10 گیانلەدەستدان لە رۆژێكدا؛ شەقامەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونەتە گۆڕەپانی مەرگ

#هاتوچۆ#رۆژهەڵاتی کوردستان#ئێران
15 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • لە رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنها لە رۆژێكدا 10 كەس بە هۆی پێنج رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، پۆلیسی رێگاوبانی ئێرانیش ئاشكرای دەكات ساڵی رابردوو نزیكەی 20 هەزار كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە لە نێوانیدا نزیكەی هەزار و 500 كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووە.
  • هەفتەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە زنجیرەیەك رووداوی هاتوچۆدا، لە دەیان كەس بوونە قوربانی و بە گوێرەی ئامارەكانی پۆلیس تەنها لە ئەنجامی پێنج رووداوی هاتوچۆ 10 كەس گیانیان لەدەستداوە.
Primary Asset

وێنەی رووداوێکی هاتوچۆ

سبەی

لە رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنها لە رۆژێكدا 10 كەس بە هۆی پێنج رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، پۆلیسی رێگاوبانی ئێرانیش ئاشكرای دەكات ساڵی رابردوو نزیكەی 20 هەزار كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە لە نێوانیدا نزیكەی هەزار و 500 كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووە.

هەفتەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە زنجیرەیەك رووداوی هاتوچۆدا، لە دەیان كەس بوونە قوربانی و بە گوێرەی ئامارەكانی پۆلیس تەنها لە ئەنجامی پێنج رووداوی هاتوچۆ 10 كەس گیانیان لەدەستداوە.

رووداوەكانی هاتوچۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان مەترسیدار و نیگەرانكەرە و  بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2025دا، لانیكەم 199 كەس بە هۆی رووداوەكانی هاتوچۆی دەرەوەی شار و گوندەكان لە پارێزگاكانی رۆژهەلاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 29 كەس بە رووداوی هاتوچۆ لەناو شارەكان گیانیان لەدەستداوە.

شارەزایانی یاسایی و هاتوچۆ لەبارەی هۆكاری روودانی ئەو ژمارە زۆرەی رووداوی هاتوچۆ بە ماڵپەری "ئێران ڤایەر" یان وتووە، بە پلەی یەكەم هۆكاری ئەو رێژە بەرزەی رووداوی هاتوچۆ بۆ كوالێتی نزمی رێگاوبانەكان دەگەڕێتەوە كە مەرجی سەلامەتی پێویستیان تێیدا نییە، زۆرێك لە رێگاو بانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوچە شاخاوییەكاندا تێدەپەڕێت، هەروەها نەبوونی رووناكی پێویست شەقام و رێگاوبانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی مەرگ.

بەوتەی شارەزایان، پیشەسازی ئۆتۆمبێلیش یەكێكی دیكەیە لە هۆكاری مردنی هاوڵاتیان، چونكە پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی حكومەت دایە و كۆمپانیا ئەهلییەكان توانای پێشبڕكێیان نییە، هاوكات هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بیانی بۆ ناو وڵات ڕێگەپێدراو نییە مەگەر لە رێگەی سەپاندنی باجێكی زۆر كە ئەوەش نرخی كۆتایی ئۆتۆمبێلەكە بە رادەیەك بەرز دەكاتەوە كە هاوڵاتیان توانای كڕینی ئۆتۆمبێلی بیانیان نامێنێت.

وەك شارەزایان باسی دەكەن، كولێتی ئۆتۆمبێل یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان، ئۆتۆمبێلی وەك سایپا، پژۆ 405، و سەمەند بە شێوەیەكی بەرفراوان بەرهەم دەهێندرێن بەبێ ئەوەی مەرجی سەلامەتی پێویستیان تێدا جێگیر بكرێت، هەروەها بەبێ ستاندرادی پێویست لە رێگاوبانەكانی كوردستان بەكار دەهێنرێن و بوونەتە تابووتی مەرگ. 

شارەزایان بەرپرسیارێتی شۆفێران و نەبوونی كلتوری شۆفێری بە هۆكارێكی دیكەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەزانن .

بە گوێرەی ئامارەكانی پۆلیسی رێگاوبانی ئێران لە ساڵی رابردوو نزیكەی 20 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 400 هەزار كەسیش بریندار و كەم ئەندام بوون.

بە گوێرەی پۆلیسی رێگاوبانی ئێران لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی كوردستان، نزیكەی هەزار و 500 كەس لە ماوەی ساڵی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە.

 ٩٤٣٥ كەس لە رووداوەكانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ١٤٠٢ كەس بە ڕێژەی ٣% كەمی كردووە، ژمارەی بریندارەكانی رووداوی هاتوچۆ ٣٨١ هەزار و ٤٨٤ كەس بووە، كە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی ٢.٥% كەمیكردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی