
پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکوک، پێش روداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر
سبەی
ناکۆکیی ناو پارتە عەرەبییەکان و بەتایبەتی دابەشبوونی سوننەکان بەسەر چەند بەرەیەکدا کاریگەریی لەسەر دەنگی لیستە عەرەبییەکان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک، پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەنگ و کورسی عەرەب بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکات و نیوەی کورسییەکانیان لەدەستبدەن.
کەشی کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کەرکوک هەستیارییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، سەرەڕای کێبڕکێی نێوان کورد و عەرەب و تورکمانەکان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی، ناکۆکی نەتەوەیی و مەزهەبییش باڵی بەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکەدا کیشاوە، جیا لە بابەتی خزمەتگوزاریی و ئاسایش و بوژانەوە.
پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک، زۆرترین ناکۆکیان هەیە، سەرکردەکانی عەرەب و بەتایبەتی سوننەکان دابەش بوون بۆ سەر چەندین بەرەدا ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی دەنگ و سەنگ و کورسییەکانیان هەیە.
بەپێی پێشبینی زۆرینەی شارەزایان و چاودێرانی هەڵبژاردن لە کۆی 13 کورسی پارێزگای کەرکوک 12 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای مەسیحییەکان، عەرەب لە باشترین حاڵەتدا تەنها 4 کورسی لە 12 کورسییە گشتییەکە دەبات، ئەگەر رێژەی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن بەرزبێت.
محەمەد عەلی جبوری توێژەری بواری سیاسی دەڵێت: عەرەبەکان بەسەر سێ بەرە و لیستی سەرەکیدا دابەش بوون، تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، هاوپەیمانی عەرەبی لیستەکەی راکان جبوری پارێزگاری پێشوو و دوورخراوە لە هەڵبژاردنەکان و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی.
هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، عەرەب 6 کورسی بردەوە، بەڵام بەهۆی دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو پێکهاتەی سوننە لە سەڵاحەدین و ئەنبار کاریگەریی لەسەر کەرکوکیش دروست کردووە و لە باشترین حاڵەت و زۆرترین بەشداریی پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکوک رەنگە بتوانن 4 کورسی بەدەستبهێنن. بەڵام بە ئەگەری زۆر تەنها 3 کورسی بەدەستدەهێنن.
لیستی تەقەدوم چانسی بردنەوەی 2 کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی یەک کورسی، رەنگە هاوپەیمانی عەزمیش کورسییەکی کۆتای ژنان لە سێ کورسییەکە بباتەوە، لەبەرامبەردا هاوپەیمانی حەسم توانای بردنەوەی هیچ کورسییەکی نییە و ئەگەری هەیە هەزاران دەنگی عەرەب بسوتێنێت بە رەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوو.
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد 7 کورسی پەرلەمانی بردەوە، 4 کورسی بۆ یەکێتی، 2 بۆ پارتی، یەک کورسی بۆ نەوەی نوێ، لەبەرامبەردا عەرەب 3 کورسی و تورکمان یەک کورسی و کورسییەکیش بۆ کۆتای مەسیحییەکان بوو.
بە وتەی عەلی عەزاوی چاودێری سیاسی، بەهۆی دابەشبوون و ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوو، لە باشترین حاڵەتدا پێکهاتەی عەرەب تەنها 4 کورسی دەباتەوە.
عەزاوی دەڵێت: تەقەدوم چانسی بردنەوەی دوو کورسی هەیە، عەزم و هاوپەیمانی عەرەبی هەریەکە و کورسییەک، بە ئەگەری زۆر هاوپەیمانی عەرەبی ئەو تاکە کورسییەش لەدەستدەدات ئەوەش بەهۆی دوورخستنەوەی راکان جبوری و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی ئەو لیستە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن. هەروەها خراپی ئەدای کارکردن و تۆمەتەکانی سەریان لە ماوەی رابردوودا.
ئەو شارەزایە پێیوایە، زۆرترین پێکهاتەی عەرەبی لە قەزا و ناحییەکانی حەویجە و رەشاد و ریاز و دبس بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، پێکهاتەی عەرەبی ناوەندی کەرکوک کەمتر بەشداریی دەنگدان دەکەن.
دابەشبوونی عەرەبی کەرکوک، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیاتر دەرکەوت، ئەندامانی هاوپەیمانی تەقەدوم چوونە پاڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و هەڵبژاردنی رێبوار تەها وەک پارێزگار و محەمەد حافز وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، کە بە رێککەوتن و کۆبونەوەی هۆتێل رەشیدی بەغداد بەناوبانگە.
لەلایەکی دیکەوە، مەهدی عزی چاودێری سیاسی پێیوایە، پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک تەنها 3 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەباتەوە، ئەوەش بەهۆی دابەش بوون و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆیانەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، سیستمی سانتلیگۆ لە بەرژەوەندی عەرەب نییە و بەهۆیەوە یەک بۆ دوو کورسی لەدەستدەدات، لەبەرامبەردا سیستمەکە لە بەرژەوەندی کوردە و کەمترین دەنگی بە فێڕۆ دەڕوات.
بەوتەی ئەو شارەزایە، لیستەکانی تەقەدوم، هاوپەیمانی عەرەبی و حەسم هەریەکە و کورسییەکی هەڵبژاردن دەبنەوە، لەبەرامبەردا هاوپەیمانی عەزم ناتوانێت هیچ کورسییەک بباتەوە و هەردوو پەرلەمانتارەکەی ئێستای کورسییەکانیان لەدەستدەدەن و ناتوانن بچنەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
