
سوپای ڤەنزوێلا
سبەی
واشنتۆن ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە هەڵمەتێكی نوێدا لە زەریای هێمن سێ گومانلێكراوی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان كوشتووە وەك بەشێك لە هەڵمەتێكی سەربازی كە ئیدارەی ترەمپ لە مانگی ئەیلولەوە دەستیپێكردووە، لای خۆشییەوە نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا هۆشداری داوە لەوەی كە وڵاتەكەی پێنج هەزار مووشەكی دژە فڕۆكەی لەبەردەستدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لەكاتێكدا ئەمەریكا ڕایگەیاندووە كەشتییەكی لە زەریای هێمن كردۆتە ئامانج كە گومانی هەبووە ماددەی هۆشبەری تێدابێت، مادۆرۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڤەنزوێلا پێنج هەزار مووشەكی دژە فڕۆكەی گەورەی دروستكراوی روسیای لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هەڕەشەی سەربازی ئەمەریكا ئامادەبێت.
مادۆرۆ لە میانی وتارەكەیدا وتیشی:" هەموو سەربازییەك لە جیهاندا ئاگاداری هێزی سیستمی ئیگلائێسە و ڤەنزوێلا پێنج هەزار ئیگلا ئێسی هەیە، كەمتر نییە، زیاتریش نییە".
ئەوەش لە كاتێكدایە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە مانگی ئەیلولەوە زنجیرەیەك هێرشی دەریایی لە دژی ئەو كەسانە ئەنجام داوە، كە بە تیرۆریستی ماددەی هۆشبەری ڤەنزوێلا ناویان دەبات.
موشەكی ئیگلا ئێس، مووشەكێكی گەورەیە كە دەتوانرێت بەكار بێت بۆ خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكانەی لە ئاستێكی نزمدا دەفڕن و پێشتریش لە مەشقەكاندا بە فەرمانی سەرۆكی ڤەنزوێلا بەكارهاتوون.
هێرشی نوێی ئەمەریكا
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند هێرشێكی دیكە بۆ سەر بەلەمێك لە زەریای هێمن ئەنجام دراوە. بە وتەی ناوبراو، لە هێرشەكەدا سێ كەس كوژراون كە گومانی ئەوەیان لێدەكرێت ئەندامی تۆڕێكی "تیرۆریستانی تێوەگلاو لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە" بن.
پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریكا لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیX رایگەیاند: " ئەو تیرۆریستانەی ئەمڕۆ كوژران ئەوانە بوون كە بەشداربوون لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن". ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بوو بۆ قسەكانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی جەنگ دژی قاچاخچییەكانی ماددە هۆشبەرەكان.
جێگیركردنی حەوت كەشتی ئەمەریكی لە ناوچەی كاریبی
ئەمەریكا حەوت كەشتی و ژمارەیەك فڕۆكەی شەڕكەری لە ناوچەی كاریبیدا جێگیر كردووە بە مەبەستی جەنگ لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان، ئەو هێزە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە لانیكەم حەوت هێرشیان ئەنجامداوە كە لە ئەنجامدا لانیكەم ٣٢ كەس كوژراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی بە دەزگای هەواڵگری داوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی دژی ڤەنزوێلا.
ئەمەریكا نیكۆلاس مادۆرۆ و حكومەتەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی تۆڕێكی فراوانی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان بەڕێوەدەبەن، لە بەرامبەردا كاراكاس بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەتدەكاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەكات ئیدارەی ترەمپ بەدوای دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی بەرفراوانی نەوتی ڤەنزوێلادایە بە ئامانجی گۆڕینی حكومەتەكەی.
سەربازانی ئەمەریكا لە دارستانەكانی پەنەما مەشق و ڕاهێنان دەكەن
لە كاتێكدا واشنتۆن ژمارەیەكی زۆر هێزی دەریایی لە نزیك ڤەنزوێلا جێگیر كردووە، سوپای ئەمەریكا ڕۆژی چوارشەممە لە كەناراوەكانی كاریبی پەنەما مەشقی مانۆڕی بچووك و شەڕی دارستانیان ئەنجامداوە.
پەنەما ڕایگەیاندووە، نزیكەی ٥٠ كەس لە هێزی دەریایی ئەمەریكا لە نۆ تا ٢٩ی تشرینی یەكەم لە جەنگەڵەكانی وڵاتەكەدا راهێنان دەكەن بۆ ئەوەی لە یەكێك لە سەختترین ژینگەكاندا تواناكانیان تاقی بكەنەوە.
دیدیەر سانتاماریا، فەرماندەی سەبازی لە سوپای پەنەما بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەم راهێنانە تەنها بۆ بەرگری و پاراستنمانە، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی تاوانی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان ببینەوە.
ئەم نمایشە سەربازیانە لە كاتێكدایە، گرژیی نێوان ئەمەریكا و ڤەنزوێلا دروست بووە و تیایدا نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا واشنتۆن تۆمەتبار دەكات بەوەی كە هەوڵی رووخاندنی حكومەتەكەی دەدات.
