
بەپێی نەریتى سیاسی پۆستى سەرۆک کۆمار پشکى کوردە لەبەرانبەر پۆستى سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکى پەرلەمان بۆ سوننە
سبەى
کێبڕکێى پێشوەختە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى داهاتووى عێراق گەرم دەبێت، پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمان و چاوەڕواندەکرێت ئەو کێبڕکێیە دواى هەڵبژاردن و لەکاتى دابەشکردنى پۆستەکان گەرمتر بێت.
کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە کە بەپێی نەریتى سیاسی پشکى پێکهاتەى کوردە، تێکەڵ بە بانگەشەى هەڵبژاردن بووە لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەغداد و سەرەڕاى ناکۆکى ناوخۆیی کورد لەو بارەیەوە، بەشێک لە سوننەکانیش داواى وەرگرتنى دەکەن.
ئەو کێبڕکێ پێشوەختەیە پرسیارى لەبارەى ئەگەری گۆڕینی هاوسەنگی نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە هێناوەتە ئاراوە، لە ژێر ڕۆشنایی هەوڵە سیاسییە ڕوونەکان بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی هەژموون لەناو دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەتدا.
حەلبوسى بەرەو کۆشک
لێدوانەکانى ئەم دواییەى محەمەد حەلبوسى سەرکردەى سوننە و سەرۆکى حزبى تەقەدوم، خواستى بەشێک لەسوننەکانى بۆ وەرگرتنى پۆستەکە ئاشکراکرد، کاتێک لە بانگەشەى هەڵبژاردندا لە ئەنبار رایگەیاند، خۆى بۆ هەر پۆستێک کاندید دەکات کە سوننەکان بڕیارى لێبدەن، لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار.
ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی ئاماژەیە بە گۆڕانکاریی لە نەریتى سیاسی پێکهاتوو لە ساڵی 2005ەوە، کە پۆستى سەرۆک کۆمارى بۆ کورد و سەرۆک وەزیرانى بۆ شیعە و سەرۆکى پەرلەمانى بۆ سووننە دیاریکردووە.
عەبدولکەریم عەبتان سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەى حەلبوسى رایگەیاند، ئەگەر هەیە لەگەڵ کورد رێکبکەون بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێ بدرێت، لەبەرانبەر پێدانى پۆستى سەرۆک کۆمار بە پێکهاتەی سوننە.
وتیشى بەپێی دەستوور، سەرۆک کۆمار دەتوانێت ڕەشنووسی یاسا پێشکەش بکات، هەروەها بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیران، دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و سەرۆک وەزیران لەکاربخات.
لاى خۆیەوە، عەزام حەمدانى سەرکرە لە هاوپەیمانى عەزمى سوننەکان بە پێگەى "جیبال"ى راگەیاند، ئەنجامى هەڵبژاردن بڕیار لەسەر چارەنووسى پێکهاتە و لایەن و هاوپەیمانێتییەکان دەدات و لە سیاسەتدا پرسی جێگیر بوونى نییە، دەستور دابەشکاریی پۆستە باڵاکانى دیارینەکردووە، بەڵکو بەپێی نەریتى سیاسی دابەشکراوە و ئەوەش دەکرێت بگۆڕێت.
لەگەڵ ئەوەشدا حەمدانى پێیوایە، پۆستى سەرۆک کۆمار خزمەتى پێکهاتەى سوننە ناکات، بەو پێیەى سیستەمە پەرلەمانییە و پۆستى سەرۆکى پەرلەمان مافى سوننەیە.
پۆستى سەرۆک کۆمار دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەڕێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
بەوتەى کازم یاوەر شرۆڤەکاری سیاسی و بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی دەستووری بۆ لێکۆڵینەوە، لێدوانی بەرپرسان سەبارەت بە پۆستە باڵاکانی دەوڵەت، دەکەونە چوارچێوەی ستراتیژێکی پێشوەختە کە ئامانج لێی ناردنی ئاماژەى پێشوەختەیە سەبارەت بە شێوەی هاوپەیمانییەکانی داهاتوو و دابەشکردنی پۆستە باڵاکان دوای هەڵبژاردنەکان.
یاوەر بە "عێراق ئۆبزێرڤەر"ی راگەیاندووە، سەرۆکایەتی کۆمار ناچێتە ژێر پەسەندکردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی گونجاو بۆ حەلبوسی ئەگەر بەربەستە یاساییەکان بەردەوام بن لە گەڕانەوەى بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، لەدواى دورخستنەوەى لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە.
ناکۆکى پارتى و یەکێتى
پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
ئەو پۆستە ماوەى دوو خولە بووەتە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
چاوەڕواندەکرێت بۆ خولى داهاتووش ئەو پۆستە ببێتەوە جێگەى ناکۆکى لەنێوان هەردوو حزبدا، بەو پێیەى پۆستەکە بەستراوەتەوە بە دابەشکردنى پۆستە باڵاکان لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ رێکنەکەوتنى هەردوو حزب لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێم و دواخستنى بۆ دواى هەڵبژاردن.
عەلى حسێن ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى پێشتر لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانى لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى هەوڵى حزبەکەى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆ کۆمار دوو بنەماى دیاریکرد بۆ دابەشکردنى پۆستەکان کە بریتین لە ئەنجام و ئیستحقاقى سیاسی و رێککەوتنى سیاسی.
جەختیشیکردەوە، هێشتا زووە باس لە کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە بکرێت، بەبێ ئەوەى رەتیبکاتەوە یان پشتڕاستى بکاتەوە کە بۆ خولى داهاتووى سەرۆک کۆمار کاندیدیان دەبێت یاخود نا، هاوشێوەى دوو خولى رابردوو.
عەلى حسێن باسى لەوەشکرد، ئەوەى بەلاى ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە ئەو پۆستە وەک پشکى کورد بمێنێتەوە.
پۆستى سەرۆک کۆمار بەشێک بوو لە ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لەدانوستانەکانى پێشووى پێکهێنانى حکومەتدا کە تا ئێستاش نەگەیشتوون بە ئەنجام.
پێشتر سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى بۆ “سبەى” جەختیکردبووەوە، کە ئەگەر پڕۆسەکە بگاتە ئەوکاتە مافەکانى یەکێتى لەبەغداد روونن، لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار و ئەو پۆستە پشکى حزبەکەیانە.
