
سبەى
نەخۆشییەکانی دڵ هۆکارێکی سەرەکی مردنن لە ئاستی جیهاندا. نیشانە سەرەتاییەکانیشی بریتیە لە تەنگەنەفەسی و ئازاری سنگ لە کاتی ماندوبووندا.
دامەزراوەی دڵی ئەڵمانی جەختی کردووەتەوە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمدەبێتەوە بە جێبەجێکردنی ئەم هەشت رێگایە:
1. چاودێری پەستانی خوێن
بەرزی پەستانی خوێن باوترین هۆکاری مەترسییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بۆیە دەبێت بە بەردەوامی چاودێری پەستانی خوێنمان بکەین تا بەدوربین لە زیانەکانی.
2. پشکنینی ئاستی کۆلیسترۆڵی LDL
ئاستی بەرزی کۆلیسترۆڵی (LDL) کە بە کۆلیسترۆڵی "خراپ" ناسراوە، دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەکان، کە هۆکارێکی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکە.
3. چاودێریکردنی شەکری خوێن
پشکنینی شەکری خوێنی سێ مانگی (HbA1c) زانیاری لەسەر ئاستی شەکری خوێن لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا دەخاتەڕوو. بەرزی ئاستی HbA1cمەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.
4. وازهێنان لە جگەرەکێشان
جگەرەکێشان زیانی بۆ دڵ و خوێنبەرەکان هەیە. وازهێنان لە جگەرەکێشان کاریگەرترین رێگایە بۆ گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروست.
5. دابەزاندنی کێش
زیادبوونی کێش و قەڵەوی هۆکاری مەترسین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان. کێشی زۆر چەورییەکانی دەوروبەری دڵ بەرزدەکاتەوە. کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
6. وەرزشکردن
چالاکیی جەستەیی یارمەتی دابەزاندنی چەوری خوێن و ئاستی شەکر و پەستانی خوێن دەدات. مەترسی تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە و دڵ بەهێز دەکات. وەرزش و چالاکی جەستیی رۆژانە وەکو رۆیشتنێکی خێرا، راکردن، پاسکیلسواریی و مەلەکردن لە نێوان 30 بۆ کاتژمێرێک بۆ تەندروستی دڵ پێویستە.
7. خۆراکی تەندروست
خۆراکی تەندروست هەوکردن لە جەستەدا کەم دەکاتەوە، کارکردنی دەمارەکانی خوێن و هەستیاری ئەنسۆلین باشتر دەکات و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت. هاوکات یارمەتی رێگریکردن لە قەڵەوی دەدات. پزیشکانی دڵ رێنماییمان دەکەن، کە ژەمەکانمان دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە و دانەوێڵەی تەواو و زەیتی زەیتون و ماسی.
8.خەوتنی پێویست
خەوتن پەیوەندییەکی نزیکی بە تەندروستی دڵەوە هەیە. لە کاتێکیشدا ئەگەر لە خەو هەڵسایت و هەستت بە سستی و ماندوبوون کرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.
