
سبەی
بنەماڵەکەی سەردانی ئۆجەلانیان کرد لە دوورگەی ئیمراڵی، دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان دوو رۆژی دیکە شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکاتەوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش ئامادەکاریی دەکەن بۆ سەردانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
بنەماڵەکەی سەردانی ئۆجەلانیان کرد
نووسینگەی یاسایی سەدە لە بارەی سەدانی بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زیندانی دورگەی ئیمراڵی و ئەنجامدانی دیداری لەگەڵیدا، بڵاویان کردەوە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداری لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی بنەماڵەکەیدا ئەنجامداوە، عومەر ئۆجەلانی برازای و پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتیشی تێدابووە.
نووسینگەی یاسایی سەدە بڵاوی کردەوە رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2025) عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە فاتیمە ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان، بەرفین ئۆجەلان و عەلی ئۆجەلان.
شاندی دەم پارتی دەچنەوە ئیمراڵی
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە رۆژی دووشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2025) شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ئۆجەلان بکات و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی بڵاوی کردەوە، پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی رۆژی 3ـی تشرینی دووەم دەچنە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ئەنجام دەدەن.
سەردانی شاندی دەم پارتی، دوای کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هات، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (30ـی تشرینی یەکەمی 2025) لە کۆشکی باشتەپە بەڕێوەچوو.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ كۆبوونەوەكە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پێكهابوون، ئافكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی ئاكەپە و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری "میت" بەشدارییان تێدا كرد. ماوەی كۆبوونەوەكەش یەك كاتژمێر دوور لە چاوی كامێراكان بوو.
دوای كۆبوونەوەكە شاندی دەم پارتی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "بۆ ماوەی كاتژمێرێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە، گفتوگۆی بۆچوون و پێشنیازەكانمان سەبارەت بە قۆناغی ئێستا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كرد".
سەردانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ هەینی کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (STK) لە وان بەڕێوەچوو، تیایدا مەراڵ دانش بەشتاش ڕایگەیاند: بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستی بە پەیوەندیکردنی ڕاوستەخۆ بە ئیمراڵیەوە هەیە و وتی: "ئاشتی بە بێ دیموکراسی هەمیشەیی نابێت. گەر گرەنتی و دۆخێکی یاسایی و دەستوری لە ئارادا نەبێت ئەوا لە داهاتوودا دۆخێکی دیکە دەکەوێتەوە. تا هەفتەی داهاتوو گوێ لە وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت دەگیرێت. بە دڵیناییەوە دەبێت ئێمەیش گوێ لە ئۆجەلان بگرین. لە هەموو جیهاندا چارەسەری بەم شێوەیە هاتوەتە ئاراوە. پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمراڵی بکرێت. هیوادارم ئەمە ئەنجام بدرێت و کاروباوری ئەم وڵاتە ڕێگەی درووست بگرێت."
جوڵەی نوێ
هەر لەبارەی قۆناغی نوێی پڕۆسەکەوە، نومان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمانی تورکیا كە سەرۆكی لیژنە پەرلەمانیەكەشە، رایگەیاند: "كاری لیژنەكە خەریكە بەرەو كۆتایی دەچێت و بەمزووانە راپۆرتی خۆی پێشكەش بە ئەمینداریەتی پەرلەمان دەكات، كە تێیدا چوارچێوەی هەنگاوە پێویستەكان دیاری دەكرێت، دوای دڵنیابوونەوە لە خۆهەڵوەشانەوەی رێكخراوەكە (پەكەكە)".
وتیشی: "ئەو لێدوانانەی لە ئیمراڵییەوە دەدرێن -لێدوانەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان- گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو بەتایبەت لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەی 26ـی تشرینی یەكەم دەرچوو كە هەنگاوێكی گرنگە".
کەجەکە داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، لەبارەی قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرییەوە رایگەیاند: پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تێكۆشانی چەکداری هێنا، ئێمە لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد، ئێستا دەبێت دەوڵەت هەنگاوی خێرا بنێت، دەبێت دان بە مافی هیوای عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بنێت و بنەمای سیاسەتی دیموکراتی بە شێوەیەکی یاسایی بپارێزرێت."
