
سبەی
خەوی کەسێکی تەندروست ئەوەیە لە نیوە شەودا بە بێ هیچ هۆکارێک خەبەری نەبێتەوە و چەند کاتژمێرێک لە خەوی قووڵدا بێت، بەڵام ئەگەر خەو پچڕپچڕ بێت و لە نێوان کاتژمێرەکانی دوو بۆ سێی بەرەبەیان بەئاگا بێیتەوە، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، چونکە رەنگە نیشانەیەک بێت بۆ کێشەیەکی تەندروستی.
سەنتەری Alderbury Careی بەریتانی، هۆشداری دەدات لەوەی کە زۆر بەئاگابوونەوە لە نیوە شەودا، رەنگە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەکی تەندروستی، کە پێویستی بە راوێژی پزیشکی هەیە.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی، لە زاری پزیشکانی ئەو سەنتەرەوە بڵاویکردووەتەوە، کە بەخەبەربوونەوە لە شەودا بۆ زۆر کەس باو و ئاساییە، بەڵام چەند بارەبوونەوەی هۆکارێکە بۆ نیگەرانی. ئێریک بێرگ کە پزیشکێکی بەناوبانگە و ڤیدیۆی تەندروستی لە یوتیوب بڵاودەکاتەوە، ئامۆژگاریمان دەکات سەردانی پزیشک بکەین، ئەگەر بە بێ هیچ هۆکارێک بەردەوام لە نیوەی شەودا خەبەرمان بووەوە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە هۆرمۆنە سەرەکییەکانی لەش دەبێت لە نزمترین ئاستی خۆیاندا بن لەکاتی خەوتندا و هەر تێکچونێکیش لە کاری هۆرمۆنەکان، ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی تەندروستی.
ئەو پزیشکە روونی کردووەتەوە، پێویستە ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە نیوەی شەودا نزم بێت، بۆئەوەی مێشک بگوازرێتەوە بۆ خەوی قووڵ. وتووشیەتی لە دەوروبەری کاتژمێر دووی بەرەبەیان، زۆر کەس لە خەوی قووڵدان. ئەگەر ئاستی کۆرتیزۆڵ لەو کاتەدا بەرزبێتەوە، ئەوا کەسەکە بەئاگادێتەوە.
وتەبێژی سەنتەری Alderbury Careدەڵێت، زۆربەی کەسە بەساڵاچووەکان کە لە دەوروبەری کاتژمێر دووی بەیانی لە خەو هەڵدەستن، هەست بە ماندوێتی و ناجێگیری دەکەن بۆ رۆژی دواتر. کەمخەوی و لە خەو هەڵسان لە نیوەی شەودا لای کەسانی بەساڵاچوو باوە، بەڵام ئێمە بە ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکەین. ئێمە بەدوای چارەسەر و نیشانە سادەکاندا دەگەڕێین، کە ئاماژەن بۆ پێویستی راوێژکردن بە پزیشکی گشتی.
بەڵام خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانی (NHS )باس لەوە دەکات، کەمخەوی هەمیشە کێشەیەکی تەندروستی نییە و دەتوانرێت بە گۆڕینی خووەکانی خەوتن باشتر بکرێت. هاوکات دەڵێت کە راوێژ بە پزیشک بکەیت، ئەگەر گۆڕانکاری لە خووی خەوتنتدا جیاوازی دروست نەکات، یان ئەگەر چەند مانگێکە کێشەی خەوتنت هەیە.
بۆ تەندروستییەکی باشتر بە تێکڕا کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەوتن هەیە لە هەر شەوێکدا. بەڵام ئەگەر بە درێژایی رۆژ بەردەوام هەست بە ماندوێتی بکەیت، ئەوا پێدەچێت بەشی پێویست نەخەوتبیت. کەمخەوی دەتوانێت بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری تەندروستی و ژینگەییەوە بێت، لەوانە ژاوەژاو، ماددە هۆشبەرەکان، جێگەی نوستنێکی نائارام، ژوورێک کە زۆر گەرم یان زۆر سارد بێت، خواردنەوەی کحول، کافاین، یان نیکۆتین، فشار، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و زۆر شتی دیکە.
