
ترەمپ لە پرۆگرامی خولەکەکانی 60ـی کەناڵی سی بی ئێس
سبەی
جارێكی دیكە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا باسی لە دادگاییكردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كرد و رایگەیاند، دەیەوێت دەستوەردان بكات و رزگاری بكات.
سەرۆكی ئەمەریكا بەشداری لە پرۆگرامی "خولەكەكانی 60"ـی كەناڵی "سی بی ئێس" كرد و قسەی لەسەر ژمارەیەك پرس كرد، هەروەها باسی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی كرد.
سەبارەت بە دەستوەردان لە دادگاییكردنەكەی نەتەنیاهۆ، ترەمپ وتی: "پێموانییە بەباشی مامەڵە لەگەڵ [نەتەنیاهۆ] بكەن، ئێمە دەستوەردان دەكەین بۆ ئەوەی تۆزێك یارمەتی بدەین و رزگاری بكەین، چونكە پێموایە بە دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت."
چەندینجارە سەرۆكی ئەمەریكا بە ئاشكرا باس لە دەستوەردانی دەكات لە سیستمی دادوەری ئیسرائیل و كاروبارە ناوخۆییەكانی وڵاتەكە. مانگی پێشوو لە وتارەكەیدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێسێت)، دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئایساك هیرزۆگم سەرۆكی ئیسرائیل كرد لێبوردنی بۆ دەربكات.
ترەمپ لە كنێسێت وتی: "جگەرە و شەمپانیا، كێ گرنگی بە ئەو شتانە دەدات؟" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێك لەو تۆمەتانەی ئاراستەی نەتەنیاهۆ كراوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ ماوەیەكی زۆرە بە سێ تۆمەتی جیاواز دەچێتە بەردەم دادگای ئیسرائیل، تۆمەتەكان خۆیان دەبیننەوە لە وەرگرتنی بەرتیل، ساختەكاری و پێشێلكردنی متمانە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە وەرگرتنی بەهای زیاتر لە 200 هەزار دۆلار دیاری لەلایەن بازرگانێكەوە وەك جگەرە و شامپانیا، هەروەها بەخشینی سودی رێكخراوەیی بە بەهای ملیۆنان دۆلار بە كۆمپانیای بێزاك لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەی وێنە و هەواڵ بۆ جوانكردنی سیمای سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیران، تۆمەتبارە.
داگاییكردنی نەتەنیاهۆ بۆ ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە. نەیارانی تۆمەتباری دەكەن بەوەی تاكتیكی دواخست و دریژەدان بە دادگاییكردن بەكاردەهێنێت.
ترەمپ لە سەر نەتەنیاهۆ زیاتری وت و رایگەیاند، "ئارەزووم لە ژمارەیەك شت نییە [نەتەنیاهۆ] ئەنجامی دەدات، بینیت چیم كردووە دەربارەی ئەوە".
سەبارەت بە رێككەوتنی ئاشتی كەرتی غەززە ناسراو بە رێككەوتنە 20 خاڵییەكەی ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا وتی: "ئاگربەستی كەرتی غەززە جێگیرە."
