
مانۆڕى هاوبەشى سەربازى تورکیا و عێراق لە سنورى سلۆپى لەئەیلولى ساڵى 2017 دواى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان
سبەى
پێدەچێت ئەنقەرە بڕیاریدابێت سەرباز و بنکە سەربازییەکانی لە خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان لانیکەم بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکە بهێڵێتەوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەیەکى عێراقى، لەکاتێکدا هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئاو گەیشتنە رێککەوتن، بەبێ یەکلایکردنەوەى پرسی بوونى سەربازى ئەو وڵاتە.
یەکشەممەی رابردوو عێراق و تورکیا "رێککەوتنێکی مێژووییان" بۆ ڕێکخستنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند، ئەوەش دواى دوو هەفتە لە بڕیارى تورکیا بۆ درێژکردنەوەى وادەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى لە باشور و رۆژئاواى کوردستان.
عێراق ساڵانێکى زۆرە بوونى سەربازى تورکیا لەسەر خاکەکەى رەتدەکاتەوە، بەڵام ئەنقەرە جەخت لە مانەوەیان دەکاتەوە.
تورکیا نزیکەی حەوت هەزار سەرباز و ئەفسەرى لەناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان جێگیرکردووە، بەبێ رەزامەندى بەغداد، لەکاتێکدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لەسەر داوای حکومەتی عێراق بڕیارە ساڵی داهاتوو بکشێنەوە. ئەمەش یەکێکە لەو پرسانەی کە لە ڕێککەوتنە نوێیەکەدا کە یەکشەممەی رابردوو لەگەڵ تورکیا واژۆ کرا، ئاماژەی پێنەکراوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
ئەم هێزانە لە هەندێک ناوچەدا تا 100 کیلۆمەتر خاکى هەرێمیان بەزاندووە و نزیکەی 136 بنکەیان دروستکردووە، کە ١٢١ بنکەیان لە دوای ساڵی 2018 دروستکراون، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی.
رێککەوتنە نوێیەکەى نێوان ئەنقەرە و بەغداد کە تایبەتە بەپرسی ئاو، کە هەندێک ئیمتیازات بە تورکیا دەبەخشێت، پێدەچێت بۆ ماوەی 10 ساڵ کاری پێبکرێت، ئەوەش بەپێی پێگەى سی ئێن ئێن.
لە دوای دەستبەکاربوونی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ وەک سەرۆک وەزیرانى عێراق، سودانى سێ جار سەردانی ئەنقەرەی کردووە، لە کاتێکدا بەغداد ساڵی رابردوو پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساند.
مانگی رابردوو 30 گەریلاى پەکەکە لە تورکیا کشانەوە بۆ عێراق. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەم کشانەوەیە بەهەماهەنگى بەغداد بووە یاخود نا.
هەندێک لایەنى ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بوونی تورکیا لە عێراق بە "داگیرکاری" دەزانن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەنقەرە مەشق بەچەند گروپێکى عێراقی دەکات، ئەوەش بە وتەی قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبى ئەهلی حەق.
ئەحمەد یاسری، سەرۆکی سەنتەری عەرەبی – ئوسترالی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان پێیوایە بەهۆى ئەوەى تورکیا هاوپەیمانی ئەمەریکایە، دیدگای حکومەتی سودانی بەو ئاڕاستەیەیە رۆڵی ئێران بە ڕۆڵی تورکیا بگۆڕێتەوە، لە چوارچێوەیەکی سنوورداری ئابووری و بازرگانی و رەنگە ئەمنیشدا، هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، بەڵام بە رێژەیەکى بچووکتر.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا ئەم کرانەوە عێراقییە بۆ فراوانکردنی هەژوونى دەقۆزێتەوە، بەو پێیەی ڕێگەی پێدەدات "جێگرەوەیەکى سنوردارى ئێران بێت و بوارێکی زیاتری پێدەدات بۆ چالاکیی ئەمنی و بازرگانی".
بەوتەى یاسرى، دەستوەردانى ئەمنى تورکیا لە عێراق بۆ ئەنقەرە گرەنتى پاراستنى هەژموونیەتى لە سوریا، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى خواستى ئیسرائیل بۆ دابینکردنى هێڵێک لە باشورى سوریاوە بەرەو خۆرئاواى عێراق، بەهەڕەشەیەکى راستەوخۆ بۆ ئەنقەرە دادەنرێت، بۆیە عێراق دەبێتە پێگەیەکى ستراتیژى بۆ ئاسایشى نەتەوەیی تورکیا.
تورکیا لە هەرێم

تورکیا لەماوەى شەش ساڵدا بە خێرایی ئامادەیی سەربازی خۆی لەخاکى هەرێمى کوردستان فراوانترکردووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى دروستکردووە، بەشێوەیەک تا کۆتایی ساڵى رابردوو لانیکەم 136 بنکەى سەربازی هەمیشەیی دروستکردووە.
تورکیا لەڕێگەی تۆڕی بەرفراوانی بنکە سەربازییەکانییەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستى بەسەر زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی هەرێمى کوردستان و عێراقدا گرتووە و ناوچەیەکى قەدەغەکراوى بە نزیکەیی لەتەواوى سنورەکانى لەگەڵ هەرێم و عێراق دروستکردووە کە لە هەندێک ناوچە دەگاتە قوڵایی 40 کیلۆمەتر.
وێنەکانى مانگى دەستکرد دەریدەخەن، سوپای تورکیا لانیکەم 660 کیلۆمەتر ڕێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە. ئەم ڕێگایانە بووەتە هۆی بڕینی دارستانەکان و کاریگەرى هەمیشەیی لەسەر زەوی چیاکانى هەرێم بەجێهێشتووە.
هەرچەندە دروستکردنى بەشێک لەو بنکانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، بەڵام 89%یان لە دوای ساڵی 2018 ەوە دروستکراون، ئەو ساڵەی کە تورکیا دەستیکرد بە فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە هەرێمى کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو.
سوپای تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم بنکەی خۆی لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان دامەزراند و لەو کاتەوە کار بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی دەکات.
یەکێک لەو بنکانە بنکەی سەرەکی سوپاى تورکیایە لە سنورى ئامێدى، کە دیواری کۆنکرێتی پتەوى هەیە کە تواناى بەرگەگرتنى تەقینەوەى هەیە، لەگەڵ بوونى تاوەرەکانی چاودێری و پەیوەندییەکان، شوێنی جوڵەی زرێپۆش.
