
ساتی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر سودانی
سبەی
ساڵانێکە ناوی سودان لەگەڵ برسێتی و شەڕی ناوخۆ دەهێنرێت. برسێتی بووەتە سیمایەکی دیاری وڵاتەکە، ئەوەش سەرەڕای بوونی سەرچاوەی سروشتی و کانزایی بەنرخ و بەهادار. ناکۆکییەکانی دوای رووخانی حکومەتەکەی عومەر بەشیر زیاتر قووڵبوونەوە، هەرچەندە چاوەڕوانییەکانی دوای بەشیر پێچەوانەی ئەوە بوو سودانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیوایان بۆ دەخواست. دوای رووخانی بەشیر لە 2023ـەوە دووبارە سودان رووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاریی بووەتەوە و برسێتی بووەتەوە بە دەسیسەی وڵاتانی زۆر دەوڵەمەندی عەرەبی.
دەسەڵاتی 30 ساڵەی عومەر بەشیر لە 1989 لە رێگەی کودەتای سەربازییەوە دەستیپێکردووە. لە پێناو بەردەوامی دەسەڵاتەکەی، بەشیر پشتی ژمارەیەک گروپی خێڵەکی کۆچەری بەستووە بە ناوی "جەنجەوید". بۆ بەشیر جەنجەوید مستی ئاسنین و خوێناوی بووە بۆ بەردەوامی دەسەڵاتەکەی.
گرووپی چەکداری جەنجەوید لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە تاوانکاری جەنگ ناسێنراون، ئەوەش دوای کوشتنی نزیکەی 100 هەزار بۆ 300 هەزار هاوڵاتیی و ئاوارەکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتیی دیکەی سودانی.
بۆ پاککردنەوەی جەنجەوید لە 2013، عومەر بەشیر هێزەکەی کرد بە هێزێکی فەرمی 100 هەزار چەکداری و ناوی "هێزەکانی پشتیوانی خێرا"یان لێنرا. دواتر بە یاسایەک لە 2017، هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەربەخۆیی زیاتریان بەدەستهێنا.
بەهۆی نالەباری ژیان و برسێتییەوە لە 2019 هاوڵاتییانی سودان خۆپیشاندانیان دژی حکومەتەکەی بەشیر دەستپێکرد و بە یارمەتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا توانیان حکومەتی بەشیر لە دەسەڵات دووربخەنەوە. دواتر لە 2021، هێزەکانی پشتیوانی خێرا و هێزە چەکدارەکانی سودان پێکەوە کودەتایان کرد و کۆتاییان بە حکومەتی مەدەنی سودان هێنا، دوای دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆک وەزیرانی سودان.
دوای کۆتاییپێهێنان بە حکومەتی مەدەنی سودان، ناکۆییەکان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرکردایەتی حەمدان دەقلو (حەمیدەتی) و هێزە چەکدارەکانی سودان بە سەکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان لە 15ـی نیسانی 2023 تەقینەوە و دووبارە شەڕی ناوخۆ لە سودان دەستی پێکردەوە.
هۆکاری ناکۆکییەکان بۆ داواکارییەکی هێزە چەکدارەکانی سودان دەگەڕێتەوە بۆ چوونە ناو هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە یەکە و پێکهاتەی خۆیانەوە، ئەو داواکارییەش لەلایەن حەمیدەتیەوە رەتکرایەوە و شەڕ لە نێوانیان دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
دواین ئاڵۆزییەکان
هەردوو هێزەکەی سودان خاوەن خاک و دەسەڵاتی خۆیانن و هەوڵ بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی زیاتر دەدەن، بە تایبەت هێزەکانی حەمیدەتی.
دوای ماوەیەک لە هێرشەکانی حەمیدەتی بۆ سەر شاری ئەلفاشری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای سودان بە سەرۆکایەتی بورهان. رۆژی دووشەممەی رابردوو (27ـی تشرینی یەکەمی 2025). فەتاح بورهان کشانەوەی هێزەکانی لە شاری ئەلفاشر راگەیاند، وەک خۆی دەڵیت بۆ رێگەگرتن لە کوشتنی هاوڵاتییانی سڤیلی شارەکە و وێرانکردنی سیستماتیکی شارەکە.
بە داگیرکردنی ئەلفاشر کە گەورەترین شاری هەرێمی دارفۆرە، هێزەکانی حەمیدەتی کوشتارێکی زۆریان لە شارەکە ئەنجامدا. بەشێک لە کوشتارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
دوای کەوتنی شاری ئەلفاشیر، وەک پایتەختی باکووری دارفۆر، شارەکە دواین شار بوو لە ژێر دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی سودان بە سەرکردایەتی فەتاح بورهاندا بێت. بە کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن حەمیدەتییەوە، سودان بە تەواوەتی دابەشبووە بەسەر بەرەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوا، رۆژهەڵات لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی سودان و بەرەی رۆژئاوای سودان لە ژێر کۆترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە سەرکردایەتی حەمیدەتی.
لە ئەلفاشیر چی روویدا؟
دوای داگیرکردنی شارەکە لە رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2025)، لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی دوو هەزار کەس لە شارەکە کوژراون.
ماوەی 18 مانگ نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە نێو شارەکە لە ژێر ئابڵوقەی قورسی هێزەکانی حەمیدەتیدا بوون. لە ئەو ماوەیەدا رێگەیان نەداوە شارەکە خواردن و خواردنەوەیان پێبگات.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ماوەی دوو رۆژدا، 26 هەزار کەس بەپێ شارەکەیان بەجێهێشتووە، هەروەها لە ئێستادا نزیکەی 177 هەزار کەسی دیکە لە شارەکە گیریانخواردووە.
رۆڵی نەرێنی ئیمارات لە سودان
لە سودان، عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان، بۆ ماوەكی زۆر هاوپەیمانی ئێران بوو، هەروەها ئێران ركابەرێكی سەرسەختی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی عەرەبییە، لە نێویاندا ئیمارات. لەپێناو بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتی سەرۆكی سودان، شێخ مەنسور جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی ئیمارات، لە 2017 ژمارەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ ناوبراودا ئەنجامداوە، تەنانەت بەشیر سەردانی دوبەی پایتەختی ئیماراتی كردووە.
شێخ مەنسور سەركەتوو بوو لە بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتی عومەر بەشیر، دواتر ملیاران دۆلاری ئیمارات داباری بەسەر حكومەتەكەی بەشیردا.
عومەر بەشیر بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینوساید لە دارفۆر، لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانەوە داواكراوە، بەڵام بۆ ئیماراتییەكان تەنها بەدەستهێنانی ئامانجەكە گرنگ بوو. لە بەرامبەر پێدانی ملیاران دۆلار بە عومەر بەشیر، ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سودانی رەوانەی یەمەن كران بۆ شەڕكردن دژی حوسییەكانی یەمەنی هاوپەیمانی ئێران.
ئەوەش سەرەتای دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێی ئیمارات بوو لەگەڵ جەنەراڵ حەمدان. جەنەراڵ حەمدان دوای ئەوەی بوو بە هاوپەیمانێكی نزیكی شێخ مەنسور.
جێفری فیڵتمان، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئەفەریقا لە 2021 و 2022 رایگەیاند، "هەموو كات زانیومانە، شێخ مەنسور لە پشت پەردەی رووداوەكانی سودانەوەیە."
پەیوەندییەكانی مەنسور و خەرتوم
ملیاران دۆلاری ئیمارات نەیتوانی بەشیر رزگار بكات، لە 11ـی نیسانی 2019 بەشیر لەلایەن عەبدولفەتاح بورهان و بە هاوكاریی موحەمەد حەمدان دەقلو (حەمیدەتی) لە دەسەڵات دوورخرایەوە. هاوپەیمانێتییەكەی بورهان و حەمدان زۆری نەخایاند و كێشە كەوتە نێوانییانەوە و شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسا.
هەوڵی حەمیدەتی بۆ دەسەڵات گرتنە دەست ئەمەریكییەكانی توڕە كرد، چونكە بەهۆی ناكۆكی حەمیدەتی و بورهان ملیۆنان هاوڵاتیی سڤیل ئاوارەبوون، كە بووە هۆی قەیرانی برسێتی و جۆرەها كارەساتی دیكە.
هەرچەندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بورهان-یان وەك سەرۆكی سودان قبوڵ كردووە، بەڵام حەمیدەتی بەشێكی زۆر خاكی سودانی كۆنترۆڵ كردووە، وڵاتەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە.
ئەوەی پاڵپشتی حەمیدەتی دەكات، شێخ مەنسور و ئیماراتە، كە بە چەندین شێواز هاوكاری پێشكەش دەكەن. جگە لە پارە و هاوكاریی دارایی، بە چەندین رێگای جیاواز چەك و درۆن دەگەیەننە دەستی. بەو كارەیان ئاگری شەڕی ناوخۆیی سودانیان خۆش كردووە، ژمارەی قوربانیانی هاوڵاتیانی سڤیل بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
جگە لە دەستوەردانە سەربازییەكان، ئیمارات لەسەر رێگەی تێپەڕاندنی وەبەرهێنانی چین-ـییە لە ئەفریقا. كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لەلایەن خێزانی ئالنهیانەوە خاوەندارێتی دەكرێن، ملیاران دۆلاریان بۆ وەبەرهێنان لە كێڵگەی كانزا جیاوازەكان تەرخان كردووە، ئەوەش لە پێناو دەستكەوتنی داهاتی زیاتر لە رێگەی وەبەرهێنانی جیاوازی جگە لە نەوتەوە.
هەرچەندە ئیمارات رەتی دەكاتەوە پشتیوانی حەمدان بكات، ئەمەریكا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی نێوان فەتاح و حەمدان، زانیویەتی حەمدان لە دوبەی دەژی و بەردەوامە لە چەكداركردنی گروپەكانی.
هەناردەكردنی چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئیماراتەوە بۆ سودان بە ئاشكرا قورسە. بۆیە شێخ مەنسور لە رێگەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی خێرخوازییەوە لە وڵاتی چادی دراوسێی سودان چەكەكان دەگەیەنێت بە دەستی چەكدارەكانی حەمدان، ئەوەش واتە مەنسور لە ژێر ناوی كاری خێرخوازی كاری هەناردەكردنی چەك دەكات بۆ وڵاتانی ئەفەریقا.
چەكدارەكانی حەمدان كە لەلایەن شێخ مەنسور ئالنهیانی ئیماراتییەوە هاوكاری دارایی و سەربازی دەكرێن تاوانبارن بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی بە كۆمەڵ و ئەنجامدانی جینۆساید، لەسەر ئەو تاوانانە بەڵگەی زۆر بەردەستە.
شێخ مەنسور
پۆستە حوكومییەكەی شێخ مەنسور، جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكە، كۆنترۆڵی ژمارەیەك سێكتەری جیاوازی لە ئیمارات كردووە، وەك سێكتەری بانكیی و كۆمپانیای نەوتی.
شێخ مەنسور كەسایەتیی سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جیهانی لە رێگەی نەرمە هێزەوە، وەك بنیاتنانی ئیمپراتۆرییەتێكی میدیایی. مەنسور هاوبەشی هەریەك لە سكای بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی عەرەبییە. لە ماوەكانی رابردوودا بڕی یەك ملیار دۆلاری بەخشیوە بە سی ئێن ئێن لەپێناو بەدەستهێنانی ئیمپراتۆریەتی میدیایی لە سەرانسەری جیهاندا.
لە 2006 ئیماراتییەكان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆری میدیایی دەبوونەوە و وێنەیەكی ناشرینیان هەبوو لە جیهاندا، لەو كاتەوە هەوڵەكانی شێخ مەنسوور بۆ جوان نیشاندانی ئیمارات لە چاوی جیهاندا دەستی پێكرد.
لە 2008 بە بڕی نزیكەی 330 ملیۆن دۆلار یانەی مانچستەر سیتی كڕییەوە، دواتر پارەیەكی زۆری خستە بەردەم یانەكە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی یانەكە، سەركەوتووبوو لەو كارەیدا، ئێستا یانەكە یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان. ئەوەش وای كرد وێنەی ئیماراتییەكان لە شاری مانچستەر بدرەوشێتەوە.
دوای یانەی مانچستەر، شێخ مەنسور ژمارەیەك یانەی وەرزشی دیكەی كڕییەوە، وەك مێلبۆرن، مومبای و یۆكۆهاما.
هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە شێخ مەنسور، ئارەزوویەكی زۆری بۆ وەرزشی تۆپی پێ هەبێت، بەڵام لە ماوەی 17 ساڵدا كە خاوەنی یانەی مانچستەر سیتییە، تەنها دوو جار ئامادەی یارییەكانی یانەكەی بووە.
