تورکیا مانەوەى هێزەکانى لە هەرێم و رۆژئاواى کوردستان بۆ سێ ساڵى دیکە درێژکردەوە

#تورکیا#هەرێمى کوردستان#رۆژئاواى کوردستان
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ساڵى 2014 بۆ یەکەمجار پەرلەمانى تورکیا بریارى ناردنى هێزى سەربازى بۆ عێراق و سوریا پەسەندکرد و ساڵى 2023 درێژکرایەوە، بەپێی بڕیارە نوێیەکەش، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا تا ساڵى 2028 لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن.
Primary Asset

سبەى

پەرلەمانى تورکیا درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و مانەوەى هێزەکانى لە هەرێم و رۆژئاوى کوردستان بۆ سێ ساڵى دیکە درێژکردەوە، ئەوەش بە ئامانجى ریشەکێشکردنى هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکانى سەر وڵاتەکە.

ئاژانسى ئەنادۆڵى فەرمى تورکیا بڵاویکردەوە، شەوى رابردوو لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا یاداشتى سەرۆکایەتى کۆمار بۆ درێژکردنەوەى وادەى ناردنى سەرباز و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق و سوریا درێژکراوەتەوە بۆ ماوەى سێ ساڵى دیکە لە بەروارى 30 ى تشرینى یەکەمەوە.

لە یاداشتەکەدا کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاوە واژۆکراوە، ئاماژە بە بەردەوامى هەڕەشەى "تیرۆر" کراوە لەناوچە سنورییەکانى باشورى تورکیا و هەوڵەکان بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیی ئەو وڵاتە دانراوە.

هەروەها جەخت لە پابەندبوونى تورکیا بە پاراستنى یەکێتى خاکى عێراق و سەقامگیریی ئەو وڵاتە کراوەتەوە.

درێژکردنەوەى مانەوەى هێزەکانى تورکیا لە هەرێم و رۆژئاواى کوردستان لەکاتێکدایە، پڕۆسەى ئاشتى نێوان پەکەکە و تورکیا بەردەوامە و چەند هەنگاوێکى بڕیوە.

گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، رۆژى سێشەممە ناڕەزایەتی پارتەکەى دژى درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەربڕى و رایگەیاندبو: ناوچەکە لە نێو شەڕ و قەیرانێکی گەورەدا، پێشنیازەکانی حکومەتیش بۆ درێژکردنەوەی پرۆسە و ئەرکە سەربازییەکانیان لەو وڵاتانە، پەرەی زیاتر بە شەڕەکە دەدەن. 

ئاماژەی بەوەشکردبوو، خواست هەیە سەربازی نوێ رەوانەی ئەو وڵاتانە بکرێت. بە هیچ جۆرێک ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە، ئەم پێشنیازانە وەک ئاسایشی وڵات پێشکەش دەکەن، بەڵام بۆ دەستوەردانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە.

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتى باسى لەوەشکردبوو، زیاتر لە 11.4%ـی بودجەی گشتی وڵاتەکە بۆ بەرگری تەرخانکراوە. "حکومەتی تورکیا وەک ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی هەر دەستی پێنەکردبێت مامەڵە دەکات، بودجە بۆ هەژاران نییە، بودجەی کۆشک و مفتەخۆرەکانە."

ساڵى 2014 بۆ یەکەمجار پەرلەمانى تورکیا بریارى ناردنى هێزى سەربازى بۆ عێراق و سوریا پەسەندکرد و ساڵى 2023 درێژکرایەوە، بەپێی بڕیارە نوێیەکەش، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا تا ساڵى 2028 لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن.

تورکیا لە هەرێم

تورکیا لەماوەى شەش ساڵدا بە خێرایی ئامادەیی سەربازی خۆی لەخاکى هەرێمى کوردستان فراوانترکردووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى دروستکردووە، بەشێوەیەک تا کۆتایی ساڵى رابردوو لانیکەم 136 بنکەى سەربازی هەمیشەیی دروستکردووە.

بە سودوەرگرتن لە وێنەی مانگی دەستکرد کە لەلایەن شارەزایانەوە شیکراونەتەوە، لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و سەرچاوەکان، سوپای تورکیا تا مانگی کانوونی دووەمی 2024 لانیکەم 136بنکەى سەربازی هەمیشەیی لەخاکى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی.

تورکیا لەڕێگەی تۆڕی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانییەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستى بەسەر زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی هەرێمى کوردستان و عێراقدا گرتووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى بە نزیکەیی لەتەواوى سنورەکانى لەگەڵ هەرێم و عێراق دروستکردووە کە لە هەندێک ناوچە دەگاتە قوڵایی 40 کیلۆمەتر.

وێنەکانى مانگى دەستکرد دەریدەخەن، سوپای تورکیا لانیکەم 660 کیلۆمەتر ڕێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە. ئەم ڕێگایانە بووەتە هۆی بڕینی دارستانەکان و کاریگەرى هەمیشەیی لەسەر زەوی چیاکانى هەرێم بەجێهێشتووە.

هەرچەندە دروستکردنى بەشێک لەو بنکانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بەڵام 89%یان لە دوای ساڵی 2018 ەوە دروستکراون، ئەو ساڵەی کە تورکیا دەستیکرد بە فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە هەرێمى کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو.

سوپای تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم بنکەی خۆی لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان دامەزراند و لەو کاتەوە کار بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی دەکات.

یەکێک لەو بنکانە بنکەی سەرەکی سوپاى تورکیایە لە سنورى ئامێدى، کە دیواری کۆنکرێتی پتەوى هەیە کە تواناى بەرگەگرتنى تەقینەوەى هەیە، لەگەڵ بوونى تاوەرەکانی چاودێری و پەیوەندییەکان، شوێنی جوڵەی زرێپۆش.

تورکیا لە رۆژئاواى کوردستان

سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى لە مانگی ئابی ٢٠١٦ەوە، لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا، دەستیان بەسەر چەند ناوچەى رۆژئاواى کوردستاندا گرتووە و چەند ئۆپراسیۆنێکى سەربازییان لەو ناوچانە ئەنجامداوە.

لەگەڵ درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى، تورکیا بەنیازە چەک و کەرەستەی سەربازیی دیکە بۆ سوریا بنێرێت و بگاتە ڕێککەوتنێک کە ڕێگەی پێبدات هێزە کوردییەکانى سەر سنووری سوریا (هەسەدە) بکاتە ئامانج، ئەوەش بەپێی ئاژانسى بلومبێرگى ئەمەریکى.

ئاژانسەکە رۆژى هەینى رابردوو بە پشتبەستن بە بەرپرسانی تورکیا کە ناویان نەهێنراوە بڵاویکردەوە، ئەنقەرە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە، مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی سوریا دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتى دیمەشق.

 ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە لە باکوری سوریا جێگیر دەکرێن نەک لە باشوور، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەگەری گرژی لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و سوریا کە نزیکەی 30 ساڵە بوونی هەیە، بڕیارە مۆڵەتی بەئامانجگرتنی ئەو هێزە کوردییانەی کە لە دورى 5 کیلۆمەتر لە سنوورەوە کاردەکەن بۆ 30 کیلۆمەتر زیادبکرێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسەکە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی