەستی دوای جەنگ.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا قاهیرە شاهیدی كۆبوونەوەیەكی چڕ دەبێت، دوای چوونی شاندێكی بزووتنەوەی حەماس، ڕوونیشیان كردەوە ئەمشەو شاندێكی حەماس بە سەرۆكایەتی خەلیل ئەلحەییە دەگاتە قاهیرە.

سەرچاوەكان هەروەها ڕایانگەیاندووە، شاندێكی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی زیاد نەخالە و جێگرەكەی دەگەنە قاهیرە و بڕیارە كۆبوونەوەیەكی جیا لە نێوان گرووپە فەلەستینییەكان و ناوبژیوانان لە قاهیرە ئەنجام بدەن.

لای خۆشییەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بۆ جوڵەی خەڵك بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی میسری لە ئارادایە، ڕوونیشی كردەوە وادەی كردنەوەی دەروازەكە دواتر ڕادەگەیەنرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی