
سبەی
ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" كە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدایە، جموجۆڵی شانەكانی داعشی تێدا زیاتر بووە، بەتایبەت لەماوەی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، چەندین تەقینەوە و هێرشی چەكدارییان ئەنجامداوە و بەوەش مەترسییان بۆسەر خەڵكی سڤیل و هێزە ئەمنیی و سەربازییەكانی ناوچەكە دروستكردووە.
لە دووی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، چەكدارانی داعش ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هەسەدەیان لەسەر رێگەی گوندێكی دەوروبەری باكوری رەقە كردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو شەڕڤانی هەسەدە برینداربوون.
دوای سێ رۆژ، شانەكانی داعش ئۆتۆمبێلێكی دیكەی هەسەدەیان لە رێگەی بۆمبێكی چێنراوەوە لە نزیك گوندێك لە رۆژئاوای دێرەزور كردە ئامانج، بەهۆیەوە شەڕڤانێكی هەسەدە برینداربوو.
لە حەوتی تشرینی یەكەمیش واتە دوای دوو رۆژ، شانەیەكی چەكدارانی داعش بە چەكی ئۆتۆماتیكی ئۆتۆمبێلێكی نوسینگەی كاروباری رێكخراوەكانی ئەنجومەنی سڤیلی دێرەزوریان كردەئامانج، بەهۆیەوە شۆفێرەكەی برینداربوو.
لە شارۆچكەی كەسرەی رۆژئاوای دێرەزور، لە 11 ی تشرینی یەكەم، چەكدارانی داعش لە رێگەی ماتۆڕسكیلەوە هێرشیان كردەسەر خاڵێكی ئەمنیی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، بەهۆیەوە پێكدادان روویدا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەر هێزە ئەمنیەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەوێت.
بەڵام دوو رۆژ دواتر و لە 13 ی تشرینی یەكەم، دوو چەكداری داعش لە رێگەی ماتۆڕ سكیلەوە بە چەكی ئۆتۆماتیك هێرشیان كردەسەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی هەسەدە لە باكوری رەقە و بەهۆیەوە شەڕڤانێك گیانی لەدەستدا و شەڕڤانێكی دیكەش برینداربوو.
لە 15 ی هەمان مانگ، چەكدارێكی داعش بە ماتۆڕسكیلەوە هێرشی كردەسەر خاڵێكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان لە ناوچەی كەرامەی رۆژهەڵاتی رەقە، بەهۆیەوە دوو كەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا، دوای پێكدادانیش لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ چەكدارەكەی داعش كوژرا.
لە 17 ی تشرینی یەكەم، شانەیەكی داعش لە ناوچەی بەحرەی رۆژهەڵاتی دێرەزور هێرشیان كردەسەر چەند شوێنێكی بازرگانی، دوای ئەوەی خاوەنی دووكان و شوێنەكان ئامادەنەبوون "زەكات" یان پێبدەن تەقەیان لە دووكانەكان كرد، شەوەكەشی شانەكانی داعش بینای دامەزراوەیەكی مەدەنییان لەو شارۆچكەیە سوتاند.
لە 19 ی هەمان مانگ، چەند چەكدارێكی داعش لە رێگەی ماتۆڕ سكیلەوە و بە چەكی ئۆتۆماتیك، لە شارۆچكەی محیمیدە لە رۆژئاوای دێرەزور ئۆتۆمبێلێكی هێزی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی سەر بە ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردەئامانج، بەهۆیەوە چوار ئەندامی هێزەكە برینداربوون.
رۆژێك دواتر و لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە لە رۆژئاوای دێرەزور، چەكدارانی داعش ئۆتۆمبێلێكی هەسەدەیان كردەئامانج، بەهۆیەوە دوو شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و چواری دیكەش برینداربوون.
بەكۆی گشتیی داعش لەو مانگەدا 18 هێرشی جیاوازی لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە پێنج شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 10 ی دیكەش برینداربوون، چوار ئەندامی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانیش برینداربوون، لەگەڵ گیانلەدەستدانی دوو كەسی سڤیل و برینداربوونی دوانی دیكە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە داعش هێرشەكانی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادكردووە و گەیشتۆتە 202 هێرش، كە زۆربەی لە دەوروبەری دێرەزورە.
