
کۆمپانیای سۆمۆ بارکردنى نەوتى بەرهەمهێنراوى کۆمپانیای لوک ئۆیلى لە کێڵگەی قوڕنە هەڵوەشاندووەتەوە
سبەى
عێراق بارکردنى سێ بارى نەوتى خاوى بەمەبەستى هەناردەکردن بۆ دەرەوە هەڵوەشاندەوە، کە لەلایەن کۆمپانیاى لۆک ئۆیلى روسییەوە بەرهەمهێنرابوو، ئەوەش بەهۆى سزاکانى ئەمەریکا و بەریتانیاوە بۆ سەر ئەو کۆمپانیایانە.
ئاژانسى رۆیتەرز رۆژی سێشەممە لەزارى دوو سەرچاوەی بازاڕى نەوتەوە گواستییەوە، عێراق بارکردنی سێ باری نەوتی خاوی لە کۆمپانیای لوک ئۆیلى روسی لەم مانگەدا هەڵوەشاندووەتەوە، بەهۆى سزاکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانى روسیا.
بەوتەى سەرچاوەکان، کۆمپانیای سۆمۆی عێراق، بارکردنى نەوتى بەرهەمهێنراوى کۆمپانیای لۆک ئۆیل لە کێڵگەی قوڕنە هەڵوەشاندووەتەوە و ئەو بارانە بۆ بارکردن لە رۆژانی ١١ و ١٨ و ٢٦ی ئەم مانگەدا ئامادەکرابوون.
لوکۆیل و سۆمۆ تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
سزادانى کۆمپانیا روسییەکان
رۆژى 23ى تشرینى یەکەمى 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ڕۆسنەفت و لوک ئۆیل، سێیەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی روسیادا سەپاند، بەهۆی “پابەندنەبوونی جددی مۆسکۆ بە پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا”. یەکێتی ئەوروپاش بە هەمان شێوە ڕێوشوێنی هاوشێوەی بەسەر کۆمپانیا روسیا و "بەلەمی سێبەر"ی ئەو وڵاتەدا دا سەپاند کە نەوتی روسیا بە رێگەی نایاسایی دەگوازێتەوە.
سزاکان رێگری لە دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکان دەکات بە سیستەمی دارایی و تەکنەلۆژیاى رۆژئاوای دەکەن و لە کاتێکدا چاوەڕوان ناکرێت ببێتە هۆى پچڕانى گەورە بۆ پڕۆژەکانی روسیا لە عێراق، بەڵام ئەگەر بە توندی جێبەجێ بکرێن، دەتوانن مەترسییەکانی کارکردن زیاد بکەن و پشتگیری لە نرخی نەوتی جیهانی بکەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى ماڵپەری ناشناڵ کۆنتێکست.
بڕیارەکانى ئەمەریکا و ئەوروپا بازاڕەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد و بووە هۆی بەرزبوونەوەی لەسەدا 6ی نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا بەجۆرێک کە هەر بەرمیلێک ٦٠ دۆلاری تێپەڕاند و دواتر بەرزبووەوە بۆ سەرووی ٦١ دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی برێنت بۆ ٦٤ دۆلار بەرزبووەوە و نزیک بوو لە ٦٦ دۆلار.
کۆمپانیای ڕۆسنەفت و لوک ئۆیل بڕبڕەی پشتی پیشەسازی نەوتی روسیا و بەشێکی بەرچاوی دابینکردنی نەوتی جیهانین. پێکەوە نزیکەی لەسەدا ٦ی بەرهەمی جیهانی و زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ناوخۆیی روسیا پێکدەهێنن.
لە ڕووی هەناردەکردنەوە، ئەو دوو کۆمپانیایە زیاتر لە نیوەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی روسیا لە ڕۆژێکدا دەگوازنەوە، ئەمەش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتانی گەورەی وەک چین و هیندستان زۆر گرنگە.
بەرهەمی ڕۆژانەی کۆمپانیای ڕۆسنەفت نزیکەی ٣.٧ ملیۆن بەرمیلە کە زیاترە لە زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیای لوک ئۆیل زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەگوازێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی سزاکانی سەر ئەو دوو کۆمپانیایە نەک تەنها زیانی گەورە بەسەر ئابوری روسیا بگەیەنێت بەڵکو گۆڕانکاری سەرەکیش لەسەر بۆرسەی جیهانی دادەنێت.
کاریگەری سزاکان لەسەر کەرتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان
سێ کۆمپانیا گەورەکەی روسیا رۆڵی بەرچاویان هەیە لە کەرتى نەوتی عێراقدا و کۆمپانیای ڕۆسنەفت ڕۆژانە نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ بەرمیل لە کێڵگەی بجێل-هەریر لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی لە سەدا ٦٠ی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانە بۆ تورکیا و هاوکات گازپرۆم ڕۆژانە نزیکەی هەشت هەزار و ٥٠٠ بەرمیل لە کێڵگەی گەرمیان (سەرقەڵا) دەردەهێنێت.
لە باشووری عێراق، کۆمپانیای لوک ئۆیل خاوەنی 75% پشکەکانی کێڵگەی نەوتی قورنە-2ی ڕۆژئاوایە، کە تا ساڵی 2024 ڕۆژانە 480 هەزار بەرمیلى بەرهەمهدەهێنا و بەنیازە بەرهەمهێنانی بۆ 800 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات.
گەمارۆکان ڕۆسنەفت و لۆک ئۆیل لە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا و بەکارهێنانی دۆلار لە هەر مامەڵەیەکدا کە پەیوەندییان بە دۆلارەوە هەبێت دەپچڕێنێت.
هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و بیمە و خزمەتگوزارییەکانی ئەمەریکا سنووردار دەکەن و ئەو پڕۆژانە ئاڵۆز دەکەن کە پشت بە وەبەرهێنان یان دابینکەرانی ڕۆژئاوا دەبەستن.
واشنتۆن هیچ لێخۆشبوونێکی دیاریکراوی بۆ عێراق ڕانەگەیاندووە، بەڵام ماوەی یەک مانگی دیاریکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو مامەڵانەی کە پێش سەپاندنی سزاکان ئەنجامدراون.
بەغداد دوو بژاردەی پراکتیکی لەبەردەمدایە بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو سزایانە بۆ سەر کەرتی نەوت، یەکەم، دەتوانێت ئەو نەوتەی لەلایەن کۆمپانیا سزادراوەکان بەرهەم دەهێندرێت لە ناوخۆدا و لە پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبادا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی نەچێتە ناو سووڕی هەناردەکردنەوە.
دووەم: دەتوانێت بەشێک لە پابەندییە داراییەکانی لە ڕێگەی نەوتەوە بداتەوە هاوشێوەی ئەو ڕێگەیەی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە گرتوویەتەبەر و توانیویەتی هەرێمەکە لە فشارە داراییەکان رزگار بکات.
لە ئەگەری ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو جێبەجێکردنی سزاکان بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر نەکرێتەوە پێشبینی ناکرێت ئەو پڕۆژانەی کە کۆمپانیا ڕووسیەکان لە عێراقدا بەشداری تێدا دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیان بکەوێت.
کاریگەری کۆتایی ئەم سزایانە چ لەسەر عێراق و چ لەسەر نرخی نەوت پەیوەستە بەوەی کە چەندە بە توندی جێبەجێ دەکرێن، جێبەجێکردنی توندی ئەم سزایانە مەترسی کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە لە عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر دەکات و کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخەکان دادەنێت، بەپێچەوانەوە ئەو سزایانە پێناچێت کاریگەری دروستبکات.
