هەڵکشان و داکشانى نرخ؛ نەوتى سپى بە ئاڕاستەى بەنزین هەنگاو دەنێت

#بەنزین#نەوتى سپى
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • وتەبێژی بازاڕی سوتەمەنی سلێمانى: ئەگەر بەرهەمهێنانى نەوت و بەنزین زیاد بکات، نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە نرخی پێشووی
  • نەوت و کانزاکانی سلێمانی پێشبینى دابەزینى نرخى نەوتى سپى دەکات ئەوەش بەهۆى بەردەوامى دابەشکردنى نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا
Primary Asset

سبەى-هانا مەحمود

نرخى بەنزین لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان دابەزى و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش دابەزێت، ئەوەش بەپێی پێشبینى بازرگانانى ئەو سوتەمەنییە، لەکاتێکدا بەرهەمە نەوتییەکانى سلێمانیش پێشبینى دەکات بەهۆى دابەشکردنى نەوتى سپییەوە نرخى ئەو بەرهەمەش روو لە دابەزین بکات.

رۆژى دووشەممە نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان 25 دینار دابەزى، ئەوەش دواى نزیکەى 20 رۆژ لە بەرزبوونەوەى نرخەکەى بەبڕى 50 دینار، بەڵام هێشتا نەگەڕاوەتەوە نرخى پێشووى.

رامیار رزگار وتەبێژی بازاری سوتەمەنی سلێمانى بە “سبەى” راگەیاند، تا ئێستا 25 دینار لە نرخی گاز و بەنزین دابەزیوە و ئەگەر بەرهەمهێنانى نەوت و بەنزین زیاد بکات، نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە نرخی پێشوی.

نرخی لیترێک بەنزین نۆرماڵ لە ئێستادا بە 925 دینارە و موحەسەن بە 1025 دینارە.

بەپێی ئامارەکان، خواست لەسەر بەنزین رۆژانە لەنێوان پێنج بۆ شەش ملیۆن لیتردایە.

سەبارەت بە نرخى نەوتى سپى، رامیار رزگار دەڵێت تا ئێستا نرخەکەی دانەبەزیووە خواستی هاوڵاتییان زۆرە لەسەرى.

سەلام عومەر وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە "سبەى" راگەیاند، ئەو بەنزینەى لە بازاڕ هەیە بەنزینى بازرگانییە و نرخەکەى پەیوەستە بە خواست و خستنەڕووە و بەو هۆیەوە نرخەکەى دابەزیوە.

لەهەرێمى کوردستان بەنزین لەچەند سەرچاوەیەکەوە دابین دەکرێت، بەشێکى زۆرى بەرهەمى پاڵاوگە ناوخۆییەکانە کە بە نرخى بازرگانى دەفرۆشرێت، بەشێکى دیکەشى بەرهەمى عێراقە کە نرخى هەر لیترێکى بە 750 دینارە، ئەوەى دیکەشى بەقاچاخ لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت.

لەبارەى نرخى نەوتى سپى، سەلام عومەر پێشبینیکرد نرخى نەوتى سپى روو لە دابەزین بکات، ئەوەش بەهۆى بەردەوامى دابەشکردنى نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا کە هەر بەرمیلێکى بە 104 هەزار دینار بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت، لەکاتێکدا لە بازاڕى رەش نرخەکەى گرانترە.

بەپێی بەدواداچوونى “سبەى”، نرخى بەرمیلێک نەوتى سپى بەرهەمى پاڵاوگە ناوخۆییەکان لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان لەنێوان 160-165 هەزار دیناردایە و لە ئێستاوە بەشێک لە هاوڵاتیان دەستیان کردووە بە کڕینى بەمەبەستى بەکارهێنانى بۆ وەرزى زستان.

جگە لە نەوتى پاڵاوگە ناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان، چەند جۆرێکى دیکەى نەوتیش لە بازاڕەکان دەفرۆشرێن کە پێکهاتوون لە نەوتى بێجی و عێراق و ئێران.

ساڵى رابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابەشکردنى زیاتر لە ٢٥٨ ملیۆن لیتر نەوتی سپی، بەسەر زیاتر لە يه‌ك ملیۆن و ٢٩٢ هەزار خێزاندا راگەیاند. سەربارى دابەشکردنى ئەو بڕە نەوتە سپییەى لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەوانەکرا کە بڕەکەى 50 ملیۆن لیتر بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی