
دیمەنێکی تاران
سبەی
تارانی پایتەختی ئێران بەهۆی وشكەساڵییەكی مێژووییەوە، لەبەردەم مەترسیی تەواوبوونی ئاوی خواردنەوەدایە لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا. ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتریش مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندبوو قەیرانی ئاو لەوە مەترسیدارترە كە باسی لێوە دەكرێت.
پێنج ساڵە وشكەساڵی گوشارێكی توندی خستۆتە سەر سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگای تاران
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران 'ئێرنا' لە زاری بەهزاد پارسا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی تاران بڵاویكردەوە، هاتنی ئاو بۆ بەنداوەكانی تاران بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 43%كەمی كردووە.
پارسا هۆشداریش دەدات لەوەی یەدەگی بەنداوی كەرەج، كە بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی ئاو لە تاران دابین دەكات، تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاوی خواردنەوەی تێدایە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی تاران باسی لەوەش كردووە، بەنداوی ئەمیر كەبیر، یەكێك لە پێنج سەرچاوەی سەرەكیی دابینكردنی ئاو بۆ شارەكە، تەنها 14ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە دەكاتە 8% ی توانای گلدانەوەی.
" ئەم بەشە ئاوە تەنها بۆ ماوەی كەمتر لە دوو هەفتە بەشی پێداویستییەكانی تاران دەكات، لە ساڵی رابردوودا، بەنداوەكە نزیكەی 86 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابووە، ئەم كەمبوونەوە بەرچاوە بۆ دابەزینی 100% ی رێژەی بارانبارین دەگەڕێتەوە". بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی تاران وا دەڵێت.
وەكو بەهزاد پارسا دەڵێت " لە هەمان كاتدا ساڵی رابردوو، یەدەگی ئاوی بەنداوی كەرەج نزیكەی 86 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا بووە، ئەم دابەزینە بێ وێنەیەش لە ئەنجامی كەمبوونەوەی بارانبارین لە پارێزگای تاران بە بەراورد بە تێكڕای درێژخایەنی ساڵانی رابردوو روویداوە".
وتیشی:" بۆ ماوەی پێنج ساڵە وشكەساڵی گوشارێكی توندی خستۆتە سەر سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگای تاران و ئەگەر بەكارهێنانی ئاو لەو شارە كۆنترۆڵ نەكرێت، ئاڵنگاری گەورە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە سەرهەڵدەدات".
ئەو بەرپرسەی كۆمپانیای ئاوی تاران، پاشەكەوتكردنی ئاو و چاكسازی لە شێوازەكانی بەكارهێنانی ئاو وەك تاكە رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێناسە دەكات.
لە چەند مانگی رابردوودا، لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی ئاو ، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار هۆشدارییان داوە لە دابەزینی یەدەگی بەنداوەكان، داوایان لە هاووڵاتییان كردووە ئاو پاشەكەوت بكەن.
پێشتریش لە مانگی تەمووزدا،محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی چوار بەنداوی سەرەكیی شارەكە بە رێژەی 87% ی دابەزیوە. بە وتەی كۆمپانیای ئاوی پارێزگاكە، بەهۆی وشكەساڵی پێنج ساڵی رابردوو و كەمیی باران، یەدەگی ئاوی بەنداوەكانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا.
تاران، زیاتر لە 10ملیۆن كەسی تێدا نیشتەجێیە و دەكەوێتە بناری باشووری چیای ئەلبورز، رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەكاردەهێنێت. بەهۆی ئەم قەیرانەوە، لە رۆژانی رابردوودا وەك رێكارێك بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو، لە چەندان گەڕەكی شارەكە ئاو بڕدراوە و ئەم حاڵەتە لە وەرزی هاوینیشدا بەردەوام بووە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی خۆجێی شارەكە لە مانگی ئابدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی بڕیاری داخستنی نزیكەی 20 هەزار تەوالێتی گشتییان دا.
لە مانگەكانی تەممووز و ئابدا، حكومەتی ئێران دوو جار پشووی فەرمی لە تاران راگەیاند بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بەكارهێنانی ئاو و وزە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ شەپۆلێكی گەرما و پچڕانی بەردەوامی كارەبا.
پێشتر مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران هۆشداریی دابوو لەوەی قەیرانی ئاو لە وڵاتەكە زۆر لەوە كارەساتبارترە كە باسی لێوەدەكرێت.
دۆخی نالەباری گۆلاوەكانی ئێران
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، لە نۆ گۆل و گۆماوی گەورەی ئێران لەوان گۆلی ورمێ، بەختەگان، پەریشان، جازموریان، گاوخونی، حەموون، مەهارلو، تاشك، و هۆز سۆڵتان لە شاری قوم، لە هاوینی ئەمساڵدا بە تەواوی یان تا ڕادەیەكی زۆر وشك بوون.
تەسنیم، بە ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری گۆلاوەكانی وڵات لە دوای وشكەساڵی یەك لە دوای یەكەكانی ساڵانی رابردوو، نووسیویەتی بە پێی خەمڵاندنەكانی رێكخراوی پاراستنی ژینگە، زیاتر لە 60%ی گۆلاوەكانی ئێران یان وشك بوون یان كەمتر لە نیوەی توانایان ئاویان هەیە.
كەمی هاتنە ژوورەوەی ئاو، زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاو و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی وەك گرنگترین هۆكارەكانی ئەم دۆخە هەژمار دەكرێت.
قەبارەی ئاوی ناو بەنداوەكانی وڵات لە یەك تا ١٦ی ئۆكتۆبەر ٧٨٠ ملیۆن مەتر سێجا بووە، كە بە بەراورد بە ساڵی رابردوودا بە رێژەی یەك ملیار و ٢٩٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابووە بە رێژەی ٣٩% كەمیكردووە.
قەیرانی ئاو لە ئێران دەرئەنجامی یەك ساڵ وشكەساڵی نییە، بەڵكو بەرهەمی دەیان ساڵەی خراپ بەڕێوەبردن و زیادەڕەوی لە دروستكردنی بەنداو و نەبوونی پلانێكی ستراتیژییە بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی كەم ئاوی.
