كشانەوەی پەكەكە هەنگاوێكی گرنگە؛ دوای ئۆجەلان باخچەلیش پەیامێكی بڵاوكردەوە

#تورکیا#ئۆجەلان#باخچەلی#پەکەکە#کورد
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی".
  • پەیامەكەی باخچەلی دوای ئەوەدێت، كە ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی ئیمراڵی دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ناوەڕۆكی دیدارەكە و پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە.
Primary Asset

باخچەلی و ئۆجەلان

سبەی

دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی".

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" لەكۆبوونەوەی ئاسایی پارتەكەی رایگەیاند:" ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن".

سەرۆكی مەهەپە باسی بوونی "مەترسی لەسەر دەوڵەتی توركیا" كرد و وتیشی "دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجلان بگرن و بەقسەی بكەن".

دەوڵەت باخچەلی باسی لەوەشكرد، مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەوێت.

مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەوێت

سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە لە ساڵی 2016 ەوە لە زیندانە و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەمڕۆ دووبارە داوای ئازادكردنی كرد، باخچەلی وتی " ئازادكردنی دەمیرتاش دەبێتە مایەی خێر بۆ توركیا".

سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند "ناوچەكە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانكارییدایە" و ئاماژەی بەوەشدا "ناوچەكە لە چەند شەڕێكی گەورەدایە و نەخۆشییەكانی سیستم تا دێت زیاتر دەكات".

"وەك مەهەپە رۆڵمان هەبووە لە قۆناغی گرنگی ئێستای توركیادا، پێشكەوتنی گرنگیش لە پرسی ئاشتیی و پاراستنی توركیادا بەدیهاتووە". دەوڵەت باخچەلی وای وت.

باخچەلی پێشوازی لە هەنگاوی کشانەوەی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە کرد لە خاکی تورکیا و باکوری کوردستان و بە هەنگاوێکی “گرنگ” وەسفی کرد. داواشی کرد “ناکۆکی لەنێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش دروست نەکرێت”.

پەیامەكەی باخچەلی دوای ئەوەدێت، كە ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی ئیمراڵی دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ناوەڕۆكی دیدارەكە و پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی، ئۆجەلان وتویەتی "بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیەی هەیە بە باشی بەرەوپێش بچێت، دەبێت مێژوو و سۆسیۆلۆجی بەو رەنگەی هەن بە جددی هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت، گرنگە ئەوە بچەسپێنرێت كە تێكەڵیی كورد و تورك وەكو دوو ستونی دوو هەزار ساڵە گەیشتۆتە ئەم سەردەمە، پێویستە هەردوو ستونەكە ببینرێن و لێیان تێبگەن و راست بكرێنەوە، بەوشێوەیە یەكێتی بەهێز بكرێت".

ئۆجەلان هەروەها دەشڵێت " پێویستە نەك بە كێشانی هێڵەكان، بەڵكو بە دروستكردنی ئاسۆیەك كە كێشەكانی رۆژانەمان لەخۆ بگرێت، مامەڵە بكەین".

"ئێمە هەوڵێكی جددی دەدەین لەسەر پرسێكی مێژوویی لە ژێر بارودۆخێكی سنوورداردا، هەوڵ دەدەین قۆناغێكی ئەرێنی پەرە پێبدەین نەك قۆناغێكی تێكدەرانە و نەرێنی. هێنانە ناوەوەی دیاردەی كورد بە هەموو لایەنەكانییەوە لە چوارچێوەی یاسایی بوونی كۆماردا، پرۆسەی گۆڕانكاری بەهێز دەبێت بنەمای ئەمە بێت، گواستنەوە بۆ یاسایی وەك دیاردەیەكی گشتگیر دەبێتە هۆی پتەوكردنی بناغە یاساییەكانی كۆماری دیموكرات".

"دەرفەتی یەكگرتنی دیموكراسی كە ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە، هەم ناوچەییە و هەم جیهانییە"

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەڵێت "دەرفەتی یەكگرتنی دیموكراسی كە ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە، هەم ناوچەییە و هەم جیهانییە، بۆ ئەوەی بەرەو قۆناغێكی ئەرێنی بڕۆین، پێویستە بەردەوام بین لەم پرۆسەیە، گرنگە هەموو كەسێك بە هەستیاری و جددی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە بكات".

سەردانی شاندی دەم پارتی، دوای كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هات، كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (30ـی تشرینی یەكەمی 2025) لە كۆشكی باشتەپە بەڕێوەچوو.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ كۆبوونەوەكە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پێكهابوون، ئافكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی ئاكەپە و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری "میت" بەشدارییان تێدا كرد. ماوەی كۆبوونەوەكەش یەك كاتژمێر دوور لە چاوی كامێراكان بوو.

دوای كۆبوونەوەكە شاندی دەم پارتی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "بۆ ماوەی كاتژمێرێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە، گفتوگۆی بۆچوون و پێشنیازەكانمان سەبارەت بە قۆناغی ئێستا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كرد".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی