هاوپەیمانییەكی نوێی مۆسكۆ و دیمەشق؛ ئایا ئەسەد دەبێتە بەرخی قوربانی؟

#روسیا#سوریا#ئەسەد#شەرع#پوتین
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • رۆژی 15-10-2025 ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا كۆبۆوە، شارەزایانی دۆخی ناوچەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەحمەد شەرع لە دیدار لەگەڵ پوتین داوای رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆكی لەكارلابردراوی سوریای كردووە.
  • سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ روسیا و دیدار لەگەڵ ڤیلادمیر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوی روسیا وەك یەكێك لە هاوپەیمانانی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سوریا رۆڵی دەگێرا، وەك رووداوێكی گرنگ لە ناوچەكەدا هەژمار دەكرێت و هەر كام لە میدیاكان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە تاوتوێ ئەو دیدارە مێژوییەیان كرد.
Primary Asset

پوتین و ئەسەد و شەرع

سبەی

رۆژی 15-10-2025 ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا كۆبۆوە، شارەزایانی دۆخی ناوچەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەحمەد شەرع لە دیدار لەگەڵ پوتین داوای رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆكی لەكارلابردراوی سوریای كردووە.

سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ روسیا و دیدار لەگەڵ ڤیلادمیر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوی روسیا وەك یەكێك لە هاوپەیمانانی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سوریا رۆڵی دەگێرا، وەك رووداوێكی گرنگ لە ناوچەكەدا هەژمار دەكرێت و هەر كام لە میدیاكان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە تاوتوێ ئەو دیدارە مێژوییەیان كرد.

محەمەد ساڵح فاتح، شارەزای بواری بەرگریی و ستراتیژی و كاروباری نێودەوڵەتی لە لەندەن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فرانس24، ئەگەری ڕادەستكردنی بەشار ئەسەدی لەلایەن مۆسكۆوە بۆ دیمەشق ڕەتكردەوە، تەنانەت ئەگەر پەیوەندییەكانی روسیا لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا باشتریش بكات.

 هەر لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەیەكی سوری بڵاویكردەوە، ئەحمەد شەرع كە ڕۆژی چوارشەممە لە كرێملین لەگەڵ پوتین كۆبووەوە، بە فەرمی داوای ڕادەستكردنی سەرجەم تاوانبارانی جەنگ لە نێویاندا ئەسەد دەكات بۆ دادگاییكردنیان لە سوریا.

پوتین لە مۆسكۆ پێشوازی لە شەرع دەكات

لای خۆیەوە پوتین لە سەرەتای دیدارەكەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە كرێملین پیرۆزبایی لە سەرۆكی كاتی سوریا كرد، بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا،  پوتین ئامادەیی مۆسكۆی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق دووپات كردەوە.

لەبەرامبەردا شەرع ڕایگەیاندووە دەیەوێت پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولا پێناسە بكاتەوە، وتیشی "هەوڵدەدەین سروشتی ئەو پەیوەندییانە پێناسە بكەینەوە، بە ئامانجی دەستەبەركردنی سەربەخۆیی و سەروەری سوریا، هەروەها یەكپارچەیی و یەكگرتوویی و ئاسایشی خاكەكەی".

سەرۆكی سوریا هەروەها ئاماژەی بە "پەیوەندییە مێژووییەكان" و "بەرژەوەندی هاوبەش" كرد لە نێوان دوو وڵات و ڕوونیكردەوە "بەشێك لە دابینكردنی خۆراكی سوریا پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی ڕوسیا و زۆرێك لە وێستگەكانی كارەبا پشت بە شارەزایانی ڕوسیا دەبەستن".

مۆسكۆ لە ماوەی چارەك سەدەی حوكمڕانیدا پشتیوانی سەرەكی بەشار ئەسەد بووە، دوای ئەوەی ڕژێمەكەی لە هەشتی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو ڕووخا، ئەسەد پەنای بۆ روسیا برد، لەو ساڵانەدا مۆسكۆ بەردەوام پشتگیری سوریای كردووە بەتایبەت لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ناوخۆیی لە سوریا لە ساڵی 2011 روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دیپلۆماسی لە سوریا كرد و دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستوەردانی سەربازی لەو وڵاتە كرد بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

دیمەشق داوای تاوانبارانی جەنگ دەكات

سەرچاوەیەكی سوری لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سوریا بە دوای گەرەنتی دەگەڕێن كە ڕوسیا هاوكار نەبێت لە پڕچەككردنەوەی پاشماوەكانی هێزەكانی ئەسەد، هەمان سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە شەرع هیوادارە روسیا هاوكار بێت بۆ بنیاتنانەوەی سوپای سوریا.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز شەرع بە فەرمی داوای ڕادەستكردنەوەی هەموو ئەو كەسانە دەكات كە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و لە ڕوسیان، بەتایبەتی بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی بە تاوانی دژ سوریا دادگایی بكرێن.

