70 فەرماندە و شەش فیرقە و لیوا؛ وردەکاریی یەکگرتنى هەسەدە لەگەڵ سوپاى سوریا

#هەسەدە#سوریا#هاوپەیمانان
8 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەسەدە لیستى ناوى 70 فەرماندەى رادەستى هاوپەیمانان کرد کە دەبنە بەشێک لە سوپاى سوریا
  • بەشێک لەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن
  • لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت
Primary Asset

هەسەدە لیستى ناوى 70 فەرماندەى رادەستى هاوپەیمانان کرد کە دەبنە بەشێک لە سوپاى سوریا

سبەى

هێزەکانى سوریاى دیموکرات لیستى ناوى فەرماندەکانى ئەو یەکە سەربازییانەى رادەستى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کرد کە دەبنە بەشێک لە سوپا و وەزارەتى بەرگرى و فەرماندەیی ئەرکانى سوریا و فەرماندەیی سێ فیرقە و سێ لیواى تایبەت دەکەن.

لیستەکە ناوى نزیکەى 70 فەرماندەى سەربازى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە، ئەوەش بەپێی وتەى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ ئاژانسى نۆرس پرێسى رۆژئاواى کوردستان.

بەشێک لەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە، فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.

لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا، ئەوەش بەپێی ئاژانسەکە.

یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.

سەرچاوەیەکى رۆژئاوایی رادەستکردنى لیستەکەى پشتڕاستکردەوە و هیواى خواست بەزویی پڕۆسەى یەکگرتن ئەنجام بدرێت.

مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتى هەسەدە ناوەڕاستى تشرینى یەکەم ئاشکرایکرد، لەگەڵ حکومەتی سوریا بەشێوەیەکى سەرەتایی لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپاى نوێی ئەو وڵاتە رێککەوتوون.

قسەکانى عەبدى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا هات لەگەڵ ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێس، کە پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا مایەوە، دواى رێککەوتنیان لە 11ى ئاداردا لەو بارەیەوە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی (هەسەدە) دەبوو هێزەکانی لەگەڵ سوپای نوێی سوریا تێکەڵ بکرێن، بەڵام وردەکارییەکان بە ناڕوونی ماونەتەوە و جێبەجێکردنیش وەستاوە.

خاڵێکی سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لە سوپای نوێدا دەمێنێتەوە یان هێزەکە هەڵدەوەشێتەوە و ئەندامەکانی تاک بە تاک لە سوپای نوێدا دادەنرێن.

رێککەوتن لەسەر میکانیزمێک

عەبدی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون.

رونیشیکردەوە "ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی تری سەربازی کاردەکەن بۆ دیاریکردنی “میکانیزمە گونجاوەکان”.

هەروەها پێشبینی دەکات ئەو ئەندام و فەرماندانەی کە دەچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە، پۆستی باش و بەرز لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپا وەربگرن.

عەبدی وتی "بە پشتبەستن بە ئەزموون و خزمەتە درێژخایەنەکانیان شوێنێکی باش لەناو سوپای سوریادا بەدەستدەهێنن، ئەزموونەکەمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی سەربازی."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی پۆلیس لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریاش تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەبن.

عەبدی کە لە میانی سەردانى سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکە لەنێویاندا وەزیرانی دەرەوە و بەرگری کۆبووەوە دەڵێت، لەو ماوەیەدا گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی سەرەتایی" لەسەر میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپا.

ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدا بوون کە گرژییەکان لەزیادبووندا بوون. دیمەشق سەرەتای ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕێکخست کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەى نەگرتەوە. هەروەها لەسەرەتاى ئەم مانگەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانى هەردوولا لە گەڕە کوردییەکانى حەلەب روویدا.

رێگایەک بەرەو چارەسەرکردنی گرژییەکان

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکان دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکانی دیکەی وڵاتدا.

دەشڵێت، کوشتنی تائیفی لەلایەن چەکدارانی لایەنگری حکومەت و هێزە ئەمنییەکانەوە لە مانگی ئازاردا لە ناوچەی کەنار دەریاکانی سوریا و لە مانگی تەمموزدا لە پارێزگای سویدا لە باشووری سوریا، ترسی لای زۆرێک لە دانیشتوانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستکرد، وایکرد دوودڵ بن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

عەبدی وتی "ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بەشداربوو لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار". ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵام پێمان وایە ئەگەر پێشکەوتن لە ڕێککەوتنی مانگی ئاداردا بەدەستبهێنرێت و هەموو بڕگەکانی بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێن، ئەوا دەتوانین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە بکەین”.

ئەو فەرماندە کوردە باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕێگری لەو جۆرە هێرشە تائیفیانە بکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێک بکرێت کە هەموو سوورییەکان مافی یەکسانیان هەبێت و بەشداری بنیاتنانی دەوڵەت بکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەوان داواى فۆرمێکی لامەرکەزی دەکەن "بە دەسەڵاتەکانی دابەشکراو لەنێوان ناوەند و پارێزگاکان" لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق ترسی ئەوەی هەبووە کە لامەرکەزیەت ببێتە هۆی دابەشبوونی دیفاکتۆی وڵات.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئادار بەو مانایە دەبێت کە سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و ئابووری و سەربازییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکدەگرنەوە لەگەڵ دەسەڵاتەی کە بنکەکەی لە دیمەشقە.

لەگەڵ ئەوەشدا پرسیارەکان ماونەتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیای دراوسێ یەکگرتنى هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ناو سوپای سوریا وەک یەکەیەکی یەکگرتوو قبوڵ دەکات نەک هەڵوەشاندنەوەی.

عەبدی وتی "من پێموایە ئەگەر ئێمەی سوورییەکان ڕێکبکەوین - وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات - تورکیا هیچ بیانوویەکی نابێت بۆ دەستوەردان لە ناوخۆی سوریادا. ئێمە سەرنجمان داوە هەندێک نەرمی هەیە لە هەڵوێستی تورکیادا سەبارەت بە پەیوەستبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سوپای سوریاوە."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی