"دڕکێک لە چاوی دەسەڵاتدا"؛ کچەکەی رەفسەنجانى زانیارى نوێ لەبارەى گیانلەدەستدانى باوکى ئاشکرادەکات

#فائیزە رەفسەنجانی#ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی#ئێران
11 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • فائیزە رەفسەنجانی، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران باوەڕی قووڵی خۆى نیشاندا کە ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی بە دەستی هێزە ناوخۆییەکان کوژراوە،
  • فائیزە رەفسەنجانی: باوکم کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا و کەسێکی رەخنەگر بووە و بۆیە بە دەست لایەنە ناوخۆییەکان لەناوبراوە
Primary Asset

سبەى

فائیزە رەفسەنجانی، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران باوەڕی قووڵی خۆى نیشاندا کە ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی  بە دەستی هێزە ناوخۆییەکان کوژراوە، نەک ئیسرائیل و روسیا.

فائیزە رەفسەنجانی کچی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی سەرۆک کۆمار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی ناوخۆیی ئێران ئاشکرای دەکات باوکی بەدەست هێزکانی ناوخۆی وڵاتەوە کوژراوە .

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، باوکی کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا و کەسێکی رەخنەگر بووە و بۆیە بە دەست لایەنە ناوخۆییەکان لەناوبراوە، دەشڵێت باوکی "دڕکێک بووە لە چاوی دەسەڵاتدا و چیدیکە نەیانتوانیوە لەبەرانبەریدا بێدەنگ بن و بۆیە کوژراوە".

ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی ڕۆژی نۆى کانوونی دووەمی ساڵی 2017 لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە مەلەوانگەیەک لە باکوری تاران کۆچی دواییکرد و دواتر پزیشکی دادی تاران رایگەیاند لە کاتی مەلەکردندا بارودۆخی تێکچووە و تا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە کۆچی دواییکردوە.

لەو کاتەوە زۆر کەس گومانیان لەسەر راگەیەنراوە فەرمییەکانی حکومەت گرت کە گیانلەدەستدانی رەفسەنجانیان بۆ هۆکاری سروشتی و راوەستانی دڵ گەڕاندەوە و سەرەتا حەسەن قازیزادەی هاشمی وەزیری پێشووی تەندروستی ئێران و پاشان هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی رەفسەنجانی گیانلەدەستدانەکەیان بە گوماناوی وەسف کرد.

فایزە هاشمی لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا هۆکارەکانی دەسەڵات بۆ لەناوبردنی باوکی زیاتر رووندەکاتەوە و دەڵێت "دەنگی باوکم لە هەموو شوێنێک دەبیسترا و رەخنەکانی بووە هۆی نیگەرانی هەندێک و چونکە نەیاندەتوانی دەستگیر یاخود زیندانی بکەن بۆیە بریاریاندا بیکوژن".

فایزە هاشمی هەروەها باسی لە ڕۆڵی باوکی کرد لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکاندا و وتی "باوکم ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بوو لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەگەرچی لێهاتووییەکەی دوایین جار بۆ کاندیدبوون لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پەسەند نەکرا و ڕێگری لێکرا خۆی کاندید بکات، بەڵام پشتیوانییەکانی لە حەسەنی روحانی بووە هۆی سەرکەوتنی روحانی بە زیاتر لە 18 ملیۆن دەنگەوە"، دەشڵێت"باوکم یارییەکانی تێکدەدا و هەمیشە گۆرانکاری لە پارەسەنگی هێز لە هەڵبژاردنەکان تێکدەدا و دەبوە هۆی ئەوەی نەخشەی لایەنەکانی بەرانبەر شکست بخواتر و نەگات بە ئەنجام".

ئەمە یەکەمجارنییە فائیزە هاشمی مەرگی باوکی بەگوماناوی وەسف دەکات و پێشتریش رایگەیاندبوو بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، جەستەی هاشمی ڕەفسەنجانی 10 هێندەی سنووری ڕێگەپێدراو ماددەى تیشکدەری تێدابووە.

پرسی کوژرانی عەلی ئەکبەر رەفسەنجانی دوای ئەوە هات کە یەحیا رەحیم سەفەوی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدران و راوێژکاری باڵای خامنەیی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، "هیوادارە خوا مەرگێکی باشی پێبدات نەک لە مەلەوانگەدا بمرێت".

هەرزوو قسەکانی یەحیا رەحیم سەفەوی کاردانەوەی توندی بنەماڵەی رەفسەنجانی لێکەوتەوە و منداڵەکانی گیان لەدەستدانی باوکیان بە گوماناوی وەسف کرد.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی