قۆناغى نوێی پڕۆسەى ئاشتى؛ ئایا دەمیرتاش ئازاد دەکرێت؟

#دەمیرتاش
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەریەکە لە مەهەپەى هاوپەیمانى ئەردۆغان و جەهەپەى پارتى سەرەکى ئۆپۆزسیۆن، پشتیوانى ئازادکردنى دەمیرتاش دەکەن
  • دەمیرتاش: چەکەکان بۆ هەمیشە نامێنن، چونکە ئۆجەلان پێداگرە و ئەردۆغانیش پشتیوانى پڕۆسەکەیە
Primary Asset

دەمیرتاش لە 4 ی کانوونی دووەمی 2016 ەوە لە زینداندایە

سبەى

لەگەڵ بەرەوپێشچوونى زیاترى پڕۆسەى ئاشتى نێوان تورکیا و پەکەکە، پرسی ئازادکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاتووەتە بەرباس، کە لەساڵى 2016 ەوە لە زینداندایە.

هەریەکە لە مەهەپەى هاوپەیمانى ئەردۆغان و جەهەپەى پارتى سەرەکى ئۆپۆزسیۆن، پشتیوانى ئازادکردنى دەمیرتاش دەکەن، ئەوەش لە پێشهاتێکى نوێدا کە هیواکانى بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش زیاترکردووە.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکى مەهەپە رۆژى سێ شەممە بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، ئازادکردنی دەمیرتاش بۆ تورکیا ده‌بێته‌ مایه‌ی خێر.

هەروەها ئوزگور ئۆزەل سەرۆکى جەهەپە داواى لێبوردنى کرد بۆ پشتیوانیکردنى بەشێک لە پەرلەمانتارانى جەهەپە لەساڵى 2016 لە داواى هەڵگرتنى پارێزبەندى پەرلەمانتارانى هەدەپە کە دواتر دەستگیرکردنى دەمیرتاشى بەدوادا هات.

دەمیرتاش لەپەیامێکدا لە زیندانەوە سوپاسى باخچەلى کرد و وتى باخچەلى بوێرانە قەدەغەکراوەکانی نەهێشت. هەروەها دەمیرتاش داواى لێبوردنى سەرۆکى جەهەپەى بە نموونەی ئازایەتی ناوبرد.

 دەمیرتاش دەڵێت چەکەکان بۆ هەمیشە نامێنن، چونکە عەبدوڵا ئۆجەلان پێداگرە و ئەردۆغانیش پشتیوانى پڕۆسەکەیە.

دەمیرتاش لە 4 ی کانوونی دووەمی 2016 ەوە لە زینداندایە، لە 16ی ئایاری 2024 لە چوارچێوەی دۆسیەى كۆبانێدا، سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەند جارێک داوای ئازادکردنی کردووە، بەڵام تورکیا داواکارییەکانى رەتکردووەتەوە.

مانگی رابردوو وەزارەتی دادی توركیا رۆژێك پێش كۆتایی هاتنی وادەی تانە لێدان، تانەی لە دووەمین بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەستبەسەركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشدا، ئەوەش بووە هۆی دواكەوتنی ئازادكردنی دەمیرتاش.

وەزارەتی دادی توركیا لە تانەكەیدا داوای پێداچونەوەی بە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كردبوو، سەبارەت بە دەمیرتاش لە فەرمانگەی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لەوەڵامدا فەرمانگەی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تانەكەی وەزارەتی دادی توركیای رەتكردەوە.

بەم رەتكردنەوەیە، ئێستا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی پێشێلكردن و ئازادكردنی دەمیرتاش بووەتە بڕیاری كۆتایی، دوای بڕیارەكەی دادگاش سەڵاحەدین دەمیرتاش، پەیامێكی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕى "ئێكس" بڵاوكردەوەو نوسیویەتی:"گومانی تێدا نییە كە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گرنگە و لە رووی یاساییەوە پابەندكەرە، بەڵام نەك تەنها بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ 86 ملیۆن هاونیشتمانی، یاسای برایەتی نێوانمان لە هەموو شتێك بەنرخترە".

دەمیرتاش هەروەها نوسیویەتی "پێویستە پرسەكان بە روانگەی سەركەوتن یان شكست چارەسەرنەكرێن، یان رق و كینە یان تۆڵەسەندنەوە، بەڵكو لە روانگەی دانایی هاوبەش بۆ داهاتووی هاوبەشمان چارەسەر بكرێن".

سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لە كۆبونەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تانەكەی حكومەت رەتكرایەوە، بۆیە بڕیارەكە سەبارەت بە دەمیرتاش كۆتاییە، دەبێت هاوڕێكانمان بەبێ دواكەوتن ئازاد بكرێن".

لە هەشتـی تەممووزی 2025، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (DMME)، دووبارە دەستگیركردنی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی "دۆسێیەی كۆبانی"دا لە رووی یاساییەوە بە كەموكورتی زانیبوو و بڕیاری دابوو كە دەستگیركردنەكە پاڵنەری سیاسییە و لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو نەبووە، ئەو كات دادگا بڕیاریدا توركیا بڕی 55 هەزار و 745 یۆرۆ وەك قەرەبوو بداتەوە بە دەمیرتاش.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2016، توركیا پارێزبەندی چەندین پەرلەمانتاری هەدەپەی هەڵگرت و هاوسەرۆكانی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و چەندین سیاسەتمەداری كورد دەستگیر كران و خرانە زیندانەوە، دۆسێیەی لێكۆڵینەوە لە دژی 108 سیاسەتمەدار كرایەوە لەسەر 29 تۆمەت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی