ئەندازیارى جەنگى عێراق؛ چۆن دیک چینى بوشى رازیکرد رژێمى سەدام بڕوخێنێت؟

#دیک چێنی#جۆرج بووش#عێراق#
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • دیک چینی جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
  • دیک چینی بە ئەندازیاری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەناسرێت
  • دیک چینی: بڕیاری هێرش بۆ سەر عێراق بڕیارێکی دروست بوو
  • دیک چینی: جیهانی بەبێ سەدام جیهانێکی ئارامترە
Primary Asset

 

سبەى

قسە بەناوبانگەکەى دیک چینى جێگری یەکەمی جۆرج بوش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا تا ئێستاش لە گوێی جیهاندا دەزرینگێتەوە کاتێک لەدەستپێکى جەنگى عێراقدا دڵنیایی خۆى نیشاندا کە "وەک رزگارکەر پێشوازیان لێدەکرێت"، بەڵام دواتر بارودۆخەکە بەشێوەیەکى جیاواز کەوتەوە و زەنگی شەڕێک ناوخۆیی لە وڵاتەکە لێدرا کە ئەو وڵاتەى روبەڕووى ململانێی خوێناوى کردەوە.

دیک چینى ئەندازیارى جەنگى عێراق کە رۆژى سێشەممە بۆ دوایینجار چاوەکانى لێکنا، دواى خۆى چەندین نهێنى لەبارەى جەنگى عێراق و روخانى رژێمى سەدام حسێن لە ساڵى 2003 بە جێهێشت، جەنگێک کە دواتر پرسیارى ئەوەى هێنایە ئاراوە کە ئایا بەبێ پێداگری دیک چینی شەڕی عێراق روویدەدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت مێژوونووسان بیدەنەوە، بەڵام بە چاوپێخشاندنێک بە لێدوانەکانی لەو سەردەمەدا دەردەکەوێت وەڵامی پرسیارەکە نەخێرێکی بەهێزە.

چینى هەم ئەندازیارێکى سەرەکی شەڕەکە بوو و هەم کاریگەرترین داکۆکیکار بوو لە دڵنیاکردنەوەى سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جۆرج بوش لەبارەی بیرۆکەی هێرشێکی پێشوەختە بۆ ڕووخاندنی سەدام حسێن و چوونە عێراق وەک هاوپەیمانێکی  پێشووی ئەمریکا کە دەوڵەمەند بوو بە نەوت.

بڕیارى هێرش بۆ سەر عێراق سەرەتا لە  کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژەی تیمی ئاسایشی نیشتمانی بوش لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئەمریکا لە کەمپی دەیڤید لە ویلایەتی میریلاند دەستی پێکرد، تەنها چەند ڕۆژێک دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی قاعیدە لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی بە ئەفغانستان درا و هاوکات بڕیاری هێرش بۆ سەر کەمپەکانی مەشقی سەربازی قاعیدە لەو وڵاتە دەرچوو کە لەلایەن تاڵیبانەوە پارێزگاریان لێدەکرا.

بەپێی کتێبی "پلانی هێرش: گێڕانەوەی بڕیاری داگیرکردنی عێراق" لە نووسینی ڕۆژنامەنووس بۆب وودوارد، کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاوکرایەوە، پرسی عێراقیش لە کۆبوونەوەکەدا هاتووەتە بەرباس و لە کۆتاییدا بوش بڕیاریدا عێراق داگیر نەکرێت و تەنها بڕیار درا پلانێک بۆ باری نائاسایی لەبارەی عێراقەوە ئامادە بکرێت، بەڵام بە گوێرەی کتێبەکە سەرنجی دیک چینى تەنانەت پێش هێرشەکانی 11ی سێپتامبەریش لەسەرعێراق بووە.

لە ماوەی ١٨ مانگی داهاتوودا، چینى لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کۆشکی سپی کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر بوو، پێشەنگایەتی بیرۆکەی هێرش بۆ سەر عێراقی لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە کرد، بەشێکی پلانەکەشی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بازنەیەک لە هاوبیرەکانی لە ناو تیمی راوێژکارانی نزیک لە بوش دەستەبەر کرد لەنێویاندا پۆڵ وۆڵفۆڤیتز و وەزیری بەرگری دۆناڵد ڕامسفێڵد، کە سەرۆکی چینی بووە کاتێک لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی لە ئیدارەی جیراڵد فۆرد کاری کردووە.

زۆرجار چینی لە پەیوەندییە گشتییەکاندا، پێویستی گۆڕینی ڕژێمی لە عێراق دەبەستەوە بە شەڕێکی جیهانی فراوانتر لە دژی تیرۆر، جەنگێک کە وەک سەرکردەیەکی دیفاکتۆی کابینەی جەنگی بوش سەرپەرشتی دەکرد.

ئەو لە وتارێکی لە مانگی ئابی ٢٠٠٢دا لە کۆنفرانسی سەربازە دێرینەکانی جەنگە دەرەکییەکانی ئەمریکا رایگەیاند "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر ئەمریکا هەیە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین بەرەدا لەبەرانبەر دوژمنەکانی وڵاتەکە بوەستنەوە".

دیک چینى لە کۆبوونەوەکەدا بە سەربازە دێرینەکانی راگەیاند گومانی تێدا نییە کە سەدام حوسێن نەک تەنها ئێستا چەکی کۆمەڵکوژی هەیە، بەڵکوو ئەگەری هەیە کە ئەو چەکانە رادەستی گروپە تێرۆریستییەکان بکات.

ئەو بەردەوام جەختی لەسەر بیرۆکەی جەنگێک کردەوە  کە دواتر سەلمێندرا نەک تەنها هەڵەیە و بەڵکوو لە ڕووی سیاسییەوە مەبەستی تایبەتى هەبووە.

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، چینى و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا بەردەوام سەردانی بارەگای سی ئای ئەیان دەکرد بۆ ئەوەی تاوتوێی پەیوەندییەکانی سەدام حسێن لەگەڵ قاعیدە بکەن، دواتر چەند ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن  پۆست و کۆمیسیۆنێکی سەربازی کۆشکی سپییان راگەیاند کە لە ژێر فشارێکی زۆر دابوون بۆ ئەوەی  هەڵسەنگاندنەکانیان لەگەڵ ئامانجە سیاسەییەکانی ئیدارەی بوش بگونجێنن.

چینى سەرکردایەتی ئەو هەوڵانەی کرد بۆ فشارخستنە سەر کۆنگرێس بۆ ئەوەی مۆڵەتی هێرش بۆ سەر عێراق بدرێت، بە گوێرەی کتێبەکە سەرەتا کۆڵن پاول وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گومانی بوو لەبارەی هێرشکردنە سەر عێراق، بەڵام دواتر بە گوێی سەرۆکی ئەمەریکای کرد و جلی سەربازی لەبەر کرد.

دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشى بۆ سەر عێراق دەستپێکرد و عێراقی کۆنترۆڵ کرد نەک تەنها  بە هیچ شێوەیەک "وەک ڕزگارکەر پێشوازییان لێ نەکرا"، بەڵکو لە کۆتاییدا وەک "سوپای داگیرکەر" کە پێویستی بە بەرپەرچدانەوە بوو پێناسەکرا و ئەوەش بوو بە هۆی شەڕێکی ناوخۆیی کە تا ئێستاش لێکەوتەکانى ماون.

هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژیان لە عێراق نەدۆزییەوە و دوای دوو ساڵ کۆمیسیۆنی چەکە کۆمەڵکوژەکان کە لەلایەن بوشەوە دامەزرا، لە ڕاپۆرتێکدا دانی بەوەدا نا کە بیرۆکەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ لە عێراق یەکێک بووە لە شکستە هەواڵگرییە گشتییەکان لە مێژووی ئەمەریکادا کە هاوکات زیانێکی بەرچاوی بە ئەەمریکا گەیاندووە.

بە گوێرەی راپرسی ئاکسیۆس تا ساڵی 2023 تەنها نزیکەی 36%ی ئەمەریکییەکان پێیانوابوو لەشکرکێشییەکەی سەرعێراق ڕەوا بووە، لەکاتێکدا 61% بڕیارەکەیان بە هەڵە وەسف کرد.

چینى لەسەر هەڵوێستی بۆ جەنگی عێراق هەرگیز داوای لێبوردنی نەکرد و بەپێچەوانەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز لە ساڵی ٢٠١٥دا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هێرش بۆ سەر عێراق کارێکی دروست بووە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت "ئامانج لە هێرش بۆ سەر عێراق رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن بووە و ئەوەش ئەنجام درا و ئێستا جیهانی بەبێ سەدام جیهانێکی ئارامترە".

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی