هێشتا چارەنووسی 52 هەزار سەربازی جەنگی عێراق و ئێران نادیارە

#جەنگی هەشت ساڵە#عێراق#ئێران#بێسەروشوێن#قوربانی
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • خاچی سوری نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، هێشتا چارەنووسی 52 هەزار سەربازی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران نادیارە و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دیارکردنی چارەنووسیان و ئاڵوگۆڕی تەرمەکان.
Primary Asset

ئاڵوگۆڕی تەرمی قوربانیانی جەنگی هەشت ساڵە

سبەی

خاچی سوری نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، هێشتا چارەنووسی 52 هەزار سەربازی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران نادیارە و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دیارکردنی چارەنووسیان و ئاڵوگۆڕی تەرمەکان.

هیبە عەدنان، وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە عێراق رایگەیاند: هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دیاریکردن و ئاشکراکردنی چارەنوسی 52 هەزار سەربازی ئێران و عێراق کە لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیاندا بێسەروشوێن بوون، دۆسیەی مرۆیی بێسەرو شوێنەکان لە پێشینەی کارەکانیانە و هەموو هەوڵێکیان خستوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی روفاتەکان و رادەستکردنەوەیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی میکانیزمێک کە ساڵی 2008 و بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی جنێف ئیمزاکراوە، هەر سێ لایەنەکە کاردەکەن بۆ دیارکردنی ناسنامەی قوربانییەکان و رادەستکردنەوەیان بە لایەنی پەیوەندیدار.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای ئەم مانگەدا پڕۆسەیەکی دیکەی ئاڵوگۆڕی تەرمی 70 سەربازی عێراقی و 48 سەربازی ئێرانی ئەنجامدراوە، کە لە جەنگی هەشتاکانی سەدەی رابردوو کوژرابوون، ئەوەش دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و هونەرییەکان و ئاشکرا کردنی ناسنامەکانیان.

وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە عێراق روونیکردەوە، تیمە مەیدانییەکان روبەڕووی دۆخی قورس و ئاڵۆز بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی تەرمی قوربانییەکان لە ناوچە دوورە دەست و پیسبوو بە پاشماوەکانی جەنگ بەخاکسپێردراون، سەرەڕای ئەوەی سیستم و داتایەکی ووردی زانیاریی یەکگرتوویان لەبەردەستدا نییە، بۆ هاوتاکردنی زانیارییەکان و ناسینەوەی قوربانییەکان و دیاریکردنی ناسنامەکانیان.

جەنگی عێراق و ئێران

جەنگی ئێران و عێراق، كە لە ئێران بەناوی "جەنگی سەپێندراو، بەرگری پیرۆز، جەنگی هەشت ساڵە" و لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە بە "جەنگی قادسیە" و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهان بە "جەنگی كەنداوی یەكەم" دەناسرێت. درێژترین جەنگی رووبەڕووی سەدەی بیست بوو، دووەمین درێژترن جەنگ بوو دوای جەنگی ڤێتنام و نزیکەی هەشت ساڵی خایاند.

 جەنگەكە لە (22ـی ئەیلولی 1980) دەستی پێكرد لە (20ـی ئابی 1988) كۆتایی پێهات کۆی گشتی (حەوت ساڵ و 10 مانگ و دوو هەفتە و یەك ڕۆژ)ی خایاند.

دوای ئەوەی لە (20ـی تەمموزی 1987) لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری لەسەر گرێبەستی ئاشتی نێوان هەردوو وڵاتدا لەژێر ناوی بڕیارنامەی 598ـی ئەنجومەنی ئاسایش بە دەنگی هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندکرا، بەڵام تا (20ـی ئابی 1988) ئاگربەست بە تەواوەتی جێبەجێنەکرا.

زیانەكانی جەنگی هەشت ساڵە

بەپێی ئامار و راپۆرتەکانی حکومەتی ئێران زیاتر لە 123 هەزار کەس کوژراون و 60 هەزار كەسی بێسەروشوێن بوون، لەبەرامبەردا بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان قوربانیانی ئێران نزیکەی 600 هەزار کەس بوون، زیاتر لە 320 هەزار کەس برینداربوون، 45 هەزار کەسیان لێ بەدیلگیراوە.

زیانی ئابوری جەنگەگە بۆ ئێران گەیشتە زیاتر لە 627 ملیار دۆلار.

بۆ عێراقیش، نزیکەی 375 هەزار کەس کوژراون، 400 هەزار بریندار، 70 هەزار دیل، زیانی ئابوری جەنگیش بۆ عێراق زیاتر لە 561 ملیار دۆلار زیانی هەبووە.

لە هەردوولاش دەیان هەزار کەس بێسەرو شوێن بوون و تائێستاش زیاتر لە 52 کەس بە بێسەروشوێنی ماونەتەوە و چارەنوسیان نادیارە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی