پاسەوانی "سیخوڕ"؛ لە دەروازەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە بۆ روسیا و ئێران

#سیخوڕ#ئەمەریکا#روسیا#ئێران
12 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • پاسەوانێکی نەرویجی کە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆسلۆ کاریکردووە، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ روسیا و ئێران سزا درا، سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
  • ئەو گەنجە تەمەن 28 ساڵە تۆمەتبارە بە دزەپێکردنی پلان و زانیاریی دەربارەی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نێوان مانگی ئازار تا تشرینی دووەمی 2024، لە بەرامبەردا 10 هەزار یۆرۆی لە روسەکان و 8 هەزار و 500 یۆرۆی لە ئێرانییەکان وەرگرتووە.
Primary Asset

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆسلۆ

سبەی

پاسەوانێکی نەرویجی کە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆسلۆ کاریکردووە، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ روسیا و ئێران سزا درا، سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو گەنجە تەمەن 28 ساڵە تۆمەتبارە بە دزەپێکردنی پلان و زانیاریی دەربارەی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نێوان مانگی ئازار تا تشرینی دووەمی 2024، لە بەرامبەردا 10 هەزار یۆرۆی لە روسەکان و 8 هەزار و 500 یۆرۆی لە ئێرانییەکان وەرگرتووە.

دادگای ئۆسلۆ رایگەیاند ئەو زانیارییە دزەپێکراوانە "دەتوانرێت لە چوارچێوەی کردەوەی راستەوخۆ و هێرشی جەستەیی بۆ سەر کەسانی پەیوەندیداردا بەکاربهێنرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆمەتبار ئاگاداری ئەوە بووە، کە ئاشکراکردنی ئەم زانیاریانە زیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت".

رەتکردنەوەی سیخوڕی

لە کاتی دادگاییکردنیدا، تۆمەتبارەکە دانی بە راستییەکاندا ناوە و جەختی لەوە کردەوە، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە جەنگی غەززە ئەو کارەی کردووە. بەڵام ئەو تۆمەتە سیخوڕییەی رەتکردەوە، کە بەهۆیەوە سزا دراوە و رایگەیاندووە، کە ئەو زانیاریانەی دزەیپێکردووە "نهێنی نەبوون".

پارێزەری تۆمەتبارەکە روونیکردەوە، هێشتا بڕیاری نەداوە تانە لە سزاکەی بدات یان نا، بەڵام پێی وایە دادوەرەکان "لێکدانەوەی زۆر فراوان"یان کردووە، بۆئەوەی کە چالاکیی سیخوڕی نایاسایی چی پێکدەهێنێت.

ئینگەر زادیگ پارێزەری گەنجەکە رایگەیاندووە، دەستڕاگەیشتن بە هەر زانیارییەک "بە نزیکەیی لە هەمان ئاستی پاککەرەوەی باڵیۆزخانەدایە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو زانیاریانەی کە هاوبەشی کردووە، هیچ بەهایەکیان نەبووە و نەیدەتوانی زیان بە تاکەکان، یان بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هیچ وڵاتێک بگەیەنن".

تۆمەتبار چی دزەپێکرد؟

تۆمەتبار ناو و ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆن و تابلۆی ئۆتۆمبێلی دیپلۆماتکاران و کارمەندانی باڵیۆزخانە، هەروەها زانیاریی لەسەر ئەندامانی خێزانەکانیان بە دەسەڵاتدارانی روسیا یان ئێرانی داوە. هەروەها پلانی تەلارسازی و رێکارە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەکە و لیستی ئەو کارمەندانەی دزەپێکرد، کە دەزگا سیخوڕییەکانی نەرویج بەکاریان دەهێنن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی