سبەی
بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو دەیەدا، پاسپۆرتی ئەمەریکی لە لیستی ١٠ بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندا نییە، بەڵکو لە پلەی دوانزەیەمدایە، هاوتایە لەگەڵ مالیزیا، ئێستا رێگە بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەمەریکا دەدرێت، کە بێ ڤیزە تەنها بچنە ناو 180 وڵاتەوە.
دابەزینی خێرای پاسپۆرتی ئەمەریکا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بەو سیاسەتە توندانەی کۆچبەرییەوە هەیە، کە لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە پەسەندکراوە.
بەپێی پێوەرەکانی هێنلی بۆ ریزبەندی پاسپۆرت، سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ئاسیا لە ئێستادا خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانن. سەنگافورە (193) و کۆریای باشوور (190) و ژاپۆن (189) هاوڵاتیانیان دەتوانن بەبێ ڤیزە گەشت بۆ ژمارەیەکی زۆرلە وڵاتان بکەن. ئەڵمانیا و لۆکسمبۆرگ و ئیتاڵیاش لە پلەی چوارەمدان.
سیاسەتی توندی کۆچبەری لە پشت دابەزینەکەوە
دابەزینی خێرای پاسپۆرتی ئەمەریکا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بەو سیاسەتە توندانەی کۆچبەرییەوە هەیە، کە لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک ئەمەریکاوە پەسەندکراوە.
کریستیان کایلین، سەرۆکی کۆمپانیای هێنلی و پارتنەرز، کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە یارمەتیدانی خێزانەکان بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامە و نیشتەجێبوون، دەڵێت: "دابەزینی هێزی پاسپۆرتی ئەمەریکا لە ماوەی دەیەی رابردوودا، تەنها گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکان نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە جووڵەی جیهانی."
گۆشەگیری و کاریگەرییەکانی
ئانی فۆرژهایمەر، هاوکارێکی باڵای سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، لەبارەی ئەم دابەزینەوە وتی: "تەنانەت پێش خولی دووەمی ترەمپ، سیاسەتەکانی ئەمەریکا ئاراستەی ناوەوە بوون. ئەم گۆشەگیرییە ئێستا لە لەدەستدانی دەسەڵاتی پاسپۆرتی ئەمەریکا رەنگدەداتەوە."
نەبوونی بەرامبەری
کۆمپانیای هێنلی و پارتنەرز، نەبوونی بەرامبەریی ڤیزەی ئەمەریکای، وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ دابەزینی ریزبەندییەکەی دەستنیشانکردووە. خاوەن پاسپۆرتی ئەمەریکی لە ئێستادا بەبێ ڤیزە دەتوانن بچنە 180 شوێنی مەبەست، لەکاتێکدا ئەمەریکا تەنها رێگە بە 46 رەگەزنامە دەدات بەبێ ڤێزە بچنە وڵاتەکەیەوە.
مانگی نیسانی رابردوو بەڕازیل کۆتایی بە گەشتی بێ ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا هێنا، بەهۆی نەبوونی بەرامبەرایەتییەوە. هەروەها دەرکردنی ئەمەریکا لە لیستی بێ ڤیزەی ڤێتنام کێشەکەی زیاتر کرد.
هەروەها بەرزبوونەوەی تێچووی ڤیزا لە ئەمەریکا رۆڵی هەبووە لەم دابەزینەدا، نرخی سیستمی گەشتیاری ئەلیکترۆنی تا 30ی ئەیلوولی 2025 نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، لە 21 دۆلارەوە بۆ 40 دۆلار.
هۆکارەکانی دیکەش
هۆکارەکانی دیکەش بریتی بوون لە فراوانکردنی لێخۆشبوونی ڤیزا لە چین، کە سوودی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی لە 10 وڵاتی سەرەکیدا هەبوو، لەوانە ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەڵام ئەمەریکای بەدەرکرد. ئەوەش کاریگەری لەسەر ریزبەندییەکە هەبووە.
گەڕان بەدوای جێگرەوەدا
راپۆرتەکە زیادبوونی بێ وێنەی ژمارەی ئەو ئەمەریکییانەی ئاشکرا کردووە، کە بەدوای مافی نیشتەجێبوون و رەگەزنامەی جێگرەوەدا دەگەڕێن. داواکارییەکانی هاووڵاتیانی ئەمەریکی تا کۆتایی چارەکی سێیەمی ساڵی 2025 بە بەراورد بە کۆی گشتی ساڵی 2024 بە رێژەی 67% زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ تێکچوونی متمانە بە بەهای پاسپۆرتی ئەمەریکی.