
ئاڵای ئەمەریکا و کەنەدا
سبەی
سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند، دەستبەجێ كۆتایی بە هەموو دانوستانە بازرگانییەكانی لەگەڵ كەنەدا دەهێنێت، بریارەكەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات كە حكومەتی جۆجێیی ئۆنتاریۆی كەنەدا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا رۆناڵد ریگان سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دژی سەپاندنی باج قسە دەكات.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال، نووسیویەتی: كەنەدا ریكلامێكی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا رۆناڵد ریگان سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بە نەرێنی باسی باجی بازرگانی كردووە، دەشڵێت "لە كاردانەوە بەو هەڵسوكەوتە ناشرینانە كۆتایی بە هەموو دانوستانە بازرگانییەكان لەگەڵ كەنەدا دەهێنم".
ئەوەش لە كاتێكدایە، سەرۆكی ئەمەریكا، باجی 35%ی بەسەر هاوردەی كەنەدا سەپاندووە، سەرەڕای ئەوەی بە پێی ڕێككەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ مەكسیك و كەنەدا بڕیارێكی لێخۆشبوونی دەركرد.
لەو ریكلامەدا كە ماوەی یەك خولەكە و هەفتەی رابردوو لە ئۆنتاریۆ پەخشكرا، دەنگی ریگان لە سەر ژمارەیەك ڤیدیۆ دەبیسترێت لەوانە بۆرسەی نیویۆرك كە بە ئاڵای ئەمەریكا و كەنەدا رازێنراونەتەوە، ئەم ڤیدیۆیە بەشێكە لە وتارێكی رادیۆیی ساڵی ١٩٨٧ی رۆناڵد ریگان كە تیایدا تیشك دەخاتە سەر بازرگانی دەرەكی.
لە ریكلامەكەدا ریگان دەڵێت: "كاتێك كەسێك دەڵێت با باج لەسەر هاوردەكردنی دەرەكی دابنێین، پێدەچێت كارێكی نیشتمانپەروەرانە بكات بە پاراستنی بەرهەم و هەلی كار لە ئەمەریكا، هەندێكجار بۆ ماوەیەكی كورت قازانجی لێدەكەوێتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا، ئەم جۆرە بەربەستە بازرگانییانە ئازاری هەموو ئەمەریكی و كرێكار و بەكاربەرێك دەدات.
دەشڵێت "بە ناچاری گومرگی بەرز دەبێتەهۆی تۆڵەسەندنەوەی وڵاتانی دیكە و دەستپێكردنی شەڕی بازرگانی توند و لە ئەنجامدا بازاڕەكان بچووك دەبنەوە و دەڕووخێن، بازرگانی و پیشەسازییەكان دادەخرێن و ملیۆنان كەس كارەكانیان لەدەست دەدەن."
لای خۆیەوە دۆگ فۆرد سەرۆك وەزیرانی ئۆنتاریۆ لە پۆستێكی هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆكە نووسیویەتی "هەرگیز واز لە بەرەنگاربوونەوەی باجەكانی ئەمەریكا لەسەر كەنەدا ناهێنین".
دامەزراوەی رۆناڵد ریگان، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X رایگەیاندووە حكومەتی ئۆنتاریۆ "دەنگ و ڤیدیۆی هەڵبژێردراوی لێدوانەكانی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا سەبارەت بە باجەكانی بەكارهێناوە".
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، "حكومەتی ئۆنتاریۆ نە داوای مۆڵەتی بەكارهێنان یان دەستكاریكردنی ئەم وتارەی كردووە و نە مۆڵەتی بەكارهێنانی یاسایی وەرگرتووە".
دامەزراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ریكلامە نوێنەرایەتی لێكدانەوەی هەڵە دەكات بۆ وتارەكەی بەڕێز ریگان، دامەزراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە داوای یاسایی لە دژی بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگە تۆمار دەكەن.
ئەم ریكلامە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا بە بەهای ٧٥ ملیۆن دۆلاری كەنەدی (یەكسانە بە ٥٤ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی) لە تەلەفزیۆنییە گەورەكانی ئەمەریكادا بڵاوكرایەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، پێشتر ترەمپ باجی تایبەتی 50% لەسەر كانزاكان و 25% لەسەر ئۆتۆمبێلی كەنەدا سەپاندووە، لە ئەنجامدا ئەو باجانەی كۆشكی سپی بەتایبەتی لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبێل زیانێكی زۆری بە كەنەدا گەیاندووە و بۆتە هۆی لەدەستدانی هەلی كار و گرژبوونی بازرگانییەكان.
هەروەها باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، كلیپێكی هاوشێوەی ریگانی لە پۆستێكدا لە سەرەتای ئەمساڵدا بەكارهێنا بۆ رەخنەگرتن لە سیاسەتی ترەمپ بۆ سەپاندنی باج.
