
لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى 79.3%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 76.8%، دواتر هەولێر و کەرکوک بە رێژەى 70.1%
سبەى
وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دابەشکردنى کارتى دەنگدان لە رۆژى دەنگدانیشدا بەردەوام دەبێت، بە ئامانجى ئەوەى زۆرترین دەنگدەر بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن رۆژى دووشەممە بە "سبەى" راگەیاند، دابەشکردنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بەردەوام دەبێت تەنانەت لە رۆژى دەنگدانیشدا.
وتیشى، کۆمسیۆن چارەسەرى دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەرى کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر، ئەوەش لە رێگەى پەیوەستکردنى کامێرا بە ئامێرى پشتڕاستکردنەوەى ئەلیکترۆنى، کە وێنەى سەر کارتى بایۆمەترى دەنگدەرەکە هاوتا دەکات لەسەر زانیارییەکانى دەنگدەرەکە کە لە ئامێرەکەدا تۆمارکراون.
وتەبێژى کۆمسیۆن جەختیکردەوە، ئامانج لەو هەنگاوە ئەوەیە زۆرترین دەنگدەر بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و بەشدارى هەڵبژردن بکەن.
دابەشکردنى کارتى نوێ
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دابەشکردنى زیاتر لە 57%ى کارتە نوێیەکانى دەنگدانى راگەیاند و پارێزگاى دهۆک لە پلەى یەکەمدایە بە دابەشکردنى 79.3%ى کارتەکان.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 27ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 382 هەزار و 821 کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت.
بەپێی ئامارەکان رێژەى دابەشکردنى کارتە نوێیەکان گەیشتووەتە 57.5%.
ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى 79.3%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 76.8%، دواتر هەولێر و کەرکوک بە رێژەى 70.1%.

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى.
کۆمسیۆن لە ٢٢ی ئەیلولەوە دەستیکرد بە دابەشکردنی کارتی نوێی دەنگدان و تا رۆژى هەڵبژاردن پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