شارەزایان و چاودێران دەڵێن، پێناچێت ڕوسیا ڕازی بێت بە ڕادەستكردنی ئەسەد، لای خۆشییەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی مافی پەنابەری بە ئەسەد داوە، چونكە ژیانی لە مەترسیدایە.

هەروەها ڕوسیا لە هەوڵی دەستەبەركردنی داهاتووی بنكەی دەریایی خۆی لە تەرتوس و بنكە ئاسمانییەكەی لە حمەیمیم لە پارێزگای لازقیەیە، كە تاكە دوو شوێنی سەربازییە لە دەرەوەی سنوورەكانی روسیا لە سەردەمی یەكێتی سۆڤییەتی پێشوەوە تا ئێستا، هەروەها ڕوسیا لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ ئامادەیی سەربازیی و هاوكات بەرژەوەندی ئابووری و وزەی لە سوریا هەیە كە هەوڵی دەستەبەركردنی دەدات.

ڕوسیا چی لە شەرع دەوێت؟ ئایا بەرژەوەندییەكانی لە ئامانجە سەربازییەكان تێدەپەڕن؟

محەمەد ساڵح فاتح دەڵێت "ڕێبازی ڕوسیا بۆ حكومەتی نوێی سوریا درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەیە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر، لەگەڵ دەستپێكردنی دەستێوەردانی سەربازی ڕوسیا لە سوریا لە 30ی ئەیلولی 2015". 

ئەم ڕێبازە ڕوسیا وەك تاكە دەسەڵاتی نێودەوڵەتی نیشان دەدات كە كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیاواز لە ناوچەكەدا هەیە، ئەمەش وا دەكات روسیا ڕۆڵ بگێڕێت لە ڕێكخستنی نەزمی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ڕێبازە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی خواستی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە ناوچەكە و دووركەوتنەوە لە دەستوەردان لە قەیرانەكانیدا.

 لەم ڕوانگەیەوە پێویستە روسیا لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا پەیوەندی بكات، بە تایبەتی پێویستە ڕوسیا دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حكومەتی كاتی سوریا بكات بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی لە تەرتوس و حمەیمیم، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەوروپییەكان تامەزرۆیی خۆیان بۆ دەركردنی ڕوسیا لە سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دەربڕی. لە ڕوانگەی ڕووسیا، مانەوە لە سوریا بەشێكە لە ستراتیژییەكەیان بۆ سەركەوتن بەسەر ئەوروپییەكاندا.

پێشتر ڕوسیا هەیئەتی تەحریر شام (HTS)ی وەك گروپێكی توندرەوی ئیسلامی پێناسە دەكرد، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو گروپە یارمەتی لە ئۆكراین وەردەگرت بۆ دابینكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان. تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕاپۆرتەكانی ڕوسیا ئاماژەیان بەوە كردووە هێزە تایبەتەكانی ئۆكراین لە ناوخۆی سوریادا چالاكی دەكەن و بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردۆتە سەر پێگە سەربازییەكانی ڕژێمی پێشووی سوریا و پێگەكانی ڕوسیا.

لە لایەكی دیكەوە سوریا قازانجی ئابووری و دارایی هەیە بۆ روسیا، مۆسكۆ گرێبەستی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی ئەو وڵاتە هەبووە بۆ وەبەرهێنان لە فۆسفات و هەندێك كێڵگەی نەوت و گاز لە وشكانی و دەریاوە. حكومەتی نوێی سوریا بەشێك لەو گرێبەستانەی هەڵوەشاندەوە و ڕەنگە هەندێكی تریش هەڵبوەشێنێتەوە. هەروەها سوریا قەرزی كەڵەكەبووی لە سوریا هەیە و لە ڕووی یاساییەوە ئەم قەرزانە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەكان بەسەر ناچن، بەڵام بۆ مۆسكۆ زەحمەتە ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە یان یەكلاییان بكاتەوە بەبێ ئەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا بكات.

دیمەشق بە نزیكبوونەوە لە مۆسكۆ چ قازانجێك دەكات؟

حكومەتی نوێی سوریا پێویستی بە دروستكردنی پەیوەندییەكی باش دەبێت لەگەڵ ڕوسیا بۆ ئاسانكاری بۆ پرۆسەی لابردنی ناوی بەرپرسە نوێیەكان لە لیستی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەحمەد شەرع و فەرماندە سەربازییەكانی و زۆربەی وەزیرەكانی ساڵانێكە لە لیستی گەمارۆكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە پێی بڕیارنامەی 1267ی ساڵی 1999ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دانراوە كە دەبێت ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دیاری بكرێن، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ڕەزامەندی روسیا هەیە.

حكومەتی نوێی سوریاش هەروەها پێویستی بە هاوكاری ئابووری هەیە و  ڕوسیا یەكێك بووە لەو وڵاتە دەگمەنانەی كە لە ساڵی ٢٠٢٥دا نەوتی خاویان بۆ سوریا دابین كردووە، هەروەها روسیا گەورەترین هەناردەكاری نەوتی جیهانە. لە لایەكی ترەوە پرسی هاوردەكردنی مادە خۆراكییەكان بۆ سوریا گرنگی تایبەتی هەیە، لە ئێستادا سوریا پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنمەشامی هەیە بۆ ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵییەوە كە خراپترین دۆخی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی بەخۆیەوە بینیوە. سوریا ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن گەنم هەیە. بەرهەمی ناوخۆیی سوریا لە ئەمساڵدا تەنها نیو ملیۆن تۆن بووە، لەكاتێكدا دوو دەیە لەمەوبەر بەرهەمی ناوخۆیی سوریا چوار ملیۆن تۆن بووە. بۆیە هاوردەكردن تاكە چارەسەرە، بەڵام حكومەتی كاتیی سوریا توانیویەتی تەنها نزیكەی 500 هەزار تۆن بكڕێت، لە رێگەی  وەجبەی بچووكی كەمتر لە 50 هەزار تۆن. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە دابینكەرانی گەورە بە شێوەیەكی سەرەكی بەهۆی كێشەی پارەدان خۆیان لە بازاڕی سوریا بەدوور دەگرن، جووتیارانی سوریا چوار مانگ پێش ئێستا بەروبوومی گەنمی خۆیان رادەستكردووە و تا ئێستا پارەكەیان پێنەدراوە.

لە ڕووی سیاسییەوە پێدەچێت حكومەتی نوێی سوریا هەندێك لە سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشووی پەیرەو بكاتەوە لەوانەش هەماهەنگی لەگەڵ ڕوسیا و توركیا بكات لە دژی كورد بۆ ئەوەی لە فشارەكانی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەسەدە دەرباز بێت. وەك بیرخستنەوەیەك، حكومەتی نوێی سوریا زیاتر لە دوو مانگە ڕەتیدەكاتەوە خولێكی نوێی دانوستان لە پاریس لەگەڵ نوێنەرانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەنجام بدات.

ئایا ئەسەد دەبێتە بەرخی قوربانی؟

زۆر بەدوور دەزانرێت كە روسیا بەشار ئەسەد ڕادەست بكاتەوە، تەنانەت مۆسكۆ ڕاسپاردنی باڵیۆزی نوێی لەلایەن حكومەتی نوێی سوریاوە بۆ جێگرتنەوەی بەشار جەعفەری ڕەتكردۆتەوە كە تا ئێستاش وەك باڵیۆزی سوریا لە ڕوسیا ماوەتەوە. لە ڕوانگەی روسیا، ڕادەستكردنی ئەسەد، متمانەی هاوپەیمانەكانی بە تایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، لەناو دەبات. لەبیرمان نەچێت كە لیستی هاوپەیمانەكانی لەم وڵاتانەدا چەندین سەركردەی تێدایە كە لە ڕێگەی كودەتای سەربازییەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات و بە هەمان شێوە دەتوانن لە ڕێگەی كودەتای دیكەوە كۆتایی بە دەسەڵاتەكەیان بهێنرێت، بۆیە لەدەستدانی متمانەیان بە مۆسكۆ دەتوانێت بە مانای دەرچوونیان لە خولگەی روسیا بێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی