
سبەی
بەڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکان و داهێنانە تەکنەلۆجیا نوێیەکان و پەرەسەندنی زیاتری دراوی ئەلیکترۆنی، بەشێک لە شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن بەرزترین ئاستەکانی نرخی زێڕ لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و پێشبینی دەکەن بە ئاراستەی لەدەستدانی بەشێک لە نرخەکەی ئێستای بڕوات.
کەتی وود، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ARK Invest بە سکای نیوز عەرەبی راگەیاندووە، تۆمارکردنی بەرزترین نرخەکانی زێڕ لە کۆتایی نزیک بووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکان و داهێنانە تەکنەلۆجییەکان، کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان لە کانزا بەنرخەکاندا دروستکردووە.
وود روونیکردەوە لە مێژوودا نرخی زێڕ لە دوو بۆنەدا گەیشتە لوتکە: یەکەمیان لە دوای داڕمانی بازاڕ لە ساڵانی 1929-1930. دووەمیشیان لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەو ئاستە بەرز و پێوانەییانەی نرخی زێڕ، بازاڕەکان لە ماوەی چەند ساڵی دواتردا، دەستیانکرد بە وازهێنان لە وەبەرهێنان لەو کانزایەدا.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ARK Invest پیشبینی کردووە هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 1980دا روویدا. دووبارەببێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا نرخی زێڕ دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. وتوشیەتی گۆڕانکارییەکانی سیستمی دارایی جیهانی و پەرەسەندنی زیاتری دراوە ئەلیکترۆنییەکان، پشتبەستن بە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران کەمدەکاتەوە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا کەتی وود دەڵێت، لە ئێستادا بیتکۆین جێگرەوەیەکی دیجیتاڵی بەنرخە، کە رەنگە لە داهاتوودا نرخی یەک بیتکۆین بگاتە یەک ملیۆن دۆلار. لەکاتێکدا زێڕ وردە وردە لە بەرزترین ئاستەکانی نرخی خۆی پاشەکشە دەکات.
ئەو شارەزا ئابورییە، داهێنانە تەکنەلۆجییەکان بە کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕە داراییەکان بەستووەتەوە. ئاماژەی بەوەکردووە کە تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی بەشدارە لە گەشەکردنی وەبەرهێنانی نوێ و وادەکات وەبەرهێنەران خواستی وەبەرهێنانیان لە سامانە باوەکانی وەکو زێڕ کەمببێتەوە.
هاوکات باسی لەوە کردووە کە ئەمڕۆ وەبەرهێنەران وەبەرهێنان لە سامانە تەکنەلۆجییەکان دەکەن، کە داهاتی درێژخایەن پێشکەش دەکەن، بە پێچەوانەی زێڕەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دراوە دیجیتاڵییەکان بەردەوام دەبن لە پەرەسەندن، ئەمەش پێویستی بە زێڕ بۆ پاراستنی سەروەت و سامان کەمدەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە وەبەرهێنەران بیر لە هەمەچەشنکردنی سامانەکانیان بکەنەوە، بەجۆرێک تەکنەلۆجیا و دراوە دیجیتاڵییەکانیش بگرێتەوە.
