سیپان حەمۆ: لە یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سوریا پێویستە رێز لە ناسنامە و قوربانییەکانی هەسەدە بگیرێت

#سیپان حەمۆ#هەسەدە#دیمەشق#دانوستان#لیژنەی سەربازی
19 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 19 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەندامێکی لیژنەی سەربازی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا رایگەیاند: ئامادەن بۆ گرێدانی هەسەدە بە سوپای سوریای نوێوە، بەمەرجێک رێز لە ناسنامەی هەسەدە و خەبات و قوربانییەکانی بگیرێت و پارێزگاری لە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکرێت بە بێ جیاوازی
  • سیپان حەمۆ: هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی سوریا ئەوە دیاری دەکات کە پرۆسەکە خێرا یان خاو، یان بە تەواوەتی سڕدەکرێت
  • ئەگەر بە دادپەروەرانە بەرامبەر عەفرین مامەڵە بکەن و نادادپەروەرییەکان چارەسەر بکەن و زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ئامادە بکەن، ئەوا دەتوانرێت بە شێوەیەکی جیاواز سەیری حکومەتی کاتی بکرێت
  • گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی هێرش دەکەنە سەر شێخ مەقسودی گەمارۆدراو، بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی لە سوەیدا و کەناراوەکان روویدا
  • لەماوەی رابردوودا روداوی کارەستبار لەلایەن حکومەتی کاتی و هێزەکانی رویداوە بەتایبەتی لە کۆمەڵکوژیی عەلەوی و درووزیەکان، ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم هەسەدە و پێویستی بە بەردەوام بوون هەیە بۆ پارێزگاریی لە گەلەکەی
Primary Asset

سبەی

ئەندامێکی لیژنەی سەربازی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا رایگەیاند: ئامادەن بۆ گرێدانی هەسەدە بە سوپای سوریای نوێوە، بەمەرجێک رێز لە ناسنامەی هەسەدە و خەبات و قوربانییەکانی بگیرێت و پارێزگاری لە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکرێت بە بێ جیاوازی. هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی سوریا ئەوە دیاری دەکات کە پرۆسەکە خێرا یان خاو، یان بە تەواوەتی سڕدەکرێت.

سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی لیژنەی سەربازیی دانوستانی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا، کە هەفتەی رابردوو لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری بەرگری و شاندنی دانوستانی سوریا کۆبونەوە وردەکاریی زیاتر لەبارەی دانوستانەکانەوە ئاشکرا دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، سیپان حەمۆ راگەیاندووە: هەسەدە تەنها دامەزراوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو هێزێکی ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی روونی هەیە، لەسەرەتاوە خەباتی دژی پەراوێزخستن و دیکتاتۆریەتی و ستەم بووە. ئەو خەباتەش بەردەوام بوو تا روخانی رژێمی بەعسی سوریا. دوای روخانی رژێم و دروستکردنی حکومەتی کاتی لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە رێککەوتنی (10ـی ئاداری 2025) ئیمزاکراوە، لەو کاتەشەوە چوونەتە دانوستانەوە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە.

تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا

سیپان حەمۆ رایگەیاندووە: ئێمە هەوڵی یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا دەدەین، پێمانوایە هێزەکانی سوریای دیموکرات بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتیمانی نوێیە. چونکە سوپایەکی نیشتیمانی بەبێ بەشداری هەسەدە درووست نابێت. لەو چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ گرێدان بە سوپای نوێ ڕاگەیاندووە و ئەوەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە.

ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی رابردوودا تۆمەت ئاڕاستەی هەسەدە کراوە کە پڕۆسەی یەکگرتنەکەی خاوکردوەتەوە، ئەوەش هیچ بنەمایەکی راستی نییە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پەیوەست بین بە سوپای نوێی سوریاوە بەڵام هەندێک لایەن لە دیدێکی تەسکی خۆیانەوە ئەو پرۆسەیە لێکدەدەنەوە کە تائێستاش دیلی بۆچوونەکانی رژێمی پێشوون.

جەختی کردەوە، تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا، پێویستە پارێزگاریی لە ناسنامەی هەسەدە و خەبات و قوربانییەکانی بکرێت، ئێمە تەنها باسی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ناکەین، بەڵکو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سوریا پێویستە بەشداربن لە بونیاتنانەوەی سوریای نوێ، بە سوننە، درووز، مەسیحی، کورد و عەلەوییەکان. ئەگەر دان بە مافی تەنها یەک پێکهاتدا نەنرێت سوریا لە زوڵم و زۆرداری رزگاری نابێت کە ماوەیەکی زۆرە پێوە دەناڵێنێت.

کۆبونەوەکانیان لەگەڵ دیمەشق

بەوتەی سیپان حەمۆ، دوایین کۆبونەوەکانیان لە دیمەشق کەشێکی ئەرێنی بەسەردا زاڵبووە، کە بە بەشداریی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری سوریا و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بەڕێوەچوو. بەڵام نەگەیشتوونەتە دەرئەنجامێکی بەرجەستە، بەڵکو بە ژمارەیەکی بەڵێنی زارەکی و بەبێ رێککەوتنی روون و نوسراو کۆتاییان پێهاتووە.

ئاماژەی بەوەکردوە، پێداگریان کردووە لەسەر ئەوەی ئەو کەشە ئەرێنییە بگوێزرێتەوە بۆ هەنگاوی کردەیی. بەڵام ئەو هەنگاوەیان لە دیمەشق نەبینیووە.

کێشەی متمانە و دڵنیایی

فەرماندەکەی هەسەدە ئاشکرای کردووە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر میکانزیمەکانی پێکەوەبەستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریاوە کردووە، بە درێژیی باسیان لە هۆکار و پاڵنەرەکانی درووستبوونی هەسەدە و خەبات و قوربانییەکانی کردووە، جەختیان کردووەتەوە کە پاڵنەرەکانی درووستبوون و بەردەوامبوونی هەسەدە هێشتا ماون.

بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵبوونەکە پێویستە هۆکارەکان چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی ئەو مەترسییانەی لەسەر گەلانی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە. بە بۆچوونی هەسەدە حکومەتی کاتی هێشتا نەیتوانییوە گرەنتی و دڵنیایی بدات بۆ پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکان و بۆ ئەوەی هەنگاوی ئەرێنی نەناوە. حەمۆ وایوتووە.

سیپان حەمۆ ئەوەی خستوەتەڕوو، لەماوەی رابردوودا روداوی کارەستبار لەلایەن حکومەتی کاتی و هێزەکانی رویداوە بەتایبەتی لە کۆمەڵکوژیی عەلەوی و درووزیەکان، بوونی پشێووی و ناسەقامگیری ئاسایش. ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم هەسەدە و پێویستی بە بەردەوام بوون هەیە بۆ پارێزگاریی لە گەلەکەی.

هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود 

سیپان حەمۆ ئەوەی خستوەتەڕوو، لەکاتێکدا باس لە تێکەڵکردنی هەسەدە دەکرێت، گەڕەکی شێخ مەقسود رووبەڕووی گەمارۆ و هێرش دەبێتەوە، سەرەڕای رێککەوتنی 10ـی ئادار و کشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لەو ناوچەیە. گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی هێرش دەکەنە سەر ئەو گەڕەکە گەمارۆدراوە، بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی لە سوەیدا و کەناراوەکان روویدا، لە 10 بەرەوە هێرش دەکەنە سەر ئەو گەڕەکەی حەلەب.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر خۆڕاگری و بەرخۆدانی دانیشتووان نەبوایە، بە پشتبەستن بە ئەزموونی پێشوویان لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2016، کارەساتەکە لەوەش گەورەتر دەبوو. ئەو دەستدرێژییانە مەترسی گەورەی هەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.

دوورخستنەوە لە ناوەندەکانی بڕیاردان

فەرماندەکەی هەسەدە جەختی کردووەتەوە، دوورخستنەوەی پێکهاتەکانی سوریا، بەتایبەت گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەکانی دیالۆگ و نوسینەوەی دەستور و داڕشتنەوەی یاساکان و پێکهێنانی حکومەت، کێشەیەکی راستەقینەیە. پێویستە لایەنەکانی دیکە درک بەوە بکەن کە رێزی ئیرادەی پێکهاتەکانی سوریا دەگیرێت و حکومەتی ئێستا نوێنەرایەتی سەرجەم سورییەکان دەکات.

"هیچ حکومەت و سوپایەک ناتوانێت متمانە بەدەست بهێنێت ئەگەر هەموو پێکهاتەکان بەشداری بونیاتنانی نەکەن. سوریا بەبێ بەشداری هەمووان سوریا نابێتە وڵاتی هەمووان و ڕێگە نادەین ئەو سیاسەتی جیاکارییانە دووبارە ببنەوە کە دەیان ساڵە سورییەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن." سیپان حەمۆ وا دەڵێت.

هەسەدە پارێزەری سوریا و پێکهاتەکانیەتی

سیپان حەمۆ رایگەیاند: جەخت لەوە دەکەینەوە کە بوونی هەسەدە لەناو سوپای سوریا پێشمەرجێکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان. بەڵام ئەم یەکگرتنە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوبەشی یەکتر بێت، نەک بەپێی دیدگای هەندێک لایەنی دیمەشق کە پلانەکانیان لەسەر بنەمای دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و سڕینەوە دادەڕێژن. بۆیە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی گەلەکەمان وەک بنەمای هەر هەنگاوێک دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، تا ئەوکاتەی حکومەتی ئێستا ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی سوریا نەگرێتەبەر، هەسەدە وەک هێزی بەرگریکردن لە بوون و ژیان و ناسنامەی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەمێنێتەوە.

نەخشەڕێگای پرۆسەی یەکگرتن

فەرماندەکەی هەسەدە رایگەیاندووە: ئێمە بۆ بەرپرسانی دیمەشقمان ڕوونکردەوە کە خێراکردنی پرۆسەی یەکگرتن پەیوەستە بە هەڵوێستەکانیان و هەنگاوەکانی داهاتوو بە ئاراستەی پاراستنی هەموو هەموو پێکهاتەکان و کردنەوەی دەرگای هاوبەشیی نیشتیمانی. هەنگاوەکانی داهاتووی ئەوان دیاری دەکات کە ئایا پرۆسەی یەکگرتن خێراتر دەبێت، خاو دەبێتەوە، یان رادەگیرێت و سڕدەبێت.

جەختی کردەوە، گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارەکانی عەفرین، قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییەکان، نیشاندەری سەرەکین بۆ رژدیی حکومەت لە بونیاتنانی سوپای نیشتیمانیدا. "پێمان وتن هەڵوێستیان لەسەر عەفرین پێوەرێکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە پرسەکانی تر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوریا بە گشتی."

ووتیشی: "ئەگەر بە دادپەروەرانە بەرامبەر عەفرین مامەڵە بکەن و نادادپەروەرییەکان چارەسەر بکەن و زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ئامادە بکەن، ئەوا دەتوانرێت بە شێوەیەکی جیاواز سەیری حکومەتی کاتی بکرێت، نەک تەنها بۆ عەفرین، بەڵکو بۆ هەموو سوریا."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی