بەلەمێکی کۆچبەران
سبەی
لە كەناراوەكانی تونس كە دەكەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەهۆی نقومبوونی بەلەمەكەیان 40 كۆچبەر خنكان و 30 كۆچبەری دیكەش رزگاركران.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، وەلید شەتبری وتەبێژی دادگای پارێزگای مەهدیەی تونس رایگەیاندووە، رووداوەكە بەیانی رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 روویداوە.
وتیشی:"بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەكان 70 كۆچبەر لەسەر بەلەمەكە بوون".
خەڵكی وڵاتانی ئەفریقیا بوون
بەوتەی ئەو بەرپرسەی تونس، بەهۆی نقومبوونی بەلەمەكەوە 40 كەس خنكاون كە منداڵی ساواشیان تێدایە، توانراوە 30 كەسیش رزگار بكرێن و كۆچبەرەكانیش خەڵكی وڵاتانی ئەفریقیا بوون.
ئێستا چەند وڵاتێكی كەناراوی دەریای ناوەڕاست لە باكوری ئەفریقیا، بوونەتە مەترسیدارترین ناوچەی كۆچ لە جیهاندا، بەشێوەیەك بەپێی ئامارێكی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیی، لە ساڵی 2014 ەوە تائێستا 32 هەزار و 803 كەس گیانیان لەدەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
تونس لەگەڵ لیبیای دراوسێیدا بوونەتە دوو خاڵی سەرەكیی دەرچوونی كۆچبەران
لەم ساڵانەی دواییدا، تونس كە بەشێك لە كەناراوەكانی كەمتر لە 150 كیلۆمەتر لە دوورگەی "لامپیدۆسا" ی ئیتاڵیاوە دوورە، لەگەڵ لیبیای دراوسێیدا بوونەتە دوو خاڵی سەرەكیی دەرچوونی كۆچبەران لە باكوری ئەفریقاوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
لە ساڵی 2023 تونس بە بەهای 255 ملیۆن یۆرۆ، رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا واژۆكرد، كە نزیكەی نیوەی ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی تەرخان كرد، بەوەش تا ئاستێك كۆچی نایاسایی لەو وڵاتەوە بەرەو ئیتاڵیا كەمكردەوە.
بەڵام لە سەرەتای 2025 ەوە، نزیكەی 55 هەزار و 976 كەس گەیشتوونەتە كەناراوەكانی ئیتاڵیا، بەشێوەیەك لەسەر ئاستی ساڵانە 2% زیادیكردووە، زۆربەی ئەو كەسانە كە ژمارەیان 49 هەزار و 792 كەس بووە لە لیبیا و ئەوانی دیكەش لە تونسەوە چوون كە ژمارەیان سێ هەزار و 947 كەس بووە.
دەسەڵاتدارانی تونس دەستیان كرد بە لابردنی "خێمە" ی كۆچبەران
لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دەسەڵاتدارانی تونس دەستیان كرد بە لابردنی "خێمە" ی كۆچبەران كە دەیانویست لە كەناراوەكانی ئەو وڵاتەوە بە بەلەم و چووپ بەرەو ئەوروپا بچن، كە لەنێو باخە زەیتوون و دارستانەكانی كەناراوەكانی تونس دەمانەوە، بەتایبەتیش پارێزگای "سەفاقس" كە نزیكەی 20 هەزار كەسی تێدا دەژی.
كۆچبەرانی عێراقی و كورد لە لیبیا
10 رۆژ لەمەوبەر، ئەحمەد سەحاف، كاربەرێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیە رایگەیاند:12 كۆچبەری عێراقیمان دۆزیوەتەوە كە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە لیبیا.
وتیشی: لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا كەوتووینەتە هەماهەنگی بۆ سەلماندنی ناسنامەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ عێراق.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكانیش، ئەو كۆچبەرە عێراقیانەی لە لیبیا دۆزراونەتەوە، خەڵكی چەند ناوچەیەكی جیاوازی هەرێمی كوردستان بوون.
پێشتریش بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی كۆچی بەلێشاوی گەنجان و كێشەكانی پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی تونس و لیبیا و گەڕانەوەی دیپۆرتكراوەكان لە وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی، هۆشداریشیدایە هاوڵاتییان لە مەترسییەكانی ئەم ڕێگەیە و داوای لە حكومەتی هەرێم و عێراق كرد كە چارەسەر بۆ بێكاری بدۆزنەوە، چونكە بە وتەی ئەو بێكاری هۆكاری سەرەكی كۆچكردنیانە.
وتیشی: " تا ئێستا نزیكەی ٣٠٠ هاوڵاتی لە تونس و لیبیا گیرساونەتەوە، كە بەشێكیان لە ژێر دەسەڵاتی حكومەت دان، سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكان دەكەم كە لەسەر خەتن و هەوڵیان داوە ئەوانەی لەسەر خەتن بیانگێڕنەوە".
بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان ڕوویان كردووەتە ئەوروپا.