
سبەى
لە باشوری ئیسپانیا پشیلەیەکی کێوی سپی دەرکەوت، رەنگی ئاژەڵەکە زانایانى تووشی سەرسوڕمان کردووە، چونکە دەڵێن رەنگی بنەڕەتی خۆی سپی نییە. بەڵام دەڵێن گۆڕان لە رەنگیدا رەنگە بۆ کاریگەرییە ژینگەییەکان بگەڕێتەوە.
لە باشوری ئیسپانیا وێنەگرێکی تایبەت بە جیهانی ئاژەڵە کێوییەکان، بە رێککەوت ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی پیشلەیەکی کێوی سپی گرتووە. رەنگی ئاژەڵەکە دەگمەنە و دوای ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەوە، زۆرێک لەو کەسانەی ڵێکۆڵینەوە لە ئاژەڵە کێوییەکان دەکەن، بەهۆی دەگمەنیەکەیەوە بە "تارمایی سپی" ناویان بردووە.
تێپەڕبوونی پشیلە کێویەکە چەند چرکەیەکی خایاندووە، بەڵام بەڵگەیەکی زانستی خستووەتەڕوو، کە رەنگە کاریگەرییە ژینگەییان گۆڕان لە رەنگی ئاژەڵەکاندا دروستبکات، بەو پێیەی شارەزایان دەڵێن پشیلەی کێوی لە بنەڕەتدا رەنگی بۆرە و پەڵەی قاوەیی تێدایە.
لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوەدەکرێت، کە رەنگی پشیلە کێویەکە بۆ شارەزایان ناسراو بووە، بەڵام دەرکەوتنی لەرادەبەدەر دەگمەنە، ئەوەش ڤیدیۆی وێنەگرە ئیسپانییەکەی گرنگ کردووە.
خافێر سالسیدۆ پسپۆڕی بواری ژینگە دەڵێت، “ئێمە لێکۆڵینەوە لە گۆڕانی رەنگی ئاژەڵەکە دەکەین و پێمان وایە دەکرێت پەیوەندی بە بەرکەوتن بە هۆکارێکی ژینگەییەوە هەبێت”.
ئەو پسپۆرە دووپاتی کردەوە، ئەمە دووەم جارە توێژەران رووبەڕووی ئەم تایبەتمەندییە لە رەنگی پشیلەی کێوی دەبنەوە. چونکە پێشتر مێینەیەکی هەمان ئاژەڵیان لەو ناوچەیەدا بەدی کرد، کە رەنگەکەی گۆڕا بۆ سپی و دواتر بوەوە بە بۆر و قاوەیی. دەشڵێت پێدەچێت ئاژەڵەکە بە رەنگی ئاسایی خۆی لەدایک بووبێت، بەڵام لە شوێنێکدا رەنگەکەی گۆڕاوە، هەرچەندە رەفتارەکانی وەک خۆی ماوەتەوە.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی هەرێمی ئەندەلوس رایانگەیاندووە، هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لە وەرگرتنی نمونەی خوێن و توکی پشیلە کێویە سپییەکە، بە هیوای تێگەیشتن لە هۆکاری گۆڕانی رەنگەکەی.
