فۆرمی خۆراک
سبەی
وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشە خۆراك ئەوانە دەگرێتەوە كە مووچەیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێك دینارە، جگە لەوانەی كە بارودۆخی تایبەتییان هەیە. بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "هێشتا پێشنیارە و هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە".
ئەسیر ئەلغەریری، وەزیری بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاندووە: "بڕیاری بڕینی بەشە خۆراك پەیوەستە بەوانەی مووچەیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێك دیناری عێراقییە و پێویستە كلتوری پاڵپشتیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بگۆڕێت، چونكە كارمەندێك لە شوێنێكی دیاریكراو مووچەكەی ملیۆن و نیوێك دینارە، لەكاتێكدا كەسێكی كاسب یان كەسێك هیچ مووچەیەكی نییە یان داهاتی لە 500 هەزار دینار تێناپەڕێت ، بەمەش ناتوانرێت لە وەرگرتنی پاڵپشتی خۆراكدا لەنێوانیاندا یەكسانی بكرێت".
وتیشی:"پاڵپشتی ئاراستەكراو لە نەوەدەكانەوە سەپێنرا، كاتێك مووچەكان نزیك بوون لە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ مووچەكان دەگاتە ملیۆن و نیوێك و دوو ملیۆن دینار و رەنگە لەوەش زیاتر بێت و خاوەن ئەم مووچانە ناتوانن پاڵپشتیی خۆراك وەربگرن وەك ئەوەی خاوەن مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەریدەگرن".
"پێویستە دادپەروەری لە دابەشكردنی سامانی خۆراكدا هەبێت و ئاراستەكردنی راستەقینە بۆ شایستەكان بخرێتەڕوو، ئەم هەنگاوە مانەوەی پڕۆژەی كارتی خۆراكی ئەلیكترۆنیی مسۆگەر دەكات، لابردنی ئەوانەی شایستە نین، یارمەتیدەر دەبێت لە باشتركردنی ژمارە و كوالیتی ئەو كەلوپەلانەی كە بەپێی ستانداردی عێراقی و لە سەرچاوە جیهانییەكانەوە دابین دەكرێن".وەزیری بازرگانی عێراق وا دەڵێت.
لەبارەی بڕیارەكەوە، كە ئایا هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بە "سبەی" راگەیاند:"ئەوە ئەنجومەنی باڵای ئابوری باسی كردووە و پێشنیارە تا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس نەكرێت نابێتە بڕیار، بۆیە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراوە".
سەبارەت بە پسوڵەی خۆراك وتی:"ئامادەسازی دەكەین بۆ قۆناغی دووەم و هێشتا راگیراوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا قۆناغی دووەم دەستپێدەكات و ئەوكەسانەی نەیانتوانیوە پڕیبكەنەوە دەتوانن خۆیان و منداڵەكانیان لە ئەپەكەدا زیاد بكەن".
رۆژی (30ـی ئابی 2025) محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: ژمارەی ئەو هاونیشتیمانیانەی داتای كۆبۆنی خۆراكی ئەلیكترۆنییان نوێكردووەتەوە گەیشتووەتە 37 ملیۆن كەس.
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان رێژەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی گەیشتووەتە لە 85%، هەولێر %87، سلێمانی %86، دهۆك %82، هەڵەبجە %89، كۆی ئەو كەسانەی داتاكانیان لە هەرێم نوێكردوەتەوە زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاونیشتیمانییە.
بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق كە ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچوو، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە زیاتر لە 46 ملیۆن و 118 هەزار هاوڵاتی.