پەرلەمانی ئیسرائیل پرۆژە یاسای لکاندنی کەناری رۆژئاوای فەڵەستینی بە ئیسرائیلەوە پەسەند کرد

#ئیسرائیل#کەناری رۆژئاوا#پەرلەمانی ئیسرائیل#کنێسێت
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئەمڕۆ چوارشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ئیسرائیل یەکەم هەنگاوینا بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە، ئەوەش دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە
Primary Asset

پەرلەمانی ئیسرائیل

سبەی

ئەمڕۆ چوارشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ئیسرائیل یەکەم هەنگاوینا بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە، ئەوەش دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)، پرۆژە یاسای سەپاندنی سەروەری ئیسرائیلی بەسەر کەناری رۆژئاوا پەسەندکرد.

یاساکە لە ژێر ناوی "سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر جودیا و سەمەریا [کەناری رۆژئاوا] 2025"ـە و لەلایەن ئاڤی مائۆز، پەرلەمانتارەوە پێشکەشکرا.

ئاڤی مائۆز، پەرلەمانتاری ئیسرائیل

دوای گفتوگۆیەکی توند لە نێوان ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل، پرۆژە یاساکە بە 25 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 24 دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە دەنێردرێت بۆ دامەزراوەی کاروبارەکانی دەرەوە و کۆمیتەی بەرگریی پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەسەری پێش خوێندنەوە و دەنگدانی دووەم و سێیەم لەسەری لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پەسەندبکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی پرۆژە یاسا پەسەنکراوەکە، یاساکانی ئیسرائیل، سیستمی دادوەری ئیسرائیل، کارگێڕی و سەروەری ئیسرائیل بەسەر کەناری رۆژئاوادا جێبەجێ دەکرێت.

پێش دەسپێکردنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە، ئاڤی مائۆز، وتی: "بە جێبەجێکردنی سەرەوەری ئیسرائیل بەسەر کەناری رۆژئاوا، رێڕەوی مێژوو راست دەکەینەوە، کە ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە،" پێشکەشکاری پرۆژە یاساکە دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی حکومەت دوودڵە، ئەرکی ئێمەیە وەک ئەندام پەرلەمان بە ئەرکی خۆمان هەڵبستین."

سەبارەت بە هەڵوێستی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، مائۆز رایگەیاند، داواکاریی سەرۆک وەزیرانی لەسەر دواخستنی پێشکەشكردنی پرۆژە یاساکە رەتکردووەتە و سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پرۆژە یاساکە پێشکەشی پەرلەمان بکات بۆ دەنگدان لەسەری.

کاتی دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاساکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل.

بەپێی یاساکانی پەرلەمانی ئیسرائیل، ئەگەر پرۆژە یاسایەک دەنگی پێویست بەدەستنەهێنێت ئەوا تا شەش مانگی داهاتوو ناخرێتەوە بەرنامەی کارەوە بۆ دەنگدان لەسەری. لە ماوەکانی رابردوودا، پرۆژە یاسایەکی هاوشێوە لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکی دیکە و بیزالیل سموتریچ، وەزیری دارایی پێشکەشی پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویستەوە شکستی هێنا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی