جموجوڵی چاوەڕوان نەكراوی ئەمەریكا لە تەدمور؛ زانیاریی لەبارەی دروستكردنی بنكەیەكی نوێ لە سوریا

#ئەمەریکا#سوریا#هەسەدە#تەدمور
12 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە، شاری تەدمور و دەوروبەری لە چەند رۆژی رابردوودا جموجوڵی سەربازیی نائاسایی بەخۆوە بینیوە، وەكو هاتوچۆی فڕۆكە و زرێپۆشی ئەمەریكا بەرەو بنكەی تەنەف لە سێگۆشەی سنوریی سوریا- ئوردن- عێراق، بەبێ ئەوەی هیچ هێزێكی سورییان لەگەڵ بێت.
Primary Asset

هێزێکی ئەمەریکا

سبەی

ئەمەریكا لە تەدمور دەستی بە جموجوڵی چاوەڕوان نەكراو كردووە، زانیاریی ئەوە بڵاوبۆتەوە كە بە نیازی دروستكردنی بنكەیەكی نوێیە لە سوریا.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە، شاری تەدمور و دەوروبەری لە چەند رۆژی رابردوودا جموجوڵی سەربازیی نائاسایی بەخۆوە بینیوە، وەكو هاتوچۆی فڕۆكە و زرێپۆشی ئەمەریكا بەرەو بنكەی تەنەف لە سێگۆشەی سنوریی سوریا- ئوردن- عێراق، بەبێ ئەوەی هیچ هێزێكی سورییان لەگەڵ بێت.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان، هێزەكانی ئەمەریكا بەناو شاری تەدمور و قەڵا شوێنەوارییەكەیدا چەند جارێك سوڕاونەتەوە، لە ئاسمانیشەوە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكی چاودێری كردوون.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەو هێزانەی لە تەدمور جموجوڵیان هەبووە، پاشان چوونەتەوە بەرەو بنكەی تەنەف، لەكاتێكدا زانیاریی ئەوە هەیە كە ئەمەریكا بە نیازی دروستكردنی بنكەیەكی نوێی سەربازییە لە ناوچەكە.

ساڵانێكە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرن، جگە لەوەی لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق- سوریا-ئوردن و لە بنكەی تەنەف جێگیربوون.

روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ چەند رۆژێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، چوار خولی راهێنانی سەربازیی ئەنجامداوە، جگە لە بردنی 15 بارهەڵگر چەك و پێداویستی سەربازیی، هەروەها نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی بارهەڵگر كە چەكی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تێدا بووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامداوە كە یەكێكیان بۆ كوشتنی جیهادییەكی بیانی بووە لە سوریا.

ئەو جموجوڵ و زیاتركردنی هاوكارییە سەربازییانە لەكاتێكدایە، لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای كوردستان ئاڵۆزی لەنێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە 10 رۆژی رابردوودا سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەو هەڕەشە ئەمنییە بەردەوامەی داعش لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دروستیكردووە.

پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هاوپەیمانییەكە پشتیوانی لە دامەزراندنی هەسەدە كرد وەك هاوبەشێكی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی