ترەمپ: ئێران چیتر چەوسێنەرێكی ناوچەیی نییە و شەڕی مانەوە دەكات

#ترەمپ#ئێران#ئەمەریکا
13 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ڕایگەیاند: كاتێك ئیدارەی بوش عێراقی وێران كرد، تاكە دەسەڵاتێك كە لە ناوچەكەدا مابووەوە ئێران بوو، دواتر ئەو وڵاتە بووە تاكە چەوسێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەمەریكا بە لە ڕێگەی هێرشێكی ورد و بەرفراوان  توانای ئەتۆمی ئێرانی بە تەواوی لەناوبرد و ئێستا هەڕەشەیەكی نزیك لەلایەن تارانەوە نەماوە.
  • ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئاشكرای كرد، هێرشەكە لە ماوەی 37 كاتژمێر و بە بێ هیچ هەڵەیەك ئەنجام دراوە.
Primary Asset

ترەمپ

سبەی

سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری تایم جارێكی دیكە باسی لە پرسی ئێران كرد و ڕایگەیاند، ئێران لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا زۆر لاواز بووە و چیتر چەوسێنەرێكی ناوچەیی نییە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ڕایگەیاند: كاتێك ئیدارەی بوش عێراقی وێران كرد، تاكە دەسەڵاتێك كە لە ناوچەكەدا مابووەوە ئێران بوو، دواتر ئەو وڵاتە بووە تاكە چەوسێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەمەریكا بە لە ڕێگەی هێرشێكی ورد و بەرفراوان  توانای ئەتۆمی ئێرانی بە تەواوی لەناوبرد و ئێستا هەڕەشەیەكی نزیك لەلایەن تارانەوە نەماوە.

ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئاشكرای كرد، هێرشەكە لە ماوەی 37 كاتژمێر و بە بێ هیچ هەڵەیەك ئەنجام دراوە.

سەرۆكی ئەمەریكا وتیشی" فڕۆكەوانەكان پێیان وتم جەنابی سەرۆك، ئێمە 22 ساڵە مەشقی ئەم هێرشە دەكەین، بەڵام هیچ سەرۆكێك نەیوێرا ئەو هێرشە بكات، منیش ئەوەم كرد، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕا".

"ئەگەر ئێران هەر هەمان دەسەڵاتی كۆن بوایە، هەرگیز رێككەوتنی ئاشتی نەدەكرا"

" ئەگەر ئێران هەر هەمان دەسەڵاتی كۆن بوایە، هەرگیز رێككەوتنی ئاشتی نەدەكرا، چونكە سێبەری هەڕەشەی ئێران هەمیشە بەسەر ناوچەكەدا بەردەوام بوو بەڵام  ئێستا ئەو هەڕەشەیە بوونی نەماوە". ترەمپ وای وت.

سەرۆكی ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئێران دوای هێرشەكەی ئەمریكا زۆر لاواز بووە و شەڕی مانەوە دەكات نەك شەڕی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ پێشتریش دوای هێرشی سوپای ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، چەندین جار لێدوانی هاوشێوەی دابوو و بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پەكخراوە و كۆماری ئیسلامی ئێران تەنها لە پێناو مانەوەی خۆیدا خەبات دەكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا كە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی نەتەنز و فۆردۆ و ئیسفەهان ئەنجامدرا، سوپای ئەمەریكا لە رێگەی شەش فڕۆكەی بۆمبڕێژكەری بی-٢ بە گشتی ١٤ بۆمبی گەورەی ١٣ تۆنی GBU-57/B دامەزراوەكانی فۆردۆ و نەتەنزیان كردە ئامانج، هەروەها ژێردەریایییەكی ئەمەریكی لە ناوچەكەدا بە دەیان مووشەكی تۆماهۆك دامەزراوەی پرۆسێسكردنی یۆرانیۆمی لە ئیسفەهان كردە ئامانج.

دوای ئەم هێرشە، دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد " بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە بۆ ماوەی چەند دەیەیەك پاشەكشەی پێكراوە و ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەستپێبكاتەوە، جارێكی دیكە دەكرێتە ئامانجی ‌ێرشەكانی ئەمەریكا".

لێدوانەكانی ترەمپ دوای ئەوە هات كە عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەم دواییانەدا لە وەڵامی هەڕەشەكانی پێشووی سەرۆكی ئەمەیكا رایگەیاندبوو كە پەیوەندی بە ئەمەریكاوە نییە كە ئێران دامەزراوەی ئەتۆمی دەبێت یان نا؟ و قسەكانی ترەمپی بە مایەپووچ و هەڵە وەسف كردبوو.

دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دوای  شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئێستادا تێكچووە و هەروەها سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران سەپێندراوەتەوە.

لە كاردانەوەشدا لەو كاتەوە ئێران هاوكارییەكانی لەگەڵ پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگرتووە و لە لایەكی دیكەوە، بەرپرسانی حكومەتی ئێران تا ئێستا چارەنووسی نزیكەی ٤٠٠ كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە دامەزراوە ئەتۆمییەكان دوای هێرشە سەربازییەكانی ئەمەریكا ڕوون نەكردووەتەوە.

لای خۆیەوە ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دووپاتی كردەوە، ئێران نزیكەی 400 كیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی  لەبەردەستدایە و بە زیادكردنی ئاستی پیتاندنی ئەم بڕە یۆرانیۆمە، دەتوانێت تا 10 بۆمبی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.

ترەمپ: كەس نەیوێرا قاسم سولەیمانی بكوژێت

لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ گۆڤاری تایم، ترەمپ كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئەم كارە خاڵی وەرچەرخان بوو گۆڕینی هاوكێشە ناوچەییەكان، ئێرانیش دوای ئەو رووادوە بوێری ئەوەی نەماوە هەڕەشە لە ئەمەریكا بكات.

قاسم سولەیمانی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراق، لە كاتی سەرۆكایەتی پێشووی ترەمپ لە مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٠ و لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكانیان لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران.

ترامپ ئیدارەكانی پێشووی ئەمەریكای بە تایبەتی باراك ئۆباما و جۆ بایدن تۆمەتبار كرد بەوەی لە رێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 رێگایان بۆ ئێران خۆش كرد بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، وتیشی" ئەگەر ئەو رێككەوتنە بەردەوام بووایە، ئێران ئەمڕۆ چەكی ئەتۆمی دەبوو".

لە كۆتایی چاوپێكەوتنە لەگەڵ گۆڤاری تایم، سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوەش كردەوە، "ئەگەر هێرش بۆ سەر ئێران رووی نەدابا، رێككەوتنی ئاشتی لە غەززە و نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل نەدەكرا".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی