
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکوک
سبەی
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور ئاشكرایكردووە، پێشبینی دەكرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی داهاتوو بە رێژەی 86% بەرز ببێتەوە، بەراورد بە مانگی پێشوو.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی عێراق، لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، پێشبینی دەكرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەكاتێكدا لەم مانگەدا گەیشتۆتە نزیكەی 135 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیا لەژێر ناوی نەوتی كەركوك دا دەفرۆشرێت، بەهۆی ئەوەی لە تایبەتمەندیدا هاوشێوەن.
ئەو نەوتەی بۆ مانگی داهاتوو بڕیارە بفرۆشرێت بەسەر 12 كۆگادا دابەش كراون لە بەندەری جەیهانی توركیا، لەكاتێكدا مانگی رابردوو بەسەر شەش كۆگادا دابەش كرابوون، ئەوەش ئاماژەیە بۆ نزیكەی دوو هێندەبوونی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی كرایەوە.
رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتنی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان.
نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دوای لێدەكردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، لە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە كۆدەكرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور و لە كۆتا خاڵی سنوری نێوان توركیا و هەرێم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق تا دەگاتە بەندەری جەیهان.
لە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی سێ قۆڵیدا، لە كۆی 10 كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت 8 كۆمپانیایان بەشدارن، چاوەڕوان دەكرێت لە گەڕی دووەمی دانوستانەكاندا بۆ بەردەوامییدان بە رێككەوتنە سێ مانگییەكە و درێژكردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو كۆمپانیایانەی دیكەش بچنە چوارچێوەی رێككەوتنەكەوە. بەوەش بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت كە رۆژانە تێكڕا 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكرا.
