سبەی
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، یاری رۆبلۆکسی قەدەغەکرد، و رایگەیاند یارییە ئەلیکترۆنییەکە دژی بەها ئەخلاقی و پەروەردەیی و خێزانییەکانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2025) وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ پاراستن و پارێزگاریی کردن لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەها ئەخلاقی و پەروەردەییەکانی خێزان و منداڵان، بۆ پاراستنی سەلامەتی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، یاری رۆبلۆکس لە ناوخۆی عێراق قەدەغەدەکرێت، وەک پابەندبونێک بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵییەوە ئەو کارە کراوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکان بڵاوی کردەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و بەدواداچوونی وورد بۆیان دەرکەوتووە، یارییەکە ژمارەیەک مەترسی ئاسایشی و کۆمەڵایەتی و رەفتاری هەیە، بەتایبەتی دەرفەتی پەیوەندی راستەوخۆ دەدات لەنێوان بەکارهێنەراندا، بەجۆرێک توێژی منداڵان و هەرزەکاران دەکات ئامانج و هەوڵی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەدان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەیوەندییەکان، هەندێک ناوەڕۆک و دیمەن و رەفتار لەناو یارییەکەدایە کە ناتەبایە لەگەڵ بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها بڵاوبوونەوەی لینکی ساختە و پلاتفۆرمە نافەرمیەکان کە بانگەشەی پێشکەشکردنی پاداشتی ناو یارییەکە دەکەن و بەکارهێنراون بۆ دزینی داتا و زانیاری کەسی و هاندانی بەکارهێنەران بۆ ئەوەی دووبارە ئەو کەرەستانەی ناو یارییەکە بکڕنەوە، کە دەبێتە هۆی بارگرانی دارایی لەسەر خێزانە عێراقییەکان.
ئاماژەی بەوەکردووە، مەترسییەکی دیکە ئالودەبوونی دیجیتاڵی و دابڕانی کۆمەڵایەتییە لەنێوان گەنجان و بەکارهێنەراندا بەتایبەتی ئەگەر زیادەڕۆیی بکەن لە بەکارهێنانی یارییەکەدا.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێریی و بەدواداچوونی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەتی ئەوانەی زیان بە بەهاکات دەگەیەنن و مەترسین لەسەر بەکارهێنەرانیان.